Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە دەڤەری شیلادزێ بەهۆی پەکەکەوە ئافرەتێک بریندار بوو

شیلادزێ-KDP.info-  بەهۆی بوونی بارەگاکانی پەکەکە لە دەڤەری شیلادزێ نزیکەی ١٠٠ گوند ئاوەدانەکراونەتەوە و ئەمڕۆیش خەڵکانێکی ئەو دەڤەرە کە چوونەتە سنووری گوندەکانیان بۆ بەدەستهێنانی گیای بەهارە لەو کاتدا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی بنکەوبارەگاکانی پەکەکەیان دەکرد و ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی ئافرەتێک بریندارببێ.

پەکەکە کە خۆی لەنێو ژمارەیەک گوندی دەڤەری ئامێدی حەشارداوە و لە ناوچە سنوورییەکاندا بنکەو بارەگای کردوونەتەوە و بەوهۆیەوە نزیکەی ١٠٠ گوند لەو دەڤەرەدا ئاوەداننەکراونەتەوە ئەمە وایکردووە کە فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆردومانی ئەو ناوچە سنوورییانەی هەرێمی کوردستان بکات و بەهۆی بوونی پەکەکەیشەوە هاووڵاتیان ببنە قوربانی.
بەگوێرەی زانیاری رۆژنامەنووس (رۆژهەڵات لوقمان) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، " دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ھەینی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بنکەو بارەگاکانی پەکەکەی لە سنووری نێروە و رێکانی سەر بە ناحیەی شیلادزێی سەربە قەزای ئامێدی بوردۆمان کرد، لەکاتی بوردۆمانەکەدا ژمارەیەک ھاوڵاتی ناوچەکە بۆ بەدەستهێنانی گیای بەھارە روویان لە ئاقاری گوندەکانی ناوچەکە کردبوو بەو ھۆیەوە ژمارەیەک ھاوڵاتی برینداربوون و یەکێک لە بریندارەکان کە ئافرەتبووە بەھۆی سەختی برینەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەیەکی دھۆک کراوە.
(رۆژھات لوقمان) دەشڵێ، "بەھۆی خۆ سەپاندنی حزبی پەکەکەوە تا ئێستا نزیکەی ١٠٠ گوندی سنووری نێروە و رێکان و دۆسکی ئاوەدان نەبوونەتەوە و پەکەکە بنکە و بارەگای خۆی تێدا جێگیر کردووە، ئەوەش بۆتە ھۆکار گوندنشینان نەتوانن بگەڕێنەوە سەر گوندەکانیان.

(کەیفوڵڵا حوسێن رێکانی)، برای ئەو ئافرەتەی برینداربووە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، " خۆشکەکەم لەگەڵ ھاوسەرەکەی ئەمڕۆ چوونەتە گوندی وەرەخەل بۆ بەدەستھێنانی گیای بەھارە، بەڵام لە ناکاو فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بارەگایەکی پەکەکەی لە نێو گوندە کردووتە ئامانج و بەھۆی نزیکی (خوشکم) و ھاوسەرەکەی لە نزیک بارەگای پەکەکە خۆشکم برینداربووە، دواتر گەیاندراوەتە نەخۆشخانە و خەڵکێکی زۆر لە ناوچەکە بوون، بەڵام زانیاریمان نییە چارەنووسیان چیە و خۆیان رزگارکردووە یانیش بونەتە قوربانی.

قائید میرۆ