ههولێر -KDP.info- حەفتانە فەرەنساییەکەی (لیجۆرنالدودیمانک) لەو حەفتەیەدا لەگەڵ (سهرۆك بارزانی) دیمانیەیەکی ساز داوە و، تێیدا ڕایگهیاندووه، پێویسته لهڕووی چهندێتی و چۆنیهتییهوه پێشمهرگه زیاتر پڕچهكبكرێ چونكه پڕچهككردنی وهك پێویست نییه.
(لی جەیدیدی): شاڵاوەکانی (١٣ ی نۆڤەمبر) لە پاریس، ئایا سرووشتی ستراتیژیەتی ئێوە بۆ شەڕی داعش دەگۆڕێت؟
سهرۆك بارزانی: شاڵاوە تیرۆریستییەکانی (١٣ـی نۆڤەمبر)، وەکو زەنگێکی ئاگادارکردنەوە و سیگناڵێک بوون بۆ هەموو جیهان، سەرتاپای جیهانیان. ئامانج و گۆڵی تیرۆریستان چاوبڕینە لەسەر داڕووخاندنی ژیانی هاووڵاتیان و، ئازادی و بەهاکانی مرۆڤایەتی؛ بەبێ هیچ دوودڵیەک شەڕی تیرۆریزم پێویستی بە چاکسازییەکی جەزری لە ستراتیژییەتەکەماندا، هەیە چونکە مەترسییەکان بوونەتە مەترسییەکی بەردەوام و، جووڵاو لە هەموو شوێنێکیشدا هەن، هەڕەشە لەسەر هەموومانە، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە شەڕی تیرۆریستان لە چوارچیوەی ئەرکی هەمووانماندا دەمێنێتەوە؛ پێویستە وڵاتانی جیاواز هەماهەنگی و هاوکاری لەنێوان یەکدیدا بکەن و، شەڕی دیاریکراوی سەربازی و ئایدۆلۆژی و داراییان بکەن.
(لی جەیدیدی): چەند ڕۆژێک پێش شاڵاوەکانی سەر پاریس، پێشمەرگەکانی ئێوە شاری شنگالیان لە دەستی داعش ئازاد کردەوە، بۆچی هێندە گرینگە؟
سهرۆك بارزانی: بەپێی بایەخ و سەرنجی خەڵکی کوردستان و بەتایبەتیش ئێزدییەکان، ئازادکردنی شنگال سەرکەوتنێکی مێژوویی بوو. ئێستا لە پێشینەی کارەکانمان بۆ دروستکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی شارەکەیە بۆ گەڕانەوەی ئێزدییەکان بۆ سەر ماڵ و خاکی خۆیان. ئازادکردنەوەی شنگال گورزێكی گەورە بوو بە داعش کەوت لە ڕووی سەربازی و، ئابووری و، ستراتیژییەوە. ناوچەیەکی گەورە و بەرفراونمان گێڕایەوە و، سەدان ئەندامی گرووپەکەیشیان لێ کوژرا. ڕێگا سەرەکییەکەی نێوان ڕەققە و مووسڵیش ئێستا لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەدایە. بە ئاشکرایی ئەو سەرکەوتنەی پێشمەرگە بە گرینگی دەبینرێت و هەنگاوێكیشە بەرەو ئازادکردنەوەی مووسڵ.
(لی جەیدیدی): مەبەستت وەرگرتنەوەی شنگال دەکرێت نموونەیەک بێت بۆ بەزاندن و شكاندنی داعش مووسڵ و ڕەققە؟
سهرۆك بارزانی: هەموو ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە دژی داعش ستراتیژێکی نوێ دروست دەکەن. ئەو ڕێگایانەی کە بۆ ئازادکردنی شنگال بە کار هاتن، لە ڕووی تاکتیک و شەڕکردنەوە سودمەندن و کەڵکیان لێوەردەگیرێت.
(لی جەیدیدی): ئایا ئەوە ڕاستە کە ئەو شەڕانەی کە لە چەند حەفتە و مانگی دادێت (ڕوو دەدەن)، قورستتر دەبن لەبەر گۆڕانی کەش و هەوا؟
بارزانی: زستان و کەش و هەوای خراپ بەرگری و هەروەها پرۆگرێسیش (چوونەپێش) قورستتر دەکات. ئەوە دەزانرێت کە تیرۆریستان لە ئاوهەوای خراپدا کەڵک وەردەگرن و دەستپێشخەری دەکەن، بۆیە دەبێت زیاتر ئامادە بین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەیان.
(لی جەیدیدی): وڵاتانی ڕۆژئاوا بە فەرەنسایشەوە، بە درێژایی ئەو شەڕە و لەگەڵ ئێوەدا شەڕی داعش دەکەن؛ دەخوازیت زیاتر بەشدار بن؟ لە ڕووی پیداویستییەکان و، پشتگیریی هەوایی؟
سهرۆك بارزانی: سوپاس بۆ وڵاتانی ڕۆژئاوا، بە شێوەیەکی تایبەتیش فەرەنسا بۆ پشتگیرییەکانیان، چونکە پشتگیرییە ئاسمانییەکانیان ئەوەی دەرخستووە کە زۆر کاریگەر بوون بۆ سەرکەوتنەکانی پێشمەرگە. هەرچەندە بەپێی ئەو واقیعەی کە لە زەمین لەلای هێزەکان هەیە، چەکدارکردنی پێشمەرگە کەمە و بەپێی پیویستی نییە. بۆیە ئەگەر بمانەوێت ئەو شەڕە کۆتایی پێبێت، من وایدەبینم کە پێویستە باشتر پێشمەرگە چەکدار بکرێت لە ڕووی چەندێتی و چۆنیەتییەوە.
(لی جەیدیدی): هەندێک لە سەرکردەکان پێیان وایە، هێز و توانای کوردەکان باشترین ئەزموونیان هەیە لەسەر زەوی بۆ لێدانی داعش لە عێراق یان لە سووریا. هەندێکی تریان پێیانوایە کە ئێوە هەرگیز لە خاک و ناوچەکانی خۆتان زیاتر ناڕۆن. کێ ڕاستە؟ ئایا دەکرێت مەزەندەی ئەوە بکرێت کە سەربازەکانتان شەڕ بکەن بۆ وەرگرتنەوەی ڕەقە، لەدەرەوەی ناوچەکانتان لە سووریا؟
سهرۆك بارزانی: لەگەڵ ئەو هەموو قوربانیانەی کە داونی پێشمەرگە سەرکەوتنی بەرچاوی بەدەست هێناون، لە پێشینەی کارەکانی ئێمە لە ئێستادا شەڕی داعشە. تائێمە ئەو ڕێکخراوە لە عێراق و سووریادا نەکوژێنینەوە و، لەناو نەبەین هەڕەشەکانی تیرۆریزم لە ناوچەکە و لە جیهانیشدا هەر دەمێننەوە. لەژێر هاوپەیمانیەتێکی بەهێزی نێودەوڵەتیدا دەشێت (لەوانەیە) پێشمەرگە هەروەها بەشێک پێک بهێنێت لەو هێزانەی کە ڕەققە ڕزگار دەکەنەوە.
(لی جەیدیدی): (سەرۆک ئۆلاند) لەو حەفتەیەدا سەردانی واشنتۆن و مۆسکۆ دەکات، كه بۆ یەکخستنی هاوپەیمانیەتی لە دژی داعش کە تەنها دوژمنی هاوبەشە. ئەمە ئەوە دەگەیێنێت کە شەڕی دیپلۆماسی بۆ لابردنی بەشار ئەسەد، لە پێشینەی کارەکان نامێنێت. ئایا تۆش لەگەڵ ئەو بیرۆکەیە دا ڕازیت؟
سهرۆك بارزانی: وا دەردەکەوێ کە پێشینەی باڵای کارەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە داعش لەناو ببات، بەڵام هەروەها بۆ سووریایش پێویستە کار بکرێت هەمان گۆڵ و ئامانج هەبێت. دواڕۆژی سووریا پێویستی بە چارەی سیاسیی ڕاستەقینە هەیە کە هەموو پێکهاتە جیاوازە نیشتمانییەکان، نەتەوە و ئایینەکان لەخۆ بگرێت. ئێمە پێویستە لە نەوەی دواتری ئەو کۆمەڵگایانە دڵنیا بین، کوردەکان و، سوننەکان و، عەلەوییەکان و، مەسیحییەکان و، دروز و ئەوانی دیکەیش.
(لی جەیدیدی): ئاماژە بە لێڵی لە هەڵوێستی تورکیا لە دژی داعش کراوە، وا دبنێ ڕۆژێک لەگەڵ تورکیا بۆ پشتیوانی لە ئۆپۆزسیۆنی سووریا شەڕی داعش و (ئەسەد) بکرێت؟ دەربارەی ئەو پڕۆژە دیارە، چییە کە بۆ ناوچەی ئارام لە خاکی سووریادا و لەسەر سنووری تورکیا بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی سووریایی لە ئارادایە؟
سهرۆك بارزانی: لە سەرەتای شەڕی دژی داعش، ئێمە سهرنجمان هەبوو لەسەر ههڵوێست و پێگەی تورکیا، بەڵام دواتر ڕێگایان دا پێشمەرگە بە ناو خاکی تورکیادا تێبپەڕێت و لەگەڵ کۆبانێ یەک بگرێتەوە. ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئەو هاتنەناوەوەی ئێستای تورکیا بۆ ناو هاوپەیمانیەتییەکە بە جیددی وا دەکات شەڕ لە دژی داعش بکەن، ئەوەش بە بێئاکامونەتیجە نابێت. بە گشتی لەو باوەڕەداین کە هەموو وڵاتان پێویستە پێوەریان بۆ ئەو هەڕەشە ڕاستەقینانەی تیرۆریزم هەبێت. لەبارەی شەڕکردنی کورد و تورکیایش لە دژی (ئەسەد)، ئەوە دەبێتە هۆی دانان و، دروستکردنی ناوچەیەکی ئەمنی. لەو باوەڕەداین کە خەڵکی سووریا بە هەموو پێکهاتەکانیەوە پێویستە بۆ خۆیان لەسەر دوارۆژی خۆیان بڕیار بدەن.
و/ خالید گەیلانی