ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد–سووریا (ئەنەکەسە) دەڵێت، تا ئێستا زیاتر لە ٤٠ بارەگای ئێمە لەسەر دەستی پەکەکە هێرشیانکراوەتەسەر، دەست دەکەین بە کردنەوەی بارەگاکانمان و لە خەباتی خۆماندا بەردەوامین، پەکەکەیش ترسی لێ نیشتووە و لە چەکی دیپلۆماسیی ئێمە زۆر دەترسێت.
ئەنەکەسە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا کە بەردەوام لە لایەن چەکدارانی پەکەکەوە گەمارۆ دەدرێن و زیندانی دەکرێن، تا ئێستا لە لایەن پەکەکەوە دەست بەسەر زیاتر لە ٤٠ بارەگایاندا گیراوە و هێرشیان کراوەتەسەر، بەڵام وەک سەرۆکی ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا دەڵێت، ئەوان بارەگاکانیان دەکەنەوە. (ئیبراهیم برۆ)، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی گوت: ''تا ئێستا زیاتر لە ٤٠ بارەگای ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سوریا (ئەنەکەسە) لە لایەن دامەزراوە سەربازییەکانی پەکەکە و پەیەدەوە هێرشیان کراوەتە سەر و، بڕیارە بارەگاکانی خۆمان بکەینەوە، چونکە ئێمە شەرعیەتی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانمان هەیە، پەیەدە بە هەموو شێوەیەک کار دەکات بۆ ئەوەی هێزە کوردستانییەکانی ڕۆژئاوای کوردستان سەرکوت بکات، بەڵام پێی ناکرێت، چونکە ڕۆژانێک، ئێمە لە بەردەم ڕژێمی بەعسی سووریادا چۆکمان دا نەدا، بۆ ئەوانیشی دانادەین. ئێستاش دەیانەوێت بە هەڕەشە و چاوسوورکردنەوە هەموو حزبەکان بخەنە ژێر فشاری خۆیانەوە. هەڵمەتی دەستگیرکردنی چالاکان و ڕێگری لە خۆپێشاندان و هێرشکردنە سەر بارەگای حزبەکان، بەتایبەت ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا و، ڕاوەدوونانی سەرکردەکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان و مەنفاکردنیان، کە پێشتر حکوومەتی سووریا ئەم سیاسەتەی لەدژی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئەنجام دەدا و ئێستاش ئەمان پێی پێدا دەنێنەوە. وێرای هەموو ئەمانە، ئێمە لە ماوەی ڕابردوودا ڕاپۆرتێکی زۆر دوورودرێژمان لەسەر پێشێلکارییەکانی پەیەدە لە ڕۆژئاوای کوردستاندا بڵاو کردەوە و بریارە ئەو ڕاپۆرتە بدرێتە سەرجەم حزب و سەرۆکایەتییەکانی هەرێمی کوردستان.''
چاودێرانی سیاسی دەڵێن، پەکەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان لە جۆرە چەکێکی دەستی ئەنەکەسە دەترسێت، کە دیپلۆماسی و دەنگی خەڵکە، بۆیە ئەوان هەمیشە چاویان لەسەر ئەنەکەسەیە، چونکە دەزانن ئەنەکەسە نوێنەرایەتیی زۆرینەی خەڵک دەکات.
سەبارەت بە چەکی دەستی ئەنەکەسە، (ئیبراهیم برۆ) ڕوونی کردەوە: ''زمانی سیاسهتی پهیهده توندوتیژییه. چەکی دەستی ئەنەکەسە زمانی دیپلۆماسی و دیالۆگە، بۆیە پەکەکە ترس دایگرتووە، چونکە ئەوان زمانی تۆقاندن و تۆتالیتاری دەزانن، گوشار دەخەنە سەر ئەو خەڵکانەی کە ئەندام و لایەنگرانی ئێمەن، جیا لەوەش هەر ڕۆژە و بە بیانوویەک هەڵدەکوتنە سەر بارەگانمان و پێیان وایە بوونی ئەو بارەگایانە لەسەر ئەوان مەترسییە، چونکە دیارە کێ لە ڕۆژئاوای کوردستان لەلایەن خەڵکەوە پشتیوانی لێ دەکرێت.''
(برۆ) دەڵێت: ''پهیهده زۆر ههوڵ دهدات بۆ ههڵگیرساندنی شهڕ و پێكدادان لهنێو كورداندا، ئەو هەڵمەتەی دوایی ئەنجامی دا، بۆ ئەوە بوو کە ئێمە کاردانەوەمان هەبێت و شەڕ لە نێوانانماندا هەڵگیرسێت، بەڵام ئەنەکەسە ڕێگای ئەوەی نەدا.''
سەبارەت بە هەوڵی ئەمەریکا بۆ سەقامگیرکردنی دۆخی سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، (برۆ) ئاشکرای کرد: ''کاتی خۆی لهگهڵ ههندێك له بهرپرسانی وهزارهتی دهرهوهی ئهمەریكا له واشینگتۆن كۆبووینەوە و له كۆبوونهوهكاندا بۆمان دهركهوت، سیاسهتی ئهمەریكا له سووریا ڕوون نییه. به وردهكارییهوه بۆمان باس كردن، كه ئەنەکەسە دهتوانێت چ ڕۆڵێك بگێڕێت و له ڕۆژئاوا هاوسهنگییهكان بگۆڕێت و، پێمان ڕاگەیاندن، کە هاوپهیمانەتیی پهیهده بۆ ئەوان ههڵهیه و، به بهڵگهوه پێشێلكارییهكانی پەیەدەمان خسته بهردهمیان و، بریارە ئەو ڕاپۆرتەی بڵاومان کردەوە بیدەنە ئیدارەی ئەمەریکا بۆ ئەوەی لە پێشێلکارییەکان ئاگادار بن، کە بەداخەوە ئێستا ئەمەریکا بەهۆی شەڕی داعشەوە مامەڵە لەگەڵ پەیەدە دەکات، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەو سیاسەتەی پەیەدە تاسەر نابێت.''
(برۆ) ئاماژەیشی دا: ''ئهگهر پێشمهرگهكانی ڕۆژ بچنەوە ڕۆژئاوا، هاوسهنگییهكانی ناوچهكه دهگۆڕن. چۆنییەتیی ئهمهمان بۆ بهرپرسانی ئەمەریکا باس كرد کە ئەمەریکا بە جیددی بایەخ بە پێشمەرگەی رۆژ بدات، بۆیە ڕەنگە لە داهاتوودا ئەو لەشکرەمان فراوان بکەین.''
کارزان سەباح هەورامی