عه‌تا شێخ حه‌سه‌ن
له‌به‌رئه‌وه‌ی دامه‌زراندنی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كانی ڕابردوو، بۆیه ئه‌م هێزه له قۆناغه سه‌خته‌كانی مێژووی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ییدا حوزور و پشكداری نه‌بووه، ڕه‌نگه هه‌ر ئه‌م هۆیه‌ش پاڵنه‌ر بێت بۆ یه‌كگرتوو، هه‌تا له نووسینه‌وه‌ی قۆناغی داهاتووی كوردستاندا، به هه‌ڵویستی نیشتمانی، هه‌وڵی داگیركردنی ڕووبه‌رێكی پۆزه‌تیفی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بدات كه هاوسه‌نگ بێت له‌گه‌ڵ كایه‌ی سیاسی و له‌گه‌ڵ پێگه جهماوهرییهكهیدا، چونكه (ئه‌ریك فرۆم) ڕای وایه (كه له مێژووی ڕابردووی مرۆڤایه‌تیدا، شارستانییه‌تێك نییه ئایین پشكداری تیادا نه‌بووبێت).
هه‌رچه‌نده كاری من نییه كه تان و پۆ و لێكه‌وته‌كانی ئایین له‌گه‌ڵ ڕه‌وڕه‌وه‌ی شارستانیه‌تی به‌شه‌ریه‌تدا شرۆڤه بكه‌م، چونكه جارێك ئامانجی بابه‌ته‌كه‌م نییه و جارێكیش ڕه‌نگه قسه‌كردن له‌سه‌ر دین، ببێت به‌هۆی ڕوشاندن و ئازاردانی هه‌ست و نه‌ستی ملیۆنان مرۆڤی چاكه‌خواز، خۆ به پێچه‌وانه‌شه‌وه قسه‌كه‌ر به ناوی دین، به‌تایبه‌ت ئه‌و كاته‌ی له ڕووی ئه‌خلاقییه‌وه پابه‌ند نه‌بوو به میتافیزیكیهتی دینه‌وه، كه به‌رهه‌مهێنانی تۆلۆرانس و ئاشتی و پێكه‌وه‌ژیانه، ئه‌وا ده‌توانێت فه‌توای حه‌ڵاڵكردنی خوێنی ملێۆنان مرۆڤ بدات، خۆ شكاندنی شكۆی ئه‌و پابه‌ندییه ئهخلاقیهشه كه وا ده‌كات به به‌رچاوی دنیاوه، ئاڵا ڕه‌شه‌كه‌ی به‌غدادی ته‌نها له‌ناو خوێناوی سڤیلدا بشه‌كێته‌وه.
لۆژیكی سیاسه‌ت، هونه‌ری ته‌حقیقی مومكیناته، كه به هونه‌ری خۆگونجاندن ده‌ست پێده‌كات و ده‌بێته پره‌نسیپی هێزی نیشتمانی و بیردۆزه‌ی سیاسه‌توانی عه‌قڵمه‌ند، دیاره هه‌ڵسوكه‌وتی هه‌ر هێزیكی سیاسی، له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت له ده‌ره‌وه‌ی ته‌حقیقی مومكینات، ده‌بێته فاكته‌ری ونكردنی نه‌سلی نیشتمانیی هێزه‌كه و، گوفتار و كرداری سیاسه‌توانیش له ده‌ره‌وه‌ی خۆگونجاندنی نیشتمانی، سیاسه‌توان ده‌كاته زهرقاوییهكی ته‌ژی له (فیتنه و، فسق و، فجور)، ئاخر له‌خۆڕا نییه كه ئیمامی ئومه‌ت (ئه‌حمه‌دی حه‌نبه‌لی) ده‌فه‌رموێت، ئه‌و موسوڵمانه‌ی هانی خه‌ڵك ده‌دات بۆ به‌گژاچوونه‌وه‌ی ڕابه‌ر (كافره)، خۆ (ئه‌بو یهعلاش) پێی ده‌ڵێت (فاسق) و (ئه‌بو زه‌رعه‌ی ڕازیش) به (زه‌ندیق) وه‌سفی ده‌كات.
ڕه‌نگه عهوامێك به ئیرهابی شه‌ڕه كه‌ڵه‌شێر ئاسوده بێت، یان بۆ هیزێكی ڕه‌ش ئاسایی و شانازی بێت په‌لاماری به‌شێكی سامانی نیشتمانی بدات و، ئیفتیخار به حهپهلووشیهوه بكات، ئاخر قژبژێك نازانێت قژی نیشتمان شانه بكات، بۆیه له پرچی (29) ساڵ ئاڵۆسكاوی هه‌ڵه‌بجه‌دا قین ده‌چێنێت و ڕق دروێنه ده‌كات، ڕه‌نگه دكتۆرێك نه‌زانێت، پارله‌مان باڵاترینی جومگه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانییه، بۆیه سه‌كۆكه‌ی ده‌كاته مه‌یدانی ته‌حه‌دی، شكی تیادا نییه كه كۆیله‌بوون بۆ گیرفان و سامان، وا ده‌كات سوننهمهزههبێك به ڕیشی ههڵپاچراوهوه سه‌ری بۆ ناو ئاخوڕی شیعهگهرایهك بچه‌مێته‌وه، ڕه‌نگه بۆ سیاسییه‌كی ههڵخزیوو، هه‌ڕاجكردنی كه‌رامه‌تی نیشتمان ئاسایی بێت، ئاخر ئاساییه ئیسپانییه‌كان چێژ له سه‌یری ئه‌و (گاگه‌ل)ه ده‌بینن كه شاتاوڵ بۆ ڕه‌نگی سوور ده‌به‌ن، كه‌چی (گاكان)یش خه‌ڵتانی خوێنی سوور ده‌كه‌ن (ئه‌مه سروشتی ئه‌و مرۆڤانه‌یه كه له ولاده‌ی سیاسییاندا به شمشێر گۆش ده‌كرێن)، به‌ڵام نه‌نگ و شوره‌یی و ڕه‌نگه خیانه‌تیش بێت، بۆ نوێنه‌رێكی خه‌ڵك، بۆ سه‌رۆكی فراكسیۆنیكی گه‌وره‌ی پارله‌مانی، هانی تاریكی بدات، ئاخر له ژینگه‌یه‌كدا كه تاریكپه‌رستان چه‌ند كیلۆمه‌ترێك لێمانه‌وه دوورن، هاندانی كوژانه‌وه‌ی كاره‌با هه‌ماهه‌نگییه له‌گه‌ڵ تاریكی، یاخود لانی كه‌م با بڵێین ڕهشپهرستییه، یان بۆ سیاسییه‌كی ئایینی شیاوه بڵێین به‌یعه‌ته به هاوكوفانی.
بانگه‌وازی له‌تكردنی جه‌سته‌ی سوتماكی نیشتمان، بانگه‌وازی بڕینی نه‌وت و گاز و كاره‌با، بانگه‌وازی پایته‌خت بۆ به‌گژاچوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نیشتمانی و، كاتێك خۆت به‌شێك بیت له‌و ده‌سه‌ڵاته، ئازاری شه‌هیدكردنی (عبدالخالق مه‌عرووف) به بیری قه‌ڵا و، چۆلی و، مسته‌وفی و، هه‌ولێرییه نیشتمانپه‌روه‌ره‌كان ده‌خاته‌وه، ئاخر گه‌لۆ دیاره تۆ مه‌ستی رقێكیت كه تووشی فۆبیای هه‌ڵه‌یه‌كی سیاسی كردوویت و نازانیت كه پارتی، به‌عس و میشیل عه‌فله‌ق و فازیل بهراكی نایه چاڵه‌وه، تازه تۆ به‌ته‌مای له به‌رنامه‌یه‌كی ته‌له‌ڤزیۆنیدا ڕای میللی چه‌واشه بكه‌یت و چۆك به پارتی دابده‌یت، یاخوود ده‌ته‌وێت چوارگۆشه‌ی ئه‌و پیلانه ته‌واو بكه‌یت كه داوچنێكی میحوه‌ری له پشته و، شۆفێنییه‌كان به گه‌مارۆی ئابووری و حه‌شد له هه‌ڕه‌شه‌ی په‌لامار و په‌كه‌كه له رۆژئاوا و شنگال و، تێكده‌رانی ناوخۆ پراكتیزه‌ی ده‌كه‌ن و، شانازیی ئه‌و خیانه‌ته‌یان پێ ده‌بڕێت.
له كوتاییدا ده‌مه‌وێ به بیری ڕابه‌ران و موجته‌هیدانی تێكدانی ئاسایشی هه‌رێم بهێنمه‌وه، كه پار بوو، پارله‌مانی ئێران یاسای (تاوانی سیاسی) ده‌ركرد، ئه‌م یاسایه‌ش كۆی ئه‌و كه‌سانه‌ی كه هانی توندوتیژی ده‌ده‌ن یان سوكایه‌تیی به سیمبوله نیشتمانییه‌كان ده‌كه‌ن، یان هێزه نیشتمانییه‌كان كهمئارزش ده‌كه‌ن، به(تاوانباری سیاسی) ده‌ناسێنێت، دیاره تاوانباری سیاسییش كه‌له‌بچه له‌ده‌سته و بۆ به‌رده‌م دادگای گه‌ل راپێچ ده‌كرێت. بۆیه ئه‌ركی حكوومه‌تی هه‌رێمه بۆ مه‌به‌ستی پاراستنی ئاسایشی سیاسی و كۆمهمهڵایهتی، له‌م ئاژاوه‌گێڕانه به‌ده‌نگ بێت، ئاخر دادگای به‌ریتانیا دوو هاووڵاتی خۆی سزا دا، كه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان سوكایه‌تییان به هێزی به‌رگریی وڵات كرد، ئه‌و كاته‌ی له جه‌نگی دژه‌تیرۆردا له ئه‌فغانستان دوو سه‌ربازیان شه‌هید بوون، نه‌خاسمه ئێمه كه وڵاتمان له ته‌حه‌دیی تیرۆریستان ڕزگاری نه‌بووه، كه‌چی هه‌ندێك له نوێنه‌رانی خه‌ڵك، به یاسا حه‌شدمان لی ده‌كه‌ن به فریادڕه‌س و بۆ قهڵهوكردنیان سفره‌ی هاوشارییهكانیان بێ‌ناز ده‌كه‌ن، به‌بێ ئه‌وه‌ی هه‌ست به ڕووزه‌ردیی ئه‌م هه‌ڵوێسته خهجاڵهتمهندانهیه بكه‌ن، رۆژانه له ئافاقی شۆفینییهكانهوه سه‌رشۆڕی تۆمار ده‌كه‌ن و، كه‌رامه‌تی خێزانی شه‌هیدان په‌لامار ده‌ده‌ن و، بۆ داگرتنی ئالاكه‌ی سه‌رسنگی قه‌ڵای كه‌ركووك، (قه‌له‌موون) ئاسا خۆیان گیڤ ده‌كه‌نه‌وه، بۆیه مافی ده‌سه‌ڵاتی سیاسییه كه ده‌نگی تێكدهران خامۆش بكات و، ئهركیشیێتی ته‌ئدیبی بێ ئهدهبانی سیاسی بكات.