Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
MON, 25 SEP 2017 14:28 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
نوێبوونەوە . دادپەروەری . پێکەوەژیان
 

ئێستا کاتى بریاردانه له‌سه‌ر سەربەخۆییی کوردستان
| KDP.info


مه‌سعوود بارزانی
رۆژی 25 /9 دانیشتووانی هەرێمی کوردستان لە ریفراندۆمێکی مولزەمدا بڕیار دەدەن ئایا لەگەڵ عێراق بمێننەوە یان سەربەخۆیی رابگەیەنن. دەنگدانەکە بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکە کە هێندەی تەمەنی دەولەتی عێراق کۆنە و حکوومەتی بەغدایش ساڵانێکە هیوا و خواستەکانی گەلی کورد پێشیێل دەکا و وەک هاووڵاتی پلە دوو مامەڵە لەگەڵ کورد دەکا.
بڕیاردان لەسەر دیاریکردنی چارەنووس، مافێکی رەوای هەرێمی کوردستانی عێراقە و دهستكارى سنوورى هیچ ولاتێکى دراوسێ ناكات و نەك تەنیا هەڕەشە نییە بۆ هیچ لایەنێک، بەڵکو دەبێتە هۆی سەقامگیریی زیاتری ناوچەکە و پەیوەندیی نێوان کورد وعەرەب لە عێراقدا بەهێزتر دەکات. ئێمە ئامادەین هەموو نیگەرانییەکانی عێراقییەکان لەبەرچاو بگرین کە بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەیانە.
سەربەخۆییی کوردستان کارێکە هەر روو دەدات. سەد ساڵ لەمەوبەر و دوای کۆتاییهاتنی یەکەم جەنگی جیهانی، بەڵێنی دروستکردنی دەوڵەت بە کورد درا و پاشان بەبێ ویستی خۆیان نیشتمانەكەمان بەسەر عیراق، ئێران، توركیا و سووریادا دابەش كرا. بڕیار بوو دەوڵەتی تازەدروستکراوی عێراق، لەسه‌ر بنه‌ماى شه‌راكەتى یەكسان بێت له نێوان كورد و عەرەب. بەڵام هەر زوو ئەو خه‌ونه گه‌شه بووه واقیعێکی تاڵ. حکوومەتە یه‌ك له دواى یه‌كه‌كانى عێراق کوردیان چەوساندووەتەوە و دواجار گەیشتە ئەوەی لە ساڵانی 1980 سەددام حوسێن بە شێوەیەکی بەربڵاو گازی کیمیاویی بەسەر گوند و شارەکانی کوردستاندا باراند. زیاتر لە پێنجهەزار گوندی لەگەڵ زەوی تەخت کرد و خەڵکەکەشی لە ناوچەکانی باشووری عێراق گوللـەبارانکردن و لە گۆڕی بەکۆمەڵدا زیندەبەچاڵی کردن. سەدوهەشتاودوو هەزار کەس (لە نێویشیاندا ئەندامانی بنەماڵەکەم)ی لەنێوبرد كه دەتوانین بڵێین ژمارەی قوربانییەکان %5ـی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەبوون.
لە دوای رووخانی رژێمی سەددام حوسێن، کورد زۆر سەرسەختانە و بە هەموو توانایەکیانەوە کاریان بۆ بنیاتنانی عێراقێکی نوێ کرد و رەشنووسى دەستوورێکی تازە بۆ عێراق نووسرا کە مافی هەموو عێراقییەکانی لەبەرچاو گرتبوو، هەروەها مافی خۆبەڕێوەبردنى بۆ هەرێمی کوردستانیش تێدابوو. بەڵام دوای چواردە ساڵ، چەندین ماددە و بڕگەی سەرەکیی دەستووری عێراق پشتگوێ خران و جێبەجێ نەکران و جێبەجێیش ناکرێن. سیستەمی سیاسی شکستی هێنا و پەیوەندیی نێوان سوننە و شیعەکانی عێراق بە شێوەیەک تێکچوو کە سەرئەنجام داعش سەری هەڵدا و بووە کارەساتێکی گەورە بۆ هەموو عێراقییەکان بە کوردیشەوە.
هەمیشە دەگوترێت کە عێراقێکی یەکگرتووی یەکپارچە، زیاتر دەتوانێت هاووڵاتییەکانی بپارێزێت. بەڵام ئێمە پێچەوانەی ئەوەمان بینی. کە داعش لە ساڵی 2014 هێرشی کردە سەر کوردستان و ئەو چەکە ئەمەریکاییە بەهێزانەی بەکارهێنا کە سوپای عێراق لە مووسڵ بەدوای خۆیدا بەجێی هێشتن. ئەوکاتە حکوومەتی فیدرالی عێراق ئامادە نەبوو چەک بە پێشمەرگە بدات و بودجەی هەرێمی کوردستانیش بنێرێت کە لە دەستووری عێراق بڕیاری لێ درابوو. ئەگەر ئێمە وڵاتێکی سەربەخۆ بوونایە دەمانتوانی هێزەکانمان پڕچەک بکەین و خۆمان باشتر بەڕێوە ببەین و بە قوربانییەکی کەمتر و زووتریش شەڕی داعش ببەینەوە.
شەڕ لە دژی داعش، مۆدێل و شێوازێکی هەماهەنگیی تازەی لە نێوان کورد و عەرەب هێنایە ئاراوە کە دەکرێ لە داهاتوویشدا سوودی لێ وەربگیرێت. لە شەڕی لەناوبردنی داعش لە عێراق، پێشمەرگە و سوپای عێراق وەک دوو سوپای هاوپەیمان هەماهەنگی دەکەن. هەر سوپایەک سەرکردایەتی خۆی هەیە. ئۆپەراسیۆنی هاوبەشی سوپای عێراق و پێشمەرگە و، هەماهەنگی و هاوکاریی نێوانیان بە ئاستێک بوو، کە هەرگیز بەو شێوەیە نەدەبوو ئەگەر عێراق خۆی بەسەر کوردستاندا بسەپێنێت و کۆنترۆڵی بکات.
ئەنجامی ریفراندۆم هەرچییەک بێت، ئێمە کار دەکەین بۆ ئەوەی باشترین هەماهەنگیمان لەگەڵ عێراقییەکان و هێزەکانی رۆژئاوا هەبێت  بۆ لەناوبردنی یەکجارەکی داعش.
کوردستانێکی سەربەخۆ دەتوانێ پەیوەندییەکی باشتر و بەهێزتری لەوەی ئێستای لەگەڵ حکوومەتی بەغدا هەبێت و دەبێتە دراوسێیەکی باش.
دەکرێ هەماهەنگی  دژی تیرۆر و هاوبەشیکردنی لە  سەرچاوەکان (لەوانەش ئاو و نەوت و گاز) هەبێت بە شێوەیەک کە لە خزمەتی هەردوو وڵاتدا بێت و ببێتە هۆی سەقامگیریی و ئاشتی لە نێوان عێراق و کوردستان. ئەگەر ئەو ئابڵوقه‌یه نه‌بێت كه عیراق خستوویه‌تییه سه‌ر هه‌نارده و هاورده‌كانمان، دەکرێ هەردوولامان بە هاوبەشی سامانە مرۆیی و سروشتییەکانمان پەرە پێ بدەین لە بازاڕێکی ئازادی هاوبەشدا کە ئێستا لە ئارادا نییە.
لە کاتێکدا ئەنجامی ریفراندۆم دەبێتە پابەندبوون و حکوومەتەکانی داهاتووی کوردستان پێویستە ئیلتیزامی پێوە بکەن و پێیەوە پابەند بن. بەڵام کاتی راگەیاندنی سەربەخۆیی پەیوەستە بە دانوستان لەگەڵ بەغدا و راوێژکردن لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. دانوستانمان لەگەڵ بەغدا واقیعبینانە دەبێت. خاڵی هەرە ناکۆک ئەوە دەبێت کە چ ناوچەیەک دێتە سەر کوردستان.
بەپێی دەستوورى عێراق، دەبووایه تا 31 دیسەمبەرى 2007، ماددەى 140 جێبەجێ بکرێت. بەپێی ئەو ماددەیە، دەبووایه خەڵکی ئەو ناوچانه بەشێوەیەكى دیموكراتیانه بڕیار له چارەنووسى خۆیان بدەن.  بەڵام دواى نزیكەى ده ساڵ، ئێمه ئەو دەرفەته بەو خەڵکە دەدەین. ئێمە دەمانەوێت ئەو ناوچانە بێنە سەرهەرێمی کوردستان کە زۆرینەی خەڵکەکەی لە هەڵبژاردنێکی ئازاددا دەنگ بۆ پەیوەستبوون بە هەرێمی کوردستان دەدەن. ئیمە بەهیچ شێوەیەک نامانەوێت کێشەکانی پەیوەست بە سنوور و ناوچەکانی جێ ناکۆک لەنێوان ئێمە و عێراقدا هەبێت کە چارەسەرنەکردنیان دەبێتە هۆی تێکچوونی پەیوەندییەکانمان لە دوارۆژدا.
لەوەتەی کوردستان لە ساڵی 1991 خۆی بەڕێوە دەبات. بە هەموو شێوەیەک کارمان کردووە کە پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ دراوسێکانمان هەبێت. تورکیا گەورەترین وەبەرهێنەرە لە کوردستان و نەوت و گازیش لە رێی تورکیاوە دەنێردرێتە دەرەوە کە  خزمەت بە هەردوولامان دەکات. ئیمە لە کاتێکدا لە نیگەرانییەکانی وڵاتانی دراوسێ تێدەگەین لە بارەی ریفراندۆمەوە، دڵنیایی تەواویش دەدەین کە کوردستانێکی دیموکرات و سەقامگیر، دەبێتە دراوسێیەکی باش بۆ ئەوان.
بەها و دەوڵەمەندیی کوردستان لە هەمەڕەنگی و فرەپێکهاتەکەیدایە. کوردستان وڵاتی کریستیان و ئێزدی و تورکمان و شەبەک و فه‌یلی و كاكه‌یی و عه‌ره‌به‌، کە ناسنامەی جیاوازی ئەو پێکهاتانە لە یاساکانی کوردستاندا ددانی پێدا نراوە. لە ساڵی 2003ـەوە بە هەزاران مەسیحی عێراقی لە شەڕ و چەوساندنەوە لە ناوچەکانی عێراق هەڵاتوون و روویان لە کوردستان کردووە. دوای ئەوەی داعشیش لە ساڵی 2014 دەستی بە سەر ناوچەیەکی بەرفراوانی عێراقدا گرت، کوردستان زیاتر لە یەک ملیۆن و پێنجسەد هەزار ئاوارەی عێراقی لە باوەش گرتووە کە کەمترین یارمەتییان لە لایەن حکوومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەولەتییەوە پێشکەش کراوە.  
دوای زیاتر لە یەک سەدە لە هەوڵدان بۆ ئەوەی بە زۆر کورد لە عێراقدا بژی، بەڵام ئەو سیاسەتە نە بۆ ئێمە و نەبۆ عێراقییەکان سوودی نەبووە. بۆیە ئێمە داوا لە وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین، رێز لە خواست و بڕیاری دیموکراتیانەی خەڵکی کوردستان بگرن. دڵنیاین لەوەی لە دوارۆژدا کوردستان و عێراق لە بارودۆخێکی باشتردا دەژین.

ده‌قی وه‌رگێڕدراوی وتارێكی (مه‌سعوود بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌ رۆژنامه‌ی واشنتن پۆستی ئه‌مریكاییدا بڵاو كراوه‌ته‌وه‌.

 




دوایین هەواڵەکان

لە دوبز و سەرگەڕان دەنگی کورد و عەرەب (بەڵێ) بوو

MONDAY, 25 SEPTEMBER 2017 14:09:41
دوبز-KDP.info-  لە سنووری قەزای دوبز و ناحیەی سەرگەڕان ڕێژەی بەشداریکردنی دەنگدەران لە پڕۆسەی ڕیفڕاندۆمدا بەرزە و بەرپرسێکی ناوچەکەش ئاشکرای کرد، ھەردوو پێکھاتەی کورد و عەرەبی ناوچەکە بەبێ جیاوازی لە پڕۆسەکەدا بەشداری دەکەن.
 
سه‌رۆكی كوردستان، په‌یامێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌

MONDAY, 25 SEPTEMBER 2017 13:09:27

هه‌ولێر-KDP.info-  (مه‌سعوود بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان، له‌باره‌ی ریفراندۆمی سه‌ربه‌خۆییی كوردستان و ئه‌نجامه‌كه‌ی، په‌یامێك بڵاو ده‌كاته‌وه‌.

 
شنگالیان: دەنگدان بۆ سەربەخۆیێ رامانا نەمانا کارەساتانە ب سەر مەدا

MONDAY, 25 SEPTEMBER 2017 13:09:09

دهۆک-KDP.info-  کوردێن ئێزدی و خەلکێ شنگالێ دبێژن: ئیرۆ پێتڤی بوو مە دووجاران دونگ دابا و ئەم ئێزدی پتر ژ هەموو کەس و لایەن و پێکهات و ئاینان ل هیڤیا ڤێ رۆژێ بووین.

 
سه‌رۆكوه‌زیران: له‌مڕۆوه‌ هه‌ڕه‌شه‌كان كۆتاییان پێهات

MONDAY, 25 SEPTEMBER 2017 13:09:01

هه‌ولێر-KDP.info-  (نێچیرڤان بارزانی) سه‌رۆكوه‌زیرانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ له‌مڕۆوه‌ هه‌ڕه‌شه‌كان كۆتاییان پێهاتووه‌ و "كۆبوونه‌وه‌ و دانوستان"ی له‌گه‌ڵ به‌غدا و وڵاتانی ده‌ورووبه‌ری و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی، به‌ قووڵاییی ستراتیژیی داهاتووی خۆیانی ناوهێنا.

 
باشیک.. دەنگدەران به‌ ئاڵاى كوردستان و وتنه‌وه‌ی مارشی ''ئەی ڕەقیب''ـەوە دێنە دەنگدان

MONDAY, 25 SEPTEMBER 2017 12:09:49
باشیك-KDP.info- ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا زانیاریی دا، دەنگدەران لە سنووری باشیک بە مارشی ''ئەی ڕەقیب'' بەشداری لە دەنگداندا دەکەن و سەرجەم پێکهاتەکانیش بە بەڵێ دەنگ دەدەن.
 


 
© 2017 Kurdistan Democratic Party, KDP