Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 25 APR 2024 10:54 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

هەورامی: سەرۆک بارزانی لە میونشن بە ڕاشکاوی باسی سەربەخۆییی کوردستانی کرد؛ ڕووسیا دەیەوێ پێوەندیی جیددی لەگەڵ هەرێمدا هەبێت
| KDP.info


هەولێر-KDP.info-  لە چاوپێكەوتنێكى لەگەڵ كەناڵى ئاسمانیى كوردستان ٢٤دا، (هێمن هەورامى)، یاریدەدەرى (سەرۆک بارزانی)، بە وردى تیشكى خستە سەر كۆنفرانسى ئایندەى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست و بەشداریى سەرۆكى هەرێمى كوردستان لە كۆنگرەى ئاسایشى میونشندا.

ــ لە ماوەى مانگێكدا لە ڕووسیا دوو كۆنفرانس سەبارەت بە كورد بەستراون، تۆ وەكو بەشداربووەیەك چ جیاوازییەك لەنێوان ئەم دوو كۆنفرانسەدا دەبینى؟

(هێمن هەورامى): سەرەتا دەمەوێت ئەو زانیارییە ڕاست بكەمەوە، ئەوەى ئاماژەت پێ دا و، هەندێك لە میدیاكانیش باسیان لێوە كردووە، دوو كۆنفرانس لە مۆسكۆ بۆ كورد نەكراوە. تەنیا بۆ هۆنینەوەى بانگەشەى سیاسی واگوتراوە و، دەتوانین كۆنفرانسەكەى ١٥ی مانگ بە كۆبوونەوەیەكى سیاحى ناو ببەین باشترە لە كۆبوونەوەى سیاسى، چونكە برادەرانى (پەیەدە) بۆ ململانێى هەندێك لەو پرسە سیاسییانەى لەگەڵ بەشێك لە ڕێكخستنەكانى (پەكەكە) دەیكەن، لە چوارچێوەى ئەوەى كە پێى دەگوترێت فیدڕاسیۆنى كۆمەڵە كوردییەكانى سەر بە خۆیان و بانگهێشنامەیان بۆ هەندێك پەرلەمانتارى كوردستان، سەر بە لایەنە سیاسییەكانى دیكە ناردبوو، ئێمە لەڕێی هەندێك كەناڵى تایبەتى خۆمانەوە، پێوەندیمان بە وەزارەتى دەرەوەى ڕووسیا كرد، وەزارەتى دەرەوەى ڕووسیا بە فەرمى وەڵامى ئێمەیان داوەتەوە لە كۆنگرەیەكى ڕۆژنامەوانیدا، كە وەزارەتى دەرەوەى ڕووسیا بە هیچ شێوەیەك ئاگای لەو جۆرە كۆنفرانس و كۆبوونەوەیە نەبووە، كە پارتە سیاسییەكان لە ١٥ی مانگدا بەستوویانە. بەڵام ئەمەى ئەمڕۆ كۆنفرانسێكى فەرمیى نێودەوڵەتییە، نیزیكەی ١٠٠ كەسایەتیى سیاسى و ئەكادیمى و سەرۆكى ئەنجوومەنى فیدڕاڵیى ڕووسیا لێرە بوونە و، نوێنەرى سەرۆكى ڕووسیا (میخائیل بۆگدانۆڤ) بۆ كاروبارى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست ئامادە بوو و وتارى هەبوو، نوێنەرانى وڵاتانى ئەمەریکا و ئێران و سعوودیە و توركیا و ئوردن و میسر و ئیسرائیل و ئیمارات و لوبنان و بەریتانیا بەشدار بوون. منیش، وەكو نوێنەرى (سەرۆک بارزانی) لێرەم، كە بە فەرمی بانگهێشت كرابوو، بەڵام بەهۆى كۆنفرانسەكەى میونشن و سەردانەكەى بۆ توركیا نەیتوانى لێرە ئامادە بێت. ئەوەى كە ئەمڕۆ و سبەینێ بەڕێوە دەچێت كۆنفرانسە ئەساسییەكەیە و لەسەر حەوت تەوەرەى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست قسە دەكرێت؛ كە قسەكردنە لەسەر هەریەكە لە سیستەمى نوێى جیهان و ئایندەى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست و شەڕى تیرۆر و ڕەوشى سیاسیى عێراق و سووریا و پێوەندییەكانى نێوان لیبیا و یەمەن و كێشە نێوخۆیییەكانیان و ئەكتەرە نێودەوڵەتی و هەرێمییەكان و كاریگەرییان لەسەر ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست و كاریگەرییە ئابوورییەكانیش. ئەمانە ئەو تەوەرانە دەبن، كە ئەمڕۆ و سبەێنێ لە كۆنفرانسەكەدا قسە و باسیان لێوە دەكرێت.

ـــ لە هەندێك میدیادا باس دەكرا، لە كۆنفرانسەكەى ١٥ی مانگدا تەنیا نوێنەرانى (پەیەدە)ی بەشدار نەبوون، بەڵكو نوێنەرانى هەرچوار پارچەكەى كوردستان تێیدا بەشدارییان كردووە، بەتایبەتى چەند نوێنەرێكى باشوورى كوردستانیش؟

(هێمن هەورامى):  پێشتریش ئاماژەم پێ دا، برادەرانى (پەیەدە) و (پەکەکە) هەندێك دامەزراوە و ڕێكخراویان هەیە، یەكێك لەو ڕێكخراوانە (كەنەكە)یە لە برۆكسل و زۆر جار بانگهێشت بۆ حزبەكان دەنێرن، بەڵام ئەوەى كە پێى بگوترێت كۆنفرانسێكى نێودەوڵەتى، بە ئامادەبوونى نوێنەرانى وەزارەتى دەرەوەى ڕووسیا و بەشداریى سەفارات و نوێنەرانى ئەو ناوچانەى كە باسمان كرد، كۆنفرانسى لەو جۆرە نەبووە.

ــ كە باس لە كێشەكانى پارچەكانى كوردستان دەكرێت، هەریەكەیان بە جۆرە كێشەیەكەوە دەناڵێنێت، بۆچى بە تەنیا بانگهێشتى بەڕێز (مسعوود بارزانى)، سەرۆكى هەرێمى كوردستان كراوە؟

(هێمن هەورامى): لە وتارەكەیدا، (میخائیل بۆگدانۆڤ) بەجودا باسى لە هەرێمى كوردستان و پێوەندییەكانى نێوان ڕووسیا و هەرێمى كوردستان و كاریگەریى هێزى پێشمەرگە و ڕۆڵى (سەرۆک بارزانی)ی كرد، هەروەها بە شێوەیەكى جوداش باسى پێوەندییەكانیانی لەگەڵ حكوومەتى عێراق و لایەنەكانى دیكە كرد. هەرێمى كوردستانى عێراق دامەزراوەى دەستوورى و حكوومەت و پەرلەمان و سەرۆكایەتیی هەرێمیی خۆى هەیە، ئەكتەرێكى بەفەرمی ناسێنراوە لەنێو كۆمەڵگەى نێودەوڵەتیدا، بۆیە ئەوەى كە ئێستا هەرێمى كوردستانى عێراق هەیەتى، ئەو پێگە دیپلۆماسى و سیاسییەیە، كە بە فەرمى كونسوڵخانەى ٣٦ وڵاتى جیهانى لێیە و ئەندامێكى كاریگەرى ڕێكەوتنە نێودەوڵتییەكانى دژى تیرۆرە. ئەمەیە وای كردووە، ڕۆڵى هەرێمى كوردستان و (سەرۆک بارزانی)، وەكو سەرۆكى هەرێمى كوردستان، ڕۆڵێكى دیپلۆماسى و سیاسیى ناسراو بێت، هەروەها بەشداریكردنى لە كۆنفرانسى ئاسایشى میونشن لە حەفتەى ڕابردوودا و سەردانى پێشترى داڤوزیش بەو مانایەیە، كە ئێستا هەرێمى كوردستان خاوەنى كەسایەتییەكى ناسراوى نێودەوڵەتییە و، توانیویەتى لە هاوكێشە جیۆپۆلیتیكییەكانى ناوچەكە و لە شەڕى تیرۆر و ئەو چالاكییانەدا، كە ئەنجوومەنى ئاسایشى هەرێمى كوردستان ئەنجامى داون، هەرێمى كوردستانى عێراق بخاتە سەر نەخشەى هێزە كاریگەرەكانى سەر ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست. ئەم هۆكارە دەستوورى و یاساییانەن كە وایان كردووە، هەرێمى كوردستان و جەنابى (سەرۆک بارزانی) وەها پێگەیەكیان لە هاوكێشە ناوچەیى و جیهانییەكاندا هەبێت و هەرێمى كوردستان جیاوازتر بێت لە بزافى نەتەوەییى پارچەكانى ترى كوردستان.

ـــ پرسى كورد و پڕۆژەى سەربەخۆیى لە كوێى ئەو كۆنفرانسەدا جێگاى خۆى كردووەتەوە؟

(هێمن هەورامى): یەكەم ڕۆژى كۆنفرانسەكە چوار پانێڵ ئەنجام دران و ڕۆژى دووەمیش سێ پانێڵى دیكە ئەنجام دەدرێت، پانێڵى یەكەم لەسەر سیستەمى نوێى جیهان و ئایندەى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست و، پانێڵى دووەم لەسەر شەڕى تیرۆر و میكانیزمەكانى ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆر بوو؛ هەروەها پانێڵى سێیەم لەسەر عێراق و سووریا بوو. هەرسێ پانێڵەكە، لە یەكتر نیزیك بوون، خۆشبەختانە هەموو ئەو بەشداربووانەى كە لەوێ بوون، تەنانەت بەو عەرەبانەشەوە كە جۆرێك دیدگاى پەڕگیری ناسیۆنالیستى عەرەبییان هەیە، لەوانە (عەمر مووسا)، كە پێشتر سەرۆكى كۆمكارى عەرەبى بوو، ئەویش پێى وایە، مافى ڕەواى خەڵكى كوردستانە، کە پرسى مافى چارەى خۆنووسینى خۆیان بە شێوازێكى ئاشتیانە و لەڕێى گفتوگۆوە لەگەڵ عێراق جێبەجێ بكەن. هەروەها (فیتاڵى ناوەنكیك)، یەكێكە لە ڕاوێژكارەكانى ڕووسیا و زۆر نیزیکە لە بڕیارى سیاسیى ڕووسیا، لە لێدوانێكیدا باسى ئەوەى كرد، كە بەبێ مەسەلەى كوردستان و كورد ناكرێت هیچ كۆنفرانسێك لەسەر پرسى ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاست بكرێت، بۆیە پرسى هەرێمى كوردستان و سەربەخۆییى هەرێمى كوردستان وەك ئەكتەرێكى چالاك، كە نەبووەتە ئەجێنداى بەشێك لە ئەكتەرە ناوچەیى و جیهانییەكان لە ناوچەكەدا، ئەمە بووەتە هۆى ئەوەى كە ڕێز لە پێگەى هەرێمى كوردستان بگیرێت و تێگەیشتنێكى باشتر بۆ هەرێمى كوردستان بگیرێتە بەر، هەروەها بە هیچ شێوەیەك نكۆڵى لەو مافە نەكرێت كە هەرێمى كوردستانى عێراق هەیەتى.

ـــ ڕەخنە لەوە دەگیرا كە هەرێمى كوردستان بەلاى ڕۆژئاوا و ئەمەریکادا چووە و كەمتر ڕووی لە وڵاتانى ڕووسیا و چین بووە، بانگهێشتكردنى سەرۆكى هەرێمى كوردستان بۆ كۆنفرانسێكى نێودەوڵەتیى وەها و گرێبەستى کۆمپانیاى ڕووسنەوت لەگەڵ هەرێمى كوردستان و، ئەمانە چ ئاماژەیەك دەگەیەنن، ئاخۆ دڵنیا بین، کە لەمەودوا ڕووسیا دەبێتە گەمەكەرێكى گرینگ و بۆچوونى ئەرێنیی بۆ ئایندەى هەرێمى كوردستان دەبێت؟

(هەورامى): ئەوەى كە ئەمڕۆ لە پانێڵەكاندا باس كرا و خاڵى هاوبەشى هەرسێ پانێڵەكە بوو، ئەوەندەى من لێى تێگەیشتم، پێنج گۆڕانكاریی گەورە، لەو فاكتەرانەن كە كاریگەرییان لەسەر بەرژەوەندییەكانى وڵاتانى گەورە و ئێمەش لە ناوچەكەدا دەبێت. یەكەمیان، هەموو پانێلیستەكان لەسەر ئەوە كۆك بوون، كە فاكتەرى كاریگەری ساڵى ٢٠١٧ی ڕووسیا، کە قوناغى دەستوەردانى سەربازییە لە سووریادا، هاتووەتە سەر ئەوەى کە دەیهەوێت بەرهەمە سیاسییەكانى لەسەر ئاستى گەورەتر لە سووریا و، لە ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاستدا وەدەست بكەوێت. هەموو پانێڵستەكان لەسەر ئەوەش كۆك بوون، كە ئیدارەى ترامپ و سیاسەتەكانى بە كوێ دەگات و كاریگەرییەكانى لەسەر ئێران و عێراق و سووریا و ناوچەى ئارام لە سووریا و هاوكێشەى ناوچەكە كاریگەر دەبێت. یەكێكى دیكەش لەو خاڵانەى ئەمڕۆ قسەى لەسەر كرا، ئەوە بوو کە ڕاستە ئەمساڵ ساڵى لەنێوبردنى داعشە، بەڵام ساڵى بەهێزبوونەوەى تیرۆریشە. چونكە ئەو ڕێكخراوە تیرۆریستانەى دیكە، كە دژى داعش بوون، بەتایبەتى ئەو ئارگیۆمێنتەى كە داعش بەرامبەر قاعیدە هەیبوو، ئەگەر لەم دیدگایەوە تێى بنواڕین، دەبینین پێوەندییەكانى ڕووسیا لەگەڵ موعارەزەى سووریا و پێوەندییەكانى ڕووسیا لەگەڵ توركیا و جۆرێك جیاوازى لە تێڕوانینەكانى ئێران و ڕووسیا لە پرسى سووریادا و، جۆرێك نیزیکبوونەوەى ڕووسیا و توركیا و ئەمەریکا لەسەر پرسى سووریا، بەو پێیەى كە سێ قۆڵى وەها چارەسەرێكى هاوبەش بۆ  سووریا بدۆزنەوە، هەروەها بەستنى كۆنگرەى ئاستانەی یەك و دوو و، بەشداریكردنى ئاكتیڤانە لە جنیڤ لە سویسرا و، ئەمانە هەمووى ئارگیۆمێنتن بۆ ئەوەى كە ڕووسیا، ئێستا لە قۆناغێكى گرینگى پراكتیزەكردنى چالاكیی سیاسى و چنینەوەى دەستكەوتى سیاسییە لەو سەركەوتنە سەربازییەى لە حەڵەب و سووریا لە بەرژەوەندیى خۆی و هاوپەیمانەكانیدا هێناویەتە ئاراوە. بۆیە دەتوانین بڵێین ڕووسیا، كێرڤى سیاسەتى فراوانترین پێوەندی و ڕۆچوونى قووڵترین پێوەندییەكانە لەگەڵ ئەكتەرە كاریگەرەكانى ناوچەكەدا. لەم ڕوانگەیەوەیە كە ڕووسیا دەیهەوێت پێوەندییەكی باشترى لەگەڵ هەرێمى كوردستاندا هەبێت و، بیریشمان نەچێت، کە پێوەندییەكانى نێوان هەرێمى كوردستان و ڕووسیا پێوەندییەكى مێژوویى درێژخایەنن، ڕاستە هەڵبەزودابەزى تێدابووە، بەڵام زیاتر پەیوەست بووە بەوەوە، كە ڕووسیا مەوداى چالاكییەكانى فراوانتر بووە، یان كەمتر بووە. ئێمە پێمان وایە ئێستا ڕووسیا دەیەوێت چالاكییە سیاسى و جیۆپۆلیتیكییەكانى لە ڕۆژهەڵاتى نێوەڕاستدا بەگشتی و لە عێراق و سووریادا بەتایبەتى فراوانتر بكات. ئێمە لێدوانەكەى (پووتین) لە وەڵامى پرسیارى كەناڵى تەلەڤزیۆنیی كوردستان ٢٤دا لەسەر پرسى سەربەخۆیى و ڕۆڵى كورد و پێوەندیی مێژووییى كورد و ڕووسیا و هاتنى كۆمپانیاى ڕووسنەفتى ڕووسى و ئەنجامدانى ڕێكەوتنێكى ئابوورى لەگەڵ هەرێمى كوردستاندا بۆ سێ ساڵى ئایندە دەبینین و، دەبێت بیریشمان نەچێت ڕووسیا، یەكەم وڵاتى ئەنجوومەنى ئاسایش بوو، كە كونسوڵخانەى لە هەرێمى كوردستاندا كردەوە، هەموو ئەمانە فاكتەرى ئەوەن، كە ڕووسیا دەیەوێت پێوەندییەكانى لەگەڵ هەرێمى كوردستان بگەێنێتە ئاستێكى باڵاتر، بۆیە جۆرێك لە تێگەیشتنى زیاتر هەیە. بەڵام دیسان دەڵێمەوە، ئێمە هەمیشە ویستوومانە پێوەندیمان لەگەڵ ڕووسیا هەبێت، بەڵام ئەوەى كە ئێستا تێبینى دەكرێت جددییەتێكى زۆر بە ڕووسیاوە دەبینرێت بۆ پێوەندیی نێوان هەرێمى كوردستان و ڕووسیا.

ــ پێوەندیی وڵاتان لە دنیادا پێوەندیی ستراتیژى و تاكتیكین، ئایا پێوەندیی نێوان هەرێمى كوردستان ڕووسیا كامیانە؟ ئاخۆ پێوەندییەكان لەو ئاستەدان، كە مۆسكۆ لە ئایندەدا دژى سەربەخۆییى كوردستان نەوەستێتەوە؟

(هەورامى): ئێمە لە هەرێمى كوردستانى عێراق، بەو پێیەى كە هەرێمێکی فیدڕاڵین و نەبووینەتە دەوڵەتێكى سەربەخۆ، ناتوانین قسە لەسەر ئەوە بكەین، كە پێوەندیی ستراتیژی و مۆركراومان لەگەڵ وڵاتانى گەورەى دنیا هەیە، بەڵام ناتوانین ئەوەش بڵێین، كە پێوەندییەكى تەكتیكى لەنێوان هەرێمى كوردستان و ئەو وڵاتانەدا هەیە. هەرێمى كوردستانى عێراق ئێستا چووەتە قۆناغێكى باڵاترەوە و خۆى وەكو فاكتەرێكى سەقامگیر لە پاراستنى هاوسەنگیى هێز لە ناوچەكەدا دەبینێت و، توانى سەركەوتووانە خۆى بە ئەكتەرێكى كاریگەرى ئاسایشى جیهانى و ناوچەیى لە شەڕى تیرۆردا بناسێنێت. هەرێمى كوردستان، ئەو ئەكتەرەیە، كە ڕووسیا دەیهەوێ پێوەندییەكانى فراوان و درێژخایەنى لەگەڵیدا هەبێت.

ــ سەبارەت بە كۆنگرەى ئاسایشى میونش، لە لێدوانێكدا ڕاتگەیاندووە، سەرۆكى هەرێمى كوردستان لە دیدارەكانى لەگەڵ نوێنەرانى جیهان، زۆر بە ڕاشكاوانە باسى سەربەخۆییى كوردستانى كردووە و قسەى زۆر جیددى كراوە، ئەو قسە جیددیانە چین؟

(هەورامى): لە ماوەى كۆنگرە ئاسایشى میونشدا، شاندى هەرێمى كوردستان بە سەرۆكایەتیى (سەرۆک بارزانی)، وەكو تاكە شاندى هەرێمى، چونكە ئێمە وڵات نین، بەشدارى ئەم كۆنگرەیە بووین. شاندى هەرێمى كوردستان، نیزیکەى ٢١ كۆبوونەوەى دیپلۆماسیى لەگەڵ ئەو شاندانەدا ئەنجام دا، كە لەوێ بەشدار بوون، ئەمانەش زۆرترین كۆبوونەوە بوون، كە شاندێك لە كۆنگرەكەدا ئەنجامى دابن. لە هەموو كۆبوونەوەكاندا، كە هاتبنە سەر پێگەى ئێستاى هەرێمى كوردستان و پێوەندییەكانى لەگەڵ بەغدا، (سەرۆک بارزانی) زۆر بە ڕاشكاوانە باسى لەوە كردووە، كە عێراق بە دوو قۆناغدا تێپەڕیوە، قۆناغى دروستبوونى عێراق لە ساڵى ١٩٢٠ەوە تا  ٢٠٠٣ و، قۆناغى دووەم، لە ساڵى ٢٠٠٣ەوە تا ٢٠١٤. لە هەردوو قۆناغەكەدا خەڵكى هەرێمى كوردستان نەك بە مافەكانى خۆیان نەگەیشتوون، بەڵكو بوونەتە قوربانیى جینۆساید و سیاسەتە نەگریسەكانى ڕژێمەكانى عێراق و سیاسەتە فاشیلەكانى (مالیكى) و جێبەجێنەكردنى دەستوورى عێراق و، لەم دیدگایەوە جەنابى سەرۆك بە هەموو شاندەكانى ڕاگەیاند، ئێمە بە پرۆسەیەكی بەرفراوان لەگەڵ عێراق دەستمان بە دیالۆگ كردووە و، ئیتر ناتوانین بە هیچ شێوەیەك درێژە بە ژیان لەگەڵ بەغدا بدەین و، ئەوان نایانەوێت شەریكێكى ڕاستەقینە بین و ئێمەش قبوڵ ناكەین پاشكۆ بین، بۆیە لێرەوە بە شوێن فۆڕمەلەیەكدا دەگەڕێین بۆ ئەنجامدانى ڕیفراندۆم و گەیشتن بە گفتوگۆى ئاشتیانەى نێوانمان. جەنابى سەرۆك پێی ڕایگەیاندن، كە ئەوان قبووڵ نەكەن شەریكى ڕاستەقینە بین و ئێمەش پاشكۆیی قبووڵ نەكەین، با درواسێیەكى باش بین.


ــ ئاخۆ ئەو گەشبینییەتان لە ئیدارەى ترامپدا بینى كە لە هەموو دۆخێكدا پشتگیرى كورد دەبن؟

(هەورامى): لە سیاسەتدا باوەڕم بە گەشبینى و ڕەشبینى نییە، بەڵكو باوەڕم بە واقعبینییە. جەنابى سەرۆك چوار كۆبوونەوەى لەگەڵ ئەمریكییەكان هەبوو، لە هەرچوار كۆبوونەوەكەدا تەئكید لەسەر هاوكارى و پاڵپشتییەكانى ئەمەریکا بۆ هەرێمى كوردستان لە شەڕى تیرۆر و پاراستنى سەقامگیریى هەرێمى كوردستاندا كرایەوە.
 




دوایین هەواڵەکان

وەزیری تەندروستی: ھەڵمەتەکە دەستی پێکردووە.. داوا لە دایک و باوکان دەکەین ھاوکارمان بن

THURSDAY, 25 APRIL 2024 10:04:16

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وەزیری تەندروستی عێراق بەشداری لە کۆنفڕانسێکی نێودەوڵەتی بۆ نەخۆشییەکانی منداڵان لە ھەولێر دەکات و ھەڵمەتەکانی کوتانی قوتابیانیش بەسەردەکاتەوە.

 

وەزارەتی ناوخۆ ئاگادارییەك ئاراستەی ئەو ئەفسەر و كارمەندانە دەكات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 00:04:55

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاگادارییەك ئاراستەی ئەو ئەفسەر و كارمەندانە دەكات كە بی مۆڵەتی خوێندن بڕوانامەیان بەدەست هیناوە و تاوەكوو ئێستا بۆیان هەژمار نەكراوە.

 
ھەرێمی کوردستان بەشداری لە دیداری ئەبوزەبی بۆ وەبەرھێنان دەکات

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 19:04:39

ھەولێر -KDP.info- دەستەی گشتی وەبەرھێنان بەشداری لە سێزدەمین دیداری وەبەرھێنان لە ئەبوزەبی دەکات و سەرۆکی دەستەی گشتی وەبەرھێنانیش دەڵێ، ھەرێمی کوردستان بۆ جاری یەکەمە بەشداری لە دیدارەکە دەکات.

 
ئەنجومەنی وەزیران: بەپێی یاسا بەرکارە فیدڕاڵییەکان، بەشی بەغدا لە داهاتی نانەوتی هەرێم دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 19:04:56

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی نیسانی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 
مەحموود محەممەد: وەک پارتی لەگەڵ سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێگریی لە بەشداریی پێکهاتەکان، کۆک نەبووین

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 18:04:37

مەحموود محەممەد: وەک پارتی لەگەڵ سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێگریی لە بەشداریی پێکهاتەکان، کۆک نەبووین

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact