Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وەزارەتی پێشمەرگە: ئەمەریکا دوو لیوای هێزی پێشمەرگە پڕچەک دەکات

 

هەولێر-KDP.info-  جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، تائێستا هیچ هاوکارییەکی راستەوخۆی ئەمەریکا بەهێزی پێشمەرگە نەدراوە بەڵام بڕیاری داوە دوو لیوای هێزی پێشمەرگەی  پڕچەک بکات.

(سالار محەممەد جەبار) لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، گوتی: "ئەمەریکا هیچ چەکێکی بە هێزی پێشمەرگە نەفرۆشتووە، ئەوەی تائێستا پێمان دراوە وەک هاوکاریی بووە، چونکە ئێمە هێشتا دەوڵەت نین تا بەو شێوەیە راستەوخۆیە مامەڵەمان لەگەڵدا بکرێت، بەڵام لەپارەوە دوو لیوای هێزی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریکاوە ئامادە کراون کە بە چەکی ئەمەریکایی و مەشق و راهێنانی ئەوان، کارەکانی ئەو دوو لوایە تەواو بوون، چەکی وەک زرێپۆش و جلوبەرگ و کۆمەلێک پێداویستیی سەربازی دراوەتە ئەو دوو لیوایە، ئەوانیش لیوای یەک و دووی پیادەن، بەرنامەشیان هەیە، دوو لیوای دیکەی هێزی پێشمەرگە ئامادە بکەن".

جێگری سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی گوت، لەسەر ئەو دوو لیوایە گفتوگۆ کراوە، بەڵام کاتی هەنگاوە پراکتییەکان دیاری نەکراوە.

کارزان سەباح هەورامی