Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
WED, 24 APR 2024 02:39 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

شكووكییەت و حوسێنییە
| KDP.info


زكری مووسا

لە مانگی پێنجی 2015ـدا، سەرۆكی هەرێم لەگەڵ شاندێكی باڵای كوردستان سەردانی واشینگتۆنی كرد و لەگەڵ سەرۆك ئۆبامادا كۆ بووەوە. قوباد تاڵەبانی و مستەفای سەیدقادر و دەرباز كۆسرەت ڕەسووڵیش لەگەڵ شاندەكە بوون. ئەم سێ كەسە یەكێتی و گۆڕان بوون و شاهیدی ئەوە بوون، كه‌ چۆن بارزانی بابەتی سەربەخۆیی خستە بەردەم سەرۆكی ئەمەریكا. وەڵامی ئۆباما ڕێزگرتن و پێزانین بوو بۆ خەباتی گەلی كوردستان و جەختی لەوە كردەوە كە ڕێگە بە خۆی نادات لە دژی داوا و مافی گەلی كوردستان بوەستێتەوە. لە 18ـی 5ـی هەمان ساڵ دوای گەڕانەوەیان، بارزانی ئەنجامی سەردانەكەی بۆ سەركردە و ئەسحابی قەرار و سەرۆكی پێشووی پارلەمان و بە ئامادەبوونی سێ شاهیدەكە شیی كردەوە. كۆبوونەوەكە مێژوویی و دڵخۆشكەر بوو، پەیامی سەربەخۆیی بە گوێی لایەنەكان گەییشت. دوای سیوپێنج ڕۆژ و لە ڕووداوەكانی 23ـی حوزەیرانی پارلەماندا دەركەوت، كە حزبەكان ئاوازێكی زۆر جیاواز لە پەیامی سەربەخۆیی دەخوێنن.
لە هەموو بۆنە و گوتار و دیداری دیپلۆماسیدا زۆر بە ڕاشكاوی لەم چەند ساڵەدا بارزانی پێداگیریی لە سەربەخۆیی كردووە و ئەم تابۆیەی دەمێكە تێكشكاندووە. شكانی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە هێندەی دی ئیرادەی سەربەخۆیی بەهێزتر كرد.

شكووكیەت
دوای نزیكەی دوو ساڵ حزبەكان هەموو هەوڵەكانیان لەوەدا چڕ كردەوە، كۆسپ بۆ پڕۆسەی سەربەخۆیی بنێنەوە. لە پارلەمان و شەقام و میدیا و بەغدا و لەڕێی پەكەكە و ناوەندە هەواڵگرییەكانی ناوچەكە، بە ئاراستەی لەباربردنی سەربەخۆیی هەنگاویان نا. چەند هۆكاری سەرەكی لە پشتەوەی ئەم ڕەفتارە عەجیبەی حزبەكان بوو. پڕۆژەكە هیی بارزانییە، سەركەوتنی سەربەخۆیی سەركەوتنی تاهەتایی بارزانییە. بەشێكیشیان لە ڕووی فكری و سیاسییەوە گرفتیان لەگەڵ مەفهوومی دەوڵەتدا هەبوو. ژمارەیەكیان خاوەن بڕیاری سەربەخۆی سیاسی نەبوون. ژمارەیەكیشیان بەرژەوەندییان لە مانەوەی كورد لەگەڵ عێراقی نەگبەتدایە.
ئێستا داعش لە كۆتایی نزیكە و كات لە بەرژەوەندیی بەرەی سەربەخۆییخوازدا نییە. هیچ ئومێدێكیش نییە حزبەكان دیتی ستراتیژییان بەرانبەر ئاییندەی وڵات هەبێ و، بیر لەوە بكەنەوە یارمەتیی كوردستان بدەن بۆ سەربەخۆیی. هەردەم لە بەیاننامەكانیاندا سەربەخۆیی دوایین برگە پێكدەهێنێت. لایەنە سیاسییەكان و مەكینە ئیعلامییەكانیان كار لەسەر شكووكیەت دەكەن. ئەیانەوێ بڵێن سەربەخۆیی ڕاست نییە و تەنیا دروشمە، بارزانی تەنیا بۆ پەردەپۆشكردنی قەیرانی ناوخۆیی (كە خۆیشیان بەشی سەرەكیی قەیرانن) بەكار دەهێنێ.
هەڵسوڕێنەرانی كەمپێنی شكووكیەت بەم یارییە نابەجێیە، زەبرێكی كوشندە لە پڕۆسەی سەربەخۆیی دەدەن. دروستكردنی گومان لای هاووڵاتیی كورد هێندەی تر كەسایەتیی ئینسانی كورد تێكدەشكێنێت و بڕوابەخۆنەبوونی نەتەوەیی تۆختر دەكات كە داگیركار لە ناخی ئێمەدا چاندوویەتی.

چیی ڕوو دەدات؟
هەڵمەتی خستنەژێرگومانی سەربەخۆیی، دەنگی نەیارەكانی كورد دلێرتر دەكات. ڕۆژ نییە عەرەبێكی شیعەی فاشی پڕ بە قوڕگی نه‌نه‌ڕێنێ كە بارزانی تەنیایە و، برا كوردەكان لەگەڵی نین. ئەمە ڕێگەی بە بەرپرسانی وڵاتانی ئیقلیمییش داوە، كە ئازایانە دژی سەربەخۆییی گەلی كورد بدوێن و هەڕەشەی لێ بكەن.
ئەم كەمپێنە شوومه كار دەكاتە سەر ڕای وڵاتانی ڕۆژئاواییش كە بەهۆی قارەمانێتیی پێشمەرگە و قوربانیدانی بێسنووری گەلی كوردستان، ڕێگە بە خۆیان نادەن دژی سەربەخۆیی بدوێن.
بەدرۆخستنەوەی سەربەخۆیی، ناپاكییە لە مێژوو و قوربانیدانی گەلی كوردستان. گەڕاندنەوەی میللەتی ستەمدیتەی كوردە بۆ بازنەی مایەپووچی. لە بێدەوڵەتیدا پاشكۆیی بەردەوامە. كارەبا و مووچە چارەسەر ناكرێ و فۆكۆیامایش هێندەی تر لە كورد نائومێد دەبێ. وڵاتیش تەراتێنی جاش و دەزگا هەواڵگرییەكان دەبێ. ئەبێ كەركووك و خانەقین بدەین بە حەشد و شنگالیش بۆ جاشحەشد. لە گەڕەكەكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆكیش بەرپرسان حوسێنییە بكەینەوە.
ئەمە وێنەیەكی تڕاژیكە و نابێ ڕوو بدات، ئەبێ كۆتایی بەوە بێت، ئەم پرسە بدرێتە دەست حزبە بەرژەوەندیخوازەكان. ئەم پرسە مڵكی تاك تاكی گەلی كوردستانە. پرسی سەربەخۆیی ئەبێ بدرێتە دەست میللەت، ئەگینا مایەپووچی و پاشكۆییی ئەبەدی چاوەڕێمان دەكات.




دوایین هەواڵەکان

سەرۆکی حکوومەت لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕادەسپێرێت

TUESDAY, 23 APRIL 2024 22:04:47

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای تەرخانکردنی دارایی دەکات بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستان.

 
حزبەکانی کوردستان بۆ KDP: سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا گرنگی پێگەی کوردستان دەردەخات

TUESDAY, 23 APRIL 2024 21:04:02

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسانی باڵای حزبی سۆسیال دیموکرات و بزووتنەوەی ئیسلامی و حزبی زەحمەتکێشان، سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ ھەولێری پایتەختی کوردستان بەگرنگ دەزانن لەم كاته‌دا، ھاوکات پێشیان وایە، دەوڵەتی تورکیا پێگەی ھەرێمی کوردستانی لا گرنگە و دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ فراوان بکات لەڕووی دیبلۆماسی و سیاسی و ئابووری.

 
سەرۆكایەتی هەرێم و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنیان كرد

TUESDAY, 23 APRIL 2024 20:04:51

ھەولێر-KDP.info- لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسێكی باڵای یۆنامی، تاوتوێی كێشە و بەربەستەكانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەروەها كورسی پێكهاتەكان كرا.

 
لە پارێزگای سەلاحەددین کورد دوو پۆستی بەدەستهێنا

TUESDAY, 23 APRIL 2024 18:04:03

سەلاحەددین _KDP.info_ ڕاوێژکاری پارێزگاری سەلاحەددین بۆ کاروباری ئەمنی دەڵێت، ئەمڕۆ ژمارەیەک پۆستی دیکەی پارێزگای سەلاحەددین یەکلاکرانەوە و دوو پۆستی پارێزگاکەش بەر کورد کەوتن، ڕاوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین بەر پارتی دیموکراتی کوردستان و بەڕێوەبەری وەبەرھێنانیش بەر یەکێتی نیشتمانی کەوت.

 
میری ئێزدیان بۆ KDP.info: سەرۆک بارزانی پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئێزدیان دووپات کردەوە

TUESDAY, 23 APRIL 2024 16:04:38

شێخانKDP.info-  میر حازم تەحسین  بەگ میری ئێزدیان لە جیهان ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدارمان لەگەڵ سەرۆک بارزانی مان ئەنجامدا و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئێزدیان دووپات کردەوە.

 



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact