Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بەشارەتی: لە کۆی ٥٢ پۆست لە هەڵەبجە تەنیا سێ پۆست بۆ پارتی دانراوە

هەڵەبجە-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە گوتی، تا ئێستا بڕیاری کۆتاییان بۆ بەشداریکردن لە حکوومەتی خۆجێی ھەڵەبجەدا نەداوە، لەبەر ئەوەی ھێشتا پۆستەکانیان یەکلایی نەکراونەتەوە و لە کۆی ٥٢ پۆست تەنیا ٣ پۆست بۆ ئەوان دیاری کراوە و ئەوانیش دەیانەوێت بەپێی ڕێژەی کورسیی ئەنجومەنی پارێزگا مافیان لە پۆستەکاندا پێ بدرێت.

(فازڵ بەشارەتی) بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پرسی حکوومەتی خۆجێی ھەڵەبجە و پێکھێنانی ئەنجومەنی پارێزگا ھێشتا یەکلایی نەکراوەتەوە، لەبەر ئەوەی لایەنەکانی دیکە بە ڕژدی نایەنە پێشەوە، چونکە دەیانەوێت دەستی ئێمە ڕاکێشنە ناو بەرپرسیارەتیەکەوە و مافیشمان بە تەواوی جێبەجێ نەکرێت.''

(فازڵ بەشارەتی) گوتی: ''تا ئێستا لایەنەکان بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیان نەداوە، کە ئێمە تا چ ڕادەیەک بەشداری دەکەین، بۆیە ئێمەش تا دڵنیا نەبین لەوەی کە حکوومەتەکە بە هاوبەشی دەبێت و شەریک دەبین، ناچینە نێو ئەو بەرپرسیارەتییەوە.''

بەرپرسی لقی ١٢ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ھەڵەبجە ڕوونی کردەوە: ''ھێشتا پۆستەکان یەکلایی نەکراونەتەوە، لەبەر ئەوەی لە کۆی ٥٢ پۆست تەنیا سێ پۆستی بەڕێوبەری گشتی بە ئێمە دراون، ئەوانیش ھێشتا دیاری نەکراون، کە چ بەرێوبەرێک بە ئێمە دەدرێت، بۆیە ئێمە پێمان وایە ناکرێ بە سێ پۆستەوە بڵێین بەشدارین لە حکوومەتی خۆجێیی ھەڵەبجەدا و بەو شێوەیە بەشداریی ناکەین.''

(بەشارەتی) دەڵێت: ''ھەرکاتێک یەکلایی کرایەوە لە کۆی ئەو ٥٢ پۆستە چەندی بە ئێمە دەدرێت، ئەوکات ئێمەش بڕیاری بەشداریکردن و بەشدارینەکردن دەدەین، چونکە ئێمە داوامان کردووە بە پێی ڕێژەی کورسیی ئەنجومەنی پارێزگا، چەند پۆست بە ئێمە دەبڕێت، پێی ڕازیین، بەڵام ئەمە تا ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە.''

(بەشارەتی) ڕاشیگەیاند: ''ئەوەی دەکرێت کاتکوشتنە و بەو شێوەیە زۆر زەحمەتە لە ماوەیەکی نزیکدا بتوانرێت ئەو کێشەیە یەکلا بکرێتەوە.''

بڵند ئیبراھیم