هه‌ولێر-KDP.info- (كاكه‌مین نه‌جار) ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و (عه‌دنان موفتی) ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان، دووپاتی ده‌كه‌نه‌وه، كه دوای كۆبوونه‌وه‌ی شاندی هه‌رێم له‌گه‌ڵ به‌غدا، به‌رنامه بۆ چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی ریفراندۆم له كوردستان داده‌ندرێت.
شاندی هاوبه‌شی پارتی و یه‌كێتی له‌گه‌ڵ زۆربه‌ی حزب و لایه‌نه كوردستانییه‌كان له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆم كۆ بوونه‌ته‌وه و، ئێستایش بڕیار دراوه شاندێك سه‌ردانی به‌غدا بكات كه پێك دێن له نوێنه‌ری زۆربه‌ی حزبه‌كان بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر پرسی ریفراندۆم دیسان گفتوگۆ بكه‌نه‌وه.
(كاكه‌مین نه‌جار) ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌نووسیدا كه په‌یامنێری ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌وێ ئاماده بوو، گوتی، "هه‌ركات ئه‌و شانده گه‌ڕایه‌وه و له‌سه‌ر ریفراندۆم له‌گه‌ڵ به‌غدا گه‌یشتنه قه‌ناعه‌ت، ئه‌وكات ئاماده‌كاری بۆ به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌كه ده‌كرێت."
هاوكات (عه‌دنان موفتی) ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به پێویستی ده‌زانێ كه "نوێنه‌ری هه‌موو لایه‌نه سیاسییه‌كان له ناو كۆمیته‌ی ریفراندۆمدا بێت و دواتر نه‌خشه رێگایه‌ك دابندرێت بۆ چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونی ریفراندۆم".
هه‌ڵبه‌ت (كاكه‌مین نه‌جار) پێی وایه هه‌موو لایه‌نه‌كان نوێنه‌ریان له ناو ئه‌و كۆمیته‌یه‌دا ده‌بێت.
رۆژی 2ی ئه‌م مانگه، هه‌ر دوو مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی و یه‌كێتی به سه‌رپه‌رشتیی (مه‌سعوود بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كۆ بوونه‌وه و بڕیار درا، پرسی ریفراندۆم له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه كوردستانییه‌كان، حكوومه‌تی به‌غدا و كۆنسووڵ و نوێنه‌رانی بیانی له كوردستان، بخرێته به‌رباس.
شاندی هاوبه‌شی ئه‌و دوو حزبه له ماراسۆنێكی 10 رۆژی‌دا، له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه كۆ بووه‌وه.
گۆڕان، یه‌ك له‌و حزبانه بوو كه ئاماده نه‌بوو پێشوازی له شاندی هاوبه‌شی پارتی و یه‌كێتی بكات.
(عه‌دنان موفتی) كه ئه‌ندامی شاندی هاوبه‌شی پارتی و یه‌كێتی بوو، هیواخوازه گۆڕانیش بێته ناو كۆبوونه‌وه‌كانه‌وه.
ئه‌و ده‌ڵێ، "گۆڕان پشتگیریی له سه‌ربه‌خۆییی كوردستان ده‌كات و ئێستایش كه ئاماده‌ی كۆبوونه‌وه نه‌بووه، پێوه‌ندی به نه‌بوونی متمانه و كێشه‌كانی پێشووه‌وه هه‌یه و هیوادارین له كۆبوونه‌وه‌كانی داهاتوودا ناكۆكییه‌كان به‌لاوه بنرێن، چونكه ئه‌وه پرسێكی نه‌ته‌وه‌ییه".
به‌شێك له حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كان، پێیان وایه كه به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی ریفراندۆم، پێویستی به كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان هه‌یه، به‌ڵام (كاكه‌مین نه‌جار) ئه‌وه ره‌ت ده‌كاته‌وه و ده‌ڵێ، "مه‌رج نییه پێویستی به كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان هه‌بێت، به‌ڵام ده‌كرێ له‌سه‌ر ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ش رێككه‌وتن بكرێت".
كاوه جه‌م