Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

راگەیاندنی پارتی جەژنی رۆژنامەگەری کوردی پیرۆز دەکات

هەولێر-KDP.info-  دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان به‌بۆنه‌ی (119)ـه‌مین ساڵیاد و جەژنی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیی پەیامێکی پیرۆزبایی راگەیاند کە ئەمە دەقەکەیەتی:

 (22/4/1898) رێككه‌وتی ده‌رچوونی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردیه‌ به‌ناوی (كوردستان) كه‌ له‌سه‌ر ده‌ستی مقداد مه‌دحه‌ت به‌درخان یه‌كه‌م ژماره‌ی له‌ (قاهیره‌)ده‌رچوو، ئه‌و ده‌سپێكه‌ مێژووییه‌، كه‌ دواتر بوو به‌ به‌ردی بناغه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیی، وه‌رچه‌رخانێكی گرنگی دیرۆكیش بوو له‌ مێژوویی هاوچه‌رخی گه‌لی كورددا، به‌و بۆنه‌یه‌وه‌ گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ سه‌رجه‌م رۆژنامه‌نووسانی كوردستان له‌ ناوه‌وه‌وده‌ره‌وه‌ی وڵات ده‌كه‌ین، ئومێده‌وارین هه‌رده‌م له‌ پێشوه‌چوون و سه‌ركه‌وتن دابن له‌خزمه‌تگه‌یاندن به‌ بواری رۆژنامه‌وانیی و كولتووریی و رۆشنبیریی دا.

   له‌(119)هه‌مین ساڵوه‌گه‌ڕیی جه‌ژنی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا هه‌ست به‌ شانازی و گه‌وره‌یی هزروقه‌ڵه‌می بیرمه‌ندورۆشنفكرانی كورد ده‌كه‌ین، ئه‌وانه‌ی قۆناغ به‌ قۆناغ بنه‌مایه‌كی راسته‌قینه‌و پڕبه‌خششیان له‌ بواری رۆژنامه‌وانی و كوولتووری داڕشت و په‌ره‌یان پێداو دركیان به‌رۆڵ و گرنگی بواری رۆژنامه‌وانی كرد له‌ شۆڕش وسه‌رهه‌ڵدان و بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی و رۆشنبیریی و كولتووری پێكه‌وه‌ژیان دا، هه‌روه‌ها هه‌قیقه‌تی شوناسی نه‌ته‌وه‌یی و كێشه‌ی كوردوئامانجه‌كانیان به‌ ده‌وروبه‌روجیهان گه‌یاند.

  رۆژنامه‌ی(كوردستان) وه‌ك یه‌كه‌مین رۆژنامه‌ی كوردیی، له‌رووی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی بیری نه‌ته‌وه‌یی و سیاسیدا رۆڵێكی پێشه‌نگی هه‌بوو، به‌و پێیه‌ی كه‌سانی پێشه‌نگی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی، رۆشنبیرومیدیاكار بوون، هه‌روه‌ها رۆژنامه‌كه‌ گرنگی ده‌دا به‌ بواری رۆشنبیریی و ئه‌ده‌بی و زمان و مێژوو، هه‌میسان مایه‌ی شانازی نه‌ته‌وه‌ییه‌مانه‌، كه‌ به‌سه‌ر لاپه‌ره‌كانیدا سه‌رده‌مێكی تازه‌ی له‌ كرانه‌وه‌وگه‌شانه‌وه‌ خسته‌سه‌ر پشت،  گوزارشی له‌ كێشه‌ی گه‌لێكی به‌شمه‌ینه‌ت ده‌كرد.

ئه‌و هه‌وڵه‌ مه‌زنه‌ بناغه‌یه‌كی مێژوویی بۆ ته‌لاری رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیی داناو وه‌ك پردێكی رۆشنبیریی وابوو له‌ نێوان كوردستان و وڵاتانی دیكه‌، رۆژنامه‌ی كوردستان هه‌ر له‌سه‌ره‌تای ده‌رچوونیه‌وه‌ گرنگی دابوو به‌ كێشه‌ چاره‌نووسازه‌كان و رۆژنامه‌وانیش بوو به‌و مینبه‌ره‌ جیاودیاره‌ی رۆشنبیرانی كورد بۆ ده‌رخستنی خواست وویست وده‌رده‌سه‌ری رۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌یان، هه‌روه‌ها هێزێكی تازه‌یشی به‌خشیه‌ ژیانی رۆشنبیریی كوردیمان، بۆیه‌ش پاشان بووه‌ هۆكارێكی بنه‌ڕه‌تی گه‌شه‌كردن ونوێبوونه‌وه‌وسیستماتیزه‌كردنی بواری پیشه‌یی و ئه‌ده‌بی و فه‌رهه‌نگی.

  رۆژنامه‌وانانی به‌ڕێز....
  كاروانی رۆژنامه‌وانی كوردیمان رێگایه‌كی سه‌خت و دژواری بڕیوه‌ له‌پێناو به‌دیهێنانی ئامانجه‌ فه‌رهه‌نگیی و رۆژنامه‌وانیه‌كانیدا، بێسره‌وتن رووبه‌ڕووی جۆره‌ها كۆسپ و به‌ربه‌ست بووه‌ته‌وه‌وكۆڵی نه‌داوه‌و هه‌ر به‌رده‌وام بووه‌ تا به‌ ئه‌مڕۆی گه‌یاندووه‌، بۆیه‌ مایه‌ی شانازیمانه‌ كه‌ ئه‌و ره‌وته‌ رۆشنبیرییه‌ خاوه‌نی ده‌سكه‌وتێكی زۆره‌و به‌ قوربانیدانێكی مه‌زنیشه‌وه‌ به‌رده‌وام بووه‌،  هاوزه‌مان ره‌وتی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی شانبه‌شانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازیمان زه‌وینه‌یه‌كی له‌باری ره‌خساند بۆ هۆشیاریی نه‌ته‌وه‌یی و په‌ره‌گرتنی بیری ئازادیخوازیی و نیشتیمانپه‌روه‌ری، له‌ قۆناغه‌ جیاجیاكانی خه‌بات دا هه‌رده‌م سه‌نگه‌ری رۆژنامه‌گه‌ریی چه‌كی به‌رگری و هۆشیاریی و جۆشدانی گیانی به‌رخودان و مقاوه‌مه‌ت بووه‌، بڵندگۆیه‌كی راسته‌قینه‌و بوێری شۆڕش وراپه‌ڕینه‌كان بووه‌.

  ئه‌مڕۆش له‌سایه‌ی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ده‌سكه‌وته‌كانی گه‌له‌كه‌مان و ئازادی و دیموكراسی و فره‌ره‌نگی له‌هه‌موو بواره‌كاندا، جارێكی دیكه‌و به‌ سیستماتیزه‌كردنی له‌رووی یاسایی و ده‌ستووریه‌وه‌، رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیی به‌ گوڕوتینێكی زۆروبه‌ربڵاوانه‌تر له‌ هه‌ر سه‌رده‌م و قۆناغێكدا له‌ مه‌یدانه‌و رۆڵی شیاووئه‌رێنی خۆی ده‌گێڕێت، كه‌ زه‌وینه‌وده‌رفه‌تی ئازادی بیروڕاوراده‌ربڕین و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی فه‌راهه‌م كراوه‌و به‌ ده‌یان و سه‌دان ده‌زگاوكه‌ناڵ و بڵاوكراوه‌ی هه‌مه‌ جۆروهه‌مه‌ره‌نگ هه‌ن له‌سه‌ر گۆڕه‌پانه‌كه‌ كاری خۆیان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، ئه‌مه‌ش واده‌خوازێ میدیاكارورۆژنامه‌نووسان په‌یامی راسته‌قینه‌ی خۆیان هه‌میشه‌ له‌به‌رچاو و بیر بێ، پره‌نسیپه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی رۆژنامه‌گه‌ریی، كه‌ ئازادی و ئه‌خلاقیات و به‌رپرسیاریه‌تیه‌،  رۆژنامه‌وانان به‌رپرسیارانه‌ به‌پێی بنه‌ماو رێساكانی ره‌فتاری پیشه‌وه‌ریی و ئیتیكی رۆژنامه‌وانیی ئه‌داورۆڵی زێده‌ كاریگه‌ری خۆیان بگێڕن له‌ پته‌وكردنی هاوبه‌ندیی كۆمه‌ڵگه‌ له‌رووی په‌روه‌رده‌یی و ده‌روونیی و سیاسی، هه‌روه‌ها له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی بیروباوه‌ڕ و ره‌وتی توندڕۆیی و توندوتیژی و تیرۆر به‌ گشتی و بۆ پیاده‌كردنی ئیتیكی كاری رۆژنامه‌وانی و داكۆكیكردن له‌ كێشه‌ ره‌واكان و دیارده‌ ئه‌رێنیەكان و  ره‌چاوكردنی راستییه‌كان و مسداقیه‌تی كاروچالاكیه‌كانیان.

  ئه‌مڕۆ رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیی سه‌باره‌ت به‌ ساڵانی پێشتر پێشكه‌وتنی زیاتروچاكتری به‌خۆوه‌ بینیوه‌وكاریگه‌ری باشتری هه‌یه‌ به‌سه‌ر سه‌رجه‌م بواره‌كاندا ئه‌مه‌ش بۆ بارودۆخی سه‌قامگیریی سیاسی هه‌رێم و ئه‌و فه‌زا كراوه‌یه‌ی كاریی میدیایی و پێشكه‌وتنی ته‌كنه‌لۆجیاوئامرازه‌كانی دیكه‌ی گه‌یاندن و په‌یوه‌ندیكردن له‌وانه‌ش تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌، بۆیه‌ش پێویسته‌ به‌و ئاراسته‌یه‌ به‌رده‌وام بێت و به‌رفراوانتر كاریگه‌ری زیاتر و ئه‌رێنیانە‌تر بێت و زیاتر له‌ خزمه‌ت پاراستنی ده‌ستكه‌وته‌كان و خواستوویست و به‌رژه‌وه‌ندی گشتی خه‌ڵك و ئامانجه‌كانی گه‌ل و ئازادی و سه‌ربه‌خۆیی نه‌ته‌وه‌كه‌مان دا بێت.

له‌ یادی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا وێرای پاڵپشتی ته‌واومان بۆ پره‌نسیپ و ئه‌خلاقیاتی راست و دروستی رۆژنامه‌وانیی و ئازادی راده‌ربڕین و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی، جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتی رۆژنامه‌وانیی زیاترو چاكتر ئه‌ركی راسته‌قینه‌ی خۆی ئه‌نجام بدات و ده‌روازه‌ی ئازادی راده‌ڕین واڵاتر بكرێ بۆ ره‌خساندنی بواری كاری رۆژنامه‌وانیی به‌پێی بنه‌ماوپره‌نسیپه‌ گونجاووهه‌ره‌پێشكه‌وتووه‌كانی دنیا و  كه‌مكردنه‌وه‌ی گیروگرفت وكه‌موكوڕیه‌كان و نه‌هێشتنی دیاره‌ دزێو و پێشێلكاریه‌كان.

  له‌ جه‌ژنی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیدا، سڵاوورێز بۆ خانه‌واده‌ی به‌درخانییه‌كان و گشت رۆژنامەنووسان و ئه‌و پێشه‌نگه‌ ماندوونه‌ناس و خه‌باتكاره‌ نادیارانه‌ی رێگه‌ی ره‌سه‌نی كوولتوریی و رۆژنامه‌وانیی و وشه‌ی شیرینی كوردی...

به‌رزو شكۆدار بێت رۆژنامه‌ی(كوردستان)و ساڵیادو جه‌ژنی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردیی...

ده‌زگای رۆشنبیریی و راگه‌یاندنی
پارتی دیموكراتی كوردستان
21/4/2017