كه‌ریم قادر
مه‌له‌كردن له‌گه‌ڵ قڕش بۆ كه‌س نه‌چۆته سه‌ر تا بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه بچێته سه‌ر، كه شاتی و باتی به ئاسایشی ناوچه‌كه ده‌كه‌ن و، هاوسه‌نگیی سیاسی تێكده‌ده‌ن و ئاسته‌نگ له‌به‌رده‌م سه‌قامگیربوونه‌وه و یه‌كسانیی نێوان گه‌لان دروست ده‌كه‌ن.
بۆ له ڕه‌گوڕیشه هه‌ڵته‌كاندنی تیرۆریستان، ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا به ناوی"comprehensive plan"له‌به‌ر داڕشتنه‌وه و پراكتیزه و جێبه‌جێكردنی ئه‌و نه‌خشه و پلانه ستراتیژییه‌دایه، كه له دوای رووداوه‌كانی یازده‌ی سێپته‌مبه‌ر له ده‌ورانی سه‌رۆك جۆرج ده‌بلیو بووش، سه‌رۆكی پێشووتری ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا داڕێژرا، كه به‌ته‌نها تایبه‌ت نه‌بوو به به‌گژداچوونه‌وه‌ی رێكخراوی تیرۆریستی قاعیده، به‌ڵكو ئه‌و وڵاتانه‌شی ده‌گرته‌وه، كه به داڵده‌ر و پشتیوانی تیرۆر ناسێنرابوون. به‌پێی پۆلینی ده‌زگای دژه‌تیرۆری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه له هه‌ریه‌ك له (ئه‌فغانستان، عێراق، ئێران، سووریا، لیبیا، سوودان، كوبا و كۆریای باكوور) پێكهاتبوون. ئه‌و پلانه له قۆناغی یه‌كه‌م ئه‌فغانستانی تاڵیبان، دواتر عێراقی سه‌ددامیشی گرته‌وه، به‌ڵام باهۆزه‌كه هێشتا به‌رده‌وامه.
سهروهختایهك هه‌ر یه‌ك له عێراق و ئێران له‌ژێر سیاسه‌تی ئیحتیوای مزدهوهجدا بوون، به‌ڵام كاتێك عێراق له گهمهكانیدا بۆ خۆده‌ربازكردن له لێكه‌وته‌ی رێككه‌وتنی ژێر چادره‌كه‌ی سه‌فوان، نه‌خاسمه له‌گه‌ڵ تیمی پشكێنه‌رانی نێوده‌وڵه‌تی ئاقارێكی دیكه‌ی گرته‌به‌ر، ئه‌وه‌ی له‌ناو دوو نانی گه‌رم بۆیان هه‌ڵگرتبوو، له ئادار و نیسانی 2003 جێبه‌جێیان كرد و ده‌سه‌ڵاته‌كه‌یان رووخاند، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌م به راعی ئیرهاب، هه‌م به‌هه‌ڕه‌شه پێناسه كرابوو.
ئێران به‌م كاره‌ی هاوپه‌یمانان شاگه‌شكه بوو، چونكه به قه‌ولی خۆی ده‌رگایه‌ك به‌ڕوویدا كرایه‌وه بۆ جێبه‌جێكردنی سیاسه‌تی هه‌نارده‌كردنی ئینقلاب. سه‌ره‌تا به وریایی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵ عێراقی نوێ ده‌كرد، به‌ڵام دواتر له‌به‌ر هۆكارگه‌لێك به هه‌موو سه‌نگی خۆیه‌وه جومگه‌كانی حكومڕانیی عێراقی كۆنترۆڵ كرد، هه‌رچه‌نده‌كی ئه‌مریكا هه‌وڵی دا عێراق رێك بخاته‌وه و له‌گه‌ڵ ژینگه‌ی ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌یدا ئاشتی بكاته‌وه، ئاسته‌نگی گه‌وره‌تری بۆ دروست ده‌كرا تا ئاتاری له‌سه‌ر پاتاڵی نه‌ما و به‌و رۆژه گه‌یشت، كه به قسه‌ی واقیعبینهكان گۆته‌نی "جارێكی دیكه نه عێراق نه سووریا وه‌كو خۆیان لێ نایه‌ته‌وه"، واته مه‌زه‌نده‌ی به یه‌كگرتوو مانه‌وه‌یان كارێكی نه‌زۆكه و له‌سه‌رووی مه‌حاڵه. چونكه له ماوه‌ی رابردوودا، به‌مه‌به‌ستی رزگاركردنی عێراق له هه‌ژموونی ئێران، ستراتیژ و تاكتیكگهلێك تاقی كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام نه‌ك هه‌ر سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ست نه‌هێنا، به‌ڵكو ئێران توانی ناكۆكییه ئه‌زه‌لییه‌كان قووڵتر بكاته‌وه و ملیشیا و پاشكۆكانی له ناوچه‌كه خورتر بكات تا كار گه‌یشته ئه‌و ئاسته‌ی، پێیان هه‌ڕه‌شه له وڵاتانی كه‌نداو و هاوپه‌یمانی ئه‌مریكا بكات.
ئه‌م غروره‌ی ئێران یا ده‌رفه‌ت رهخساندنه وه‌ك ئه‌ڵمانیای به‌ر له جه‌نگی دووه‌می جیهان، به‌و ئاسته بگات، كه ئه‌وه ئه‌مریكا نییه ئاڕاسته‌ی رووداوه‌كان له رۆژهه‌ڵاتی ناوین ده‌كات، به‌ڵكو ئێرانه ئه‌و كاره ده‌كات، نه‌خاسمه وه‌ك چۆن عێراقی سه‌ددام ویستی له په‌نای گهمهكانیدا خۆی له رێككه‌وتنی سه‌فوان بدزێته‌وه، ئێرانیش ده‌یه‌وێ وه‌ك ئامرازێك رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه(هه‌رچه‌نده هه‌ڕه‌شه‌ی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی له‌سه‌ره) بۆ گه‌یشتن به ئامانجه‌كه‌ی خۆی (كۆنترۆڵكردنی ناوچه‌كه) به‌كار بهێنێ، بۆیه ئه‌گه‌ر له‌وه زیاتر چاوپۆشی بكرێ هاوسه‌نگیی هێز له به‌ین ده‌چێ.
ئیسرائیلی لێده‌رچێ، هیچ وڵاتێك بوێریی ئه‌وه‌ی نه‌بوو رووی خۆی له ئێران گرژ بكات. پاشانیش عه‌ره‌بستانی سعوودیا، كاتێك له راڕه‌وه‌كانی خۆی گوێی له سه‌دای هه‌ڕه‌شه‌كانی ئێران بوو، ده‌نگی خۆی خسته پاڵ ئیسرائیل. به‌ڵام پێده‌چێ له سایه‌ی ئیداره‌ی نوێی ئه‌مریكا هاوكێشه‌كه سه‌ره‌وژێر بێته‌وه، ئه‌مریكا به‌ئاشكرا ئێران وه‌ك هه‌ڕه‌شه و راعیی ئیرهاب پێناسه ده‌كات، توركیا ئاشكراتر ره‌خنه له سیاسه‌تی فره‌وانخوازی ئێران ده‌گرێت. له‌و لاشه‌وه به‌پێی تێگه‌یشتنی هه‌ندێ له چاودێران وڵاتانی سوننه مه‌زهه‌بی ناوچه‌كه به ئیسرائیله‌وه له‌به‌ر شهنوكهوكردنی پێكهێنانی هاوپه‌یمانیه‌تی ئیقلیمی دان بۆ رێگرتن یا به‌گژداچوونه‌وه له‌و سیاسه‌ته‌ی ئێران. سه‌لمان ئه‌نساری سه‌رۆكی ژووری كاروباری په‌یوه‌ندییه گشتییه‌كانی سعوودیا ئه‌مریكا له نووسینێكدا په‌رده له‌سه‌ر ئه‌م هه‌وڵه ئیقلیمییه لاده‌بات و ده‌ڵێ "هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ ئیسرائیل ته‌نها خزمه‌ت به به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوو وڵاتی ئیسرائیل و عه‌ره‌بستانی سعوودیا ناكات، به‌ڵكو خزمه‌ت به ته‌وای رۆژهه‌ڵاتی ناوین و هاوپه‌یمانه‌كانی هه‌ردوو وڵاتیش ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌ردوو وڵات شه‌ڕی ئه‌و رێكخراوه توندڕۆیانه ده‌كه‌ن، كه له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه پشتیوانی ده‌كرێن". له‌و لاشه‌وه دوای سه‌ردانی سه‌رۆكوه‌زیرانی ئیسرائیل (بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ) بۆ كۆشكی سپی، سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی سیاسه‌تی فرهوانخوازیی ئێران له ناوچه‌كه‌دا، بالیۆزی ئه‌مریكای له ئیسرائیل( دێیڤد فریدمان)ی راسپارد كار بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م هاوپه‌یمانه‌تییه‌ی نێوان ئیسرائیل و ده‌وڵه‌تانی سوننه‌مه‌زهه‌ب بكات. ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌وڵه سه‌ر بگرێ (كه تاڕاده‌یه‌ك رێی تێده‌چێت و زه‌روره‌ت ده‌یسه‌پێنێ، نه‌مازه خۆی ئیسرائیل رێككه‌وتنی له‌گه‌ڵ هه‌ر یه‌ك له ئوردن و میسر و چه‌ند وڵاتێكی دیكه هه‌یه) ئه‌وا له مێژووی ناوچه‌كه ده‌بێته ئه‌زموونێكی نوێی هاوكاری بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی به قه‌ولی خۆیان "دوژمنێكی هاوبه‌ش"، بۆیه دوای رسكاندنی ئامرازه‌كان و پێداویستییه‌كان، پێده‌چێت ئه‌مریكا له په‌یامێكدا به‌توندی تاران ئاگادار بكاته‌وه، له‌گه‌ڵیدا داوا له رووسیایش بكات خۆی له ئێران دوور بخاته‌وه. واته دووجار پلانه ئاماده‌كراوه‌كه له‌دژی جێبه‌جێ ده‌كرێ، چونكه به‌پێی پلانه ئاماده‌كراوه‌كه رێكخراوه توندڕۆكان ته‌نها له رێی به ئامانجگرتنی سه‌رانیان و وشكردنه‌وه‌ی سه‌رچاوه‌ی دارییان له ره‌گوڕیشه‌وه ههڵناتهكێ، به‌ڵكو ده‌خوازێ ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ش سزا بدرێن، كه داڵده‌یان ده‌ده‌ن و سه‌رپه‌رشت و رستیان ده‌كات.