Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 18 SEP 2018 21:20 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
نوێبوونەوە . دادپەروەری . پێکەوەژیان
 

ڕاگەیێندراوێك لە سەرۆك بارزانییه‌وه‌ بۆ ڕای گشتی
| KDP.info


 

هولێر-KDP.info-  (سه‌رۆك بارزانی) له‌باره‌ی بڕیاری دادگای فیدراڵیی عێراقه‌وه‌ راگه‌یاندنێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ڕایده‌گه‌یێنێ، بڕیارەكەی دادگەی فیدڕاڵ بڕیارێكی تاكلایەنە و سیاسییە و دەقە دەستوورییەكانی لە بەرژەوەندیی هەندێ لایەنی سیاسیی تەفسیر كردووە و پێشێلكردنی 55 ماددەی دەستووری لە لایەن حكوومەتی عێراقی نادیدە گرتووە، كە هەر ئەو پێشێلكردنە بوو گەلی كوردستانی هان دا بە پشتبەستن بە دەستوور مافی ئاسایی و یاسایی خۆی بە شێوەیەكی ئاشتیانە و دیموكراتی مومارەسە بكات.

ده‌قی ڕاگەیێندراوێك لە سەرۆك بارزانی بۆ ڕای گشتی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

لە هەر دەوڵەتێكی فیدڕاڵیدا ئاساییە كە دادگەیەكی فیدڕاڵیی دەستووری هەبێت بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشە و ناكۆكییانەی دەكەوێتە نێوان هەرێمەكان و ناوەند. بەڵام كۆمەڵێك پرسیاری دەستووری و یاسایی جیددی هەیە لەبارەی دادگەی فیدڕاڵیی عێراق و بڕیار و هەڵوێست و بێدەنگبوونەكانی لەماوەی ڕابردوودا.

لەبارەی بڕیاری دادگەی فیدڕاڵیی عێراق لە بەنادەستووریزان​ینی ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان، پێویستە خەڵكی هەرێمی كوردستان و هاووڵاتیانی عێراق و گشت لایەك ئەوە بزانن، دادگەی فیدڕاڵیی عێراق بەر لە پەسەندكردنی دەستووری عێراق  دروست كراوە و دەبوایە لە دوای پەسەندكردنی دەستووری نوێی عێراق لە ساڵی 2005 ئەو دادگەیەی ئێستا هەڵبوەشێتەوە و دادگەیەك بەپێی پێوەرە دەستوورییەكان كە لە ماددەی 92ـی دەستووردا هاتووە دابمەزرێت و، یاسایەكی بۆ دەربچێت كە چی تا ئێستا یاسای بۆ دەرنەچووە. بەڵام لە 2005ـەوە هەتا ئێستا ئەو دادگەیە بەبێ ئەوەی بنەمای دەستووری و یاسایی هەبێت لە كارەكانی بەردەوام بووە. هەر ئەوەیش وای كردووە بكەوێتە ژێر هەژموونی بارودۆخی سیاسی و ڕووداوەكان و لە ڕێڕەوە دەستوورییەكانی لا بدات و بە درێژایی كاركردنی دادگەیەكی سیاسیی بووە و بڕیارێكی وای نەداوە كە بێلایەنی پێوە دیار بێت.

ئەم دادگەیە لە ماوەی كاركردنیدا لەبەرانبەر هەموو پێشێلكارییەكی دەستووری كە حكوومەتەكانی عێراق ئەنجامیان داوە بێدەنگی هەڵبژاردووە. لە بڕیاری بە نادەستووریزانین​ی ڕیفراندۆمیشدا بە حەزی سیاسییەكان جووڵاوەتەوە و هیچ خوێندنەوەیەكی بۆ ئەو دەقە نەبووە كە لە دیباچەی دەستووری عێراقدا هاتووە كە "ان التزام بهذا الدستور یحفظ للعراق اتحاده الحر شعبا و ارضا و سیادة ". ئەوە لە حاڵێكدایە كە زیاتر لە 55 ماددەی دەستووری پێشێلكراوە و حكوومەتی عێراق پابەندی دەستوور نەبووە.

بۆچی ئەو دادگەیە لە پێكنەهێنانی ئەنجوومەنی ئیتحادی بێدەنگ بوو كە دەبوایە بەپێی ماددەی 65ـی دەستوور دامەزرابا و ئەگەر ئەو ئەنجوومەنە بوونی هەبوایە دەستەڵاتی تەشریعی كامڵتر دەبوو و ڕێگەی لە تاكڕەوی و پێشێلكردنی مافی هەرێم دەگرت. بۆ چی ئەو دادگەیە لە بەرانبەر جێبەجێنەكردنی ماددەی 140 بێدەنگ بوو كە دەبوایە لە كۆتایی 2007 جێبەجێ بكرایە. خۆ هەموو لایەك دەزانن جێبەجێنەكردنی ئەو ماددەی سەرچاوەی زۆرێك لە كێشەكان و بێ متمانەییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بوو.

دادگەی فیدڕاڵی لە ماوەی كاركردنیدا لەو كردەوانە بێ دەنگ بووە كە لەدژی خەڵكی كوردستان ئەنجام دراوە. دەبێ ئەو دادگەیە ئەوەیش ڕوون بكاتەوە كە بەپێی كام ماددەی دەستوور هەر لە شوباتی 2014 هەتا ئێستا كەسێك بە یەك ئیمزا بەشە بودجەی گەلی كوردستانی بڕیوە؟ كە بەپێی ماددەی 121 بڕگەی سێ، گەلی كوردستان مافی ئەوەی هەیە بودجەی شاییستە و دادپەروەرانەی هەبێت.

ئەو دادگەیە بۆ چی ڕێگەی لەوە نەگرتووە كە هێزی چەكدار لەدژی خەڵكی كوردستان و بۆ یەكلاییكردنەوەی كێشە سیاسیەكان لە لایەن حكوومەتی عێراق بەكار بێت كە خۆی لە خۆیدا پێشێلكردنی ئاشكرای ماددەی 9ـی دەستوورە كە نابێ هێزی چەكدار بۆ سەركوتكردنی گەلی عێراق بەكار بێت و دەست لە كاروباری سیاسی وەربدات. بۆ چی دادگەی فیدڕاڵی هیچ بڕیار و هەڵوێستێكی نەبووە لەبەرانبەر كۆمەڵكوژكردن و ئازاردان و تۆقاندن و ئاوارەكردنی خەڵك لە كەركووك و خورماتو و شوێنەكانی تر؟

بڕیارەكەی دادگەی فیدڕاڵ بڕیارێكی تاكلایەنە و سیاسییە و دەقە دەستوورییەكانی لە بەرژەوەندیی هەندێ لایەنی سیاسیی تەفسیر كردووە و پێشێلكردنی 55 ماددەی دەستووری لە لایەن حكوومەتی عێراقی نادیدە گرتووە، كە هەر ئەو پێشێلكردنە بوو گەلی كوردستانی هان دا بە پشتبەستن بە دەستوور مافی ئاسایی و یاسایی خۆی بە شێوەیەكی ئاشتیانە و دیموكراتی مومارەسە بكات. جگە لەوەیش پێویستە هەموو لایەك بزانن هیچ بنەمایەكی یاسایی و دەستووری نییە كە بتواندرێ دەنگی سێ ملیۆن مرۆڤ بە نادەستووری بزاندرێ چونكە دەنگی گەل خۆی سەرچاوەی شەرعییەت و دەستوور و یاسایە.

مسعود بارزانی

20ـی 11ـی 2017




دوایین هەواڵەکان

د. چواس: پارتی ڕەھەندێکی زۆری نیشتمانی و پێشکەوتنی سیاسیشی بۆ گەلی کورد ھەیە

TUESDAY, 18 SEPTEMBER 2018 20:09:45

ھەولێر-KDP.info- پسپۆڕێکی سیاسی دەڵێت، پارتی ھەرچەندە لە بانگەشە و بەرنامەکانیدا ھەمیشە ڕەھەندی خزمەتگوزاری و پێشکەوتنی ھەیە، ڕەھەندێکی زۆری نیشتمانی و پێشکەوتنی سیاسیشی بۆ گەلی کورد ھەیە. بۆیەش دانانی دەستووری خستووەتە بەرنامەی کاری و گرنگییەکی زۆری پێ داوە و بە دەستکەوتێکی نەتەوەیی دەزانێت.

پۆڵۆنیا مێژووی خەباتی گەلی کوردستان بۆ ئازادی و سەربەخۆیی بەرز دەنرخێنێت

TUESDAY, 18 SEPTEMBER 2018 17:09:39

هەولێر-KDP.info- کونسووڵی کۆماری پۆڵۆنیا لە دیداریدا لەگەڵ بەرپرسی مەکتەبی پێوەندییەکانی دەروەی پارتی دەڵێ، ئەمساڵ یادی سەربەخۆییی پۆلۆنیا دەکەنەوە و لەو یادەشدا مێژووی خەباتی گەلی کوردستان بۆ ئازادی و سەرەبەخۆیی بەرز دەنرخێنن.

 
جووتیارانی كوردستان: ده‌نگمان بۆ لیستی 183ی پارتییه‌

TUESDAY, 18 SEPTEMBER 2018 15:09:23

هه‌ڵه‌بجه  -KDP.info-له‌ كارنامه‌ی لیسته‌كه‌ی پارتی دیموكراتی كوردستاندا به‌ ژماره‌ 183 بۆ هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان گرنگیدان به‌ جووتیاران هاتووه،‌ بۆ ئه‌وه‌ی كشتوكاڵی كوردستان ببوو‌ژێننه‌وه و‌ پێداویستیی ناوخۆ پڕ بكەنه‌وه‌.

 
پرسەنامەی بارەگای بارزانی بۆ خانەوادەی مامە عەزە

TUESDAY, 18 SEPTEMBER 2018 14:09:48

به‌ناوی خودای گه‌وره‌ و میهره‌بان

 
مه‌سروور بارزانی پێشوازی له‌ باڵیۆزی نیوزلاند له‌ عێراق ده‌كات

TUESDAY, 18 SEPTEMBER 2018 14:09:10

هەولێر-KDP.info- راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، هه‌رێمی كوردستان هه‌وڵی پێكهێنانی هاوپه‌یمانیه‌تیه‌ك ده‌دات، كه‌ داخوازییه‌كانی كوردستان و مادده‌ و بڕگه‌كانی ده‌ستوور جێبه‌جێ ده‌كات. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌ چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كان بۆ دامه‌زراندنی ئه‌نجوومه‌نی باڵای سیاسه‌تی ستراتیژی له‌ عێراق دا، وه‌ك هه‌وڵێكی گرینگ بۆ رێگه‌گرتن له‌ تاكڕه‌وی له‌ به‌ڕێوه‌بردن و ده‌ركردنی بڕیاره‌ چاره‌نووسسازه‌كاندا.



 
© 2018 Kurdistan Democratic Party, KDP