Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بۆزانی: 2 هەزار و 963 كوردی ئێزدی لە چنگ داعش ڕزگار كراون

 

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری كوردانی ئێزدی، دوائاماری رزگاربووانی چنگی تیرۆریستانی داعش و ئەوانەی لە دەستیاندا ماون ئاشكرا دەكات و دەڵێت، ژمارەی ئەوانەی رزگار كراون، 2 هەزار و 963 كەسە و تاوەكو ئێستایش 3 هەزار و ٤٥٤ كەسی دیكەیان لە ژێر چنگدا ماون.

(خەیری بۆزانی)، بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری كوردانی ئێزدی لە وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند، "ژمارەی كوردانی ئێزدی لە عێراق 550 هەزار كەسە و لەوانە 360 هەزار كەسیان بە هۆی شەڕی داعشەوە ئاوارە بوونە و هەزار و 293 كەسیش شەهید بوون، جگە لەوە، بە هۆی ئەو شەڕەوە هەزار و 759 كەس باوكیان لە دەست داوە و 407 كەسیش دایكیان لە دەست داوە، هەروەها 359 كەسیش دایك و باوكیان لە دەست داوە و تاوەكو ئێستایش 220 منداڵ باوكیان لە دەست داعشدایە، كۆی گشتیی ئەوانەی بێباوك بوونە، ٢ هەزار و 745 كەسن".

 (بۆزانی) گوتیشی، ژمارەی ئەو گۆڕەبەكۆمەڵانەی لە شنگال دۆزراونەتەوە، 30 گۆڕن، جگە لە سەدان گۆڕی تاكەكەسی و، هاوكات 68 مەزار و شوێنی پیرۆزی كوردانی ئێزدی لە لایەن داعشەوە تەقێندراونەتەوە.

بەڕێوەبەری گشتیی كاروباری كوردانی ئێزدی لە وەزارتی ئەوقاف ڕوونیشی كردەوە، داعش 6 هەزار و 417 كوردی ئێزدی رفاندبوو، لەوانە 3 هەزار و 547 كەسیان لە رەگەزی مێ بوونە و 2 هەزار و 870 كەسی دیكەیش لەرەگەزی مێ بوون.

(خەیری بۆزانی)، دەشڵێت، ژمارەی ئەوانەی لە دەستی داعش رزگار كراون، 2 هەزار و 963 كەسە، لەوانە هەزار و ٧٠ـیان ئافرەتن و 331 كەسی دیكەیش پیاون، هەروەها 789 منداڵی ڕەگەزی مێن و 773 منداڵی دیكەیش لە رەگەزی نێرن، جگە لەوەیش تاوەكو ئێستا سێ هەزار و 454 كەسی دیكە لە دەست داعشدا ماون، كە هەزار و 688 كەسیان لە رەگەزی مێن و هەزار و 766 كەسی دیكەیش لە رەگەزی نێرن.

 

بڵند ئیبراهیم