Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی: پابەندبوونی كوردانی ئێزدی بە ناسنامەی کوردایەتی و ئایینیان، پیلانه‌كانیان پووچەڵ كردوونه‌ته‌وه‌

 

هه‌ولێر-KDP.info-  سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەژنی چارشەمبا سۆر لە كوردانی ئێزدی پیرۆز دەكات و ڕایده‌گه‌یێنێ، کوردانی ئێزدی بەشێكی ئازیز و دانەبڕاوی گەلی كوردستانن. خۆشی و نەهامەتییەكانی ئەوان خۆشی و نەهامەتیی گەلی كوردستانە. بە درێژایی مێژوو خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بەهۆی ناسنامەی ئایینی و نەتەوەییان تووشی كارەسات هاتوونە، بەڵام پابەندبوونیان بە ناسنامەی کوردایەتی و ئایینیان هەموو پیلان و ستەمێكی لە دژی ئەوان پووچەڵ كردووەتەوە.

ده‌قی په‌یامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان به‌ بۆنه‌ی جەژنی چارشەمبا سۆر

به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی سه‌ری ساڵی ئێزیدی، جه‌ژنی چارشه‌مبا سۆر، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم له‌ سه‌رجه‌م خوشك و برایانی كوردی ئێزدی له‌ كوردستان و جیهان ده‌كه‌م.
کوردانی ئێزدی بەشێكی ئازیز و دانەبڕاوی گەلی كوردستانن. خۆشی و نەهامەتییەكانی ئەوان خۆشی و نەهامەتیی گەلی كوردستانە. بە درێژایی مێژوو خوشك و برا ئێزیدییەكانمان بەهۆی ناسنامەی ئایینی و نەتەوەییان تووشی كارەسات هاتوونە، بەڵام پابەندبوونیان بە ناسنامەی کوردایەتی و ئایینیان هەموو پیلان و ستەمێكی لەدژی ئەوان پووچەڵ كردووەتەوە.
سوپاس بۆ خودا بە گیانفیدایی پێشمەرگە تیرۆریستانی داعش تێكشكێندران و داعش باجی تاوانەكانیدا و سەری كەوتە ژێر پێی ئێزیدییەكان و چیتر نابێ ڕێگە بدرێت هیچ كارەسات و نەهامەتییەكی تر دەرهەق خوشك و برا ئێزیدییەكانمان دووبارە ببێتەوە.
لە جەژنی سەری ساڵی ئێزدیدا  ئەوە دووپات دەكەینەوە كە گەلی كوردستان پاڵپشتی ئێزیدییەكانە و ڕێگەیش نادرێت هیچ لایەنێك خۆی بەسەریاندا بسەپێنێت و بڕیاردان لە چارەنووس و داهاتوویان تەنیا لە دەستی خودی ئێزیدییەكاندا دەبێت.
مه‌سعوود بارزانی
18ـی 4ـی 2017