Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سامانە سروشتییەکان: چاکسازیی کۆڕمۆر نابێتە هۆی کەمبوونەوەی گازی ماڵان

ھەولێر-KDP. info-  وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاووڵاتییان دڵنیا دەکاتەوە کە پڕۆسەی چاکسازی لە کۆمپانیای "دانە گاز"کە ماوەی مانگێک دەخایەنێت، بە هیچ شێوەیەک کاریگەریی لەسەر کەمبوونەوەی بڕی گازی ماڵان نابێت.

پێنجشەممە 1ی تشرینی یەکەمی 2026، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، لەکاتی ئێستا بڕی بەرهەمهێنانی گاز 640 ملیۆن پێ سێجایە، بەڵام لە کاتی بەڕێوەچوونی پڕۆسەی چاکسازییەکەدا بڕی بەرهەمهێنان کەم دەکاتەوە بۆ 520 ملیۆن پێ سێجا.

وەزارەت جەختیشی کردووەتەوە کە ئەم بڕە کەمە و هیچ گرفتێک بۆ دابینکردنی گازی ماڵان دروست ناکات و رەوتی دابەشکردنی ئاسایی دەبێت.

کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان ساڵانە یان بە شێوەیەکی خولیی پڕۆسەی چاکسازی و نۆژەنکردنەوە (Maintenance) بۆ وێستگە و کێڵگەکانیان ئەنجام دەدەن تاوەکو لە سەلامەتیی کەرەستەکان و بەردەوامیی ئاستی بەرهەمهێنان دڵنیا ببنەوە. وەزارەتی سامانە سروشتییەکانیش پێشوەختە پلان دادەنێت تاوەکو ئەو کەمبوونەوە کاتییەی بەرهەمهێنان کاریگەریی راستەوخۆ لەسەر پێداویستییەکانی ناوخۆ و تێپەڕاندنی کەرتە خزمەتگوزارییەکان دروست نەکات.