ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info- ئەندامێکی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا دەڵێ، (ئەنەکەسە) ھەر سەرکەوتنێک تۆمار بکات، (پەیەدە) ژمارەیەک ئەندام و سەرکردەی لێ دەستگیر دەکات. ئێستا، کە شاندێکی (ئەنەکەسە) لە ئەمەریکایە، (پەیەدە) لە کۆبانێ دەستی کردووە بە دەستگیرکردنی ئەندام و لایەنگرانی (ئەنەکەسە).
(نەواف حەسەن ڕەشید)، ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی کورد لە سووریا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''شاندێکی سێ کەسیی ئێمە لەسەر داوای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا سەردانی ئەمەریکایان کردووە، کە لە ٢٦ی مانگی ڕابردووەوە سەردانەکە دەستی پێ کردووە و تا ٥ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت. لەو سەردانەدا، شاندەکە لەگەڵ کۆنگرێسی ئەمەریکا کۆ بووەتەوە و بڕیارە چەند دیدارێکی دیکەش لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و بەرپرسانی ئەمەریکا ئەنجام بدات.''
(نەواف حەسەن ڕەشید) گوتی: ''(ئەنەکەسە) ھەر سەرکەوتنێک تۆمار دەکات، لەبەرامبەردا (پەیەدە) دەست بە دەستگیرکردنی سەرکردە و ئەندامانی ئێمە دەکات، چونکە چاویان بە سەرکەوتنەکانی ئێمە ھەڵنایەت.''
ئەدامەکەی (ئەنەکەسە) دەڵێ: ''ئێستا شاندێکی ئێمە لە ئەمەریکایە، ئەوانیش لە کۆبانێ دەستیان کردووە بە دەستگیرکردنی ئەندام و لایەنگرانی ئێمە و ژمارەیەکیان دەستگیر کردوون و بەزۆر دەیانبەن بۆ سەربازیی ناچاری.''
(نەواف حەسەن ڕەشید) دەشڵێ: ''پرۆسەی دەستگیرکردنی سەرکردە و ئەندامانی ئێمە لە ھەموو ڕۆژئاوای کوردستان بەردەوامە و تا ئێستا ژمارەیەکی زۆریان دەستگیر کردووە.''
بڵند ئیبراھیم