هه‌ولێر-KDP.info- به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاسایشی هه‌ولێر ده‌ستگیركردنی بكوژانی (مه‌لامه‌حموود) و چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌یان ڕاگه‌یاند و، له ڕوگه‌یێندراوێكدا جه‌خت ده‌كاته‌وه له‌وه‌ی كه، لێکۆڵینه‌وه و رێکاره یاساییه‌کان به‌رده‌وامه و له ئاینده‌ی نزیکدا ورده‌کاریی زیاتر له‌وباره‌یه‌وه بۆ رای گشتی ده‌خه‌نه‌ڕوو.
ده‌قی ڕاگه‌یێندراوێك له له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاسایشی هه‌ولێره‌وه
دوای چه‌ندین رۆژ له لێکۆڵینه‌وه و چاودێریی تیمه‌کانمان له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاسایشی هه‌ولێر، توانرا گرووپێکی پێنچ که‌سی (دزیكردن و کوشتن) ده‌ستگیر بکه‌ین، که ده‌ستیان له چه‌ند تاوانێکی رێکخراوی ناو شاری هه‌ولێردا هه‌بووه.
گرووپی ده‌ستگیرکراو پێکهاتوون له تاوانباران (محمد صابر عبداللة، طارق عزیز محمود، سه‌رکه‌وت کریم حمد، نزام شکر اسماعیل و کاوه محمد خضر).
به‌پێی دانپێدانانه‌کانی ده‌ستگیرکراوان، دوایین تاوانی ئه‌م گرووپه، کوشتنی هاووڵاتی (محمود عثمان محمدامین) ناسراو به (مه‌لا محمود) بوو، که شه‌وی 2017/1/31 له "شارى مناره" له پێش ماڵه‌که‌ی خۆی کوشتیان و نزیکه‌ی هه‌شتا هه‌زار دۆلاری ناوبراویان دزیوه، (مه‌لا مه‌حمود) پێشتر وتاربێژ بووه و خاوه‌نی نوسینگه‌ی ئاڵوگۆڕی دراو بووه له شاری هه‌ولێر.
به‌پێی دانپێدانانیان له‌لێکۆڵینه‌وه‌کاندا، گرووپی تاوانکار ده‌ستیان له چه‌ندین تاوانی دیکه‌ی دزی و هه‌ڵکوتانه سه‌ر ماڵان و هاووڵاتیانی مه‌ده‌نیدا هه‌بووه.
لێکۆڵینه‌وه و رێکاره یاساییه‌کان به‌رده‌وامه و له ئاینده‌ی نزیکدا ورده‌کاریی زیاتر له‌وباره‌یه‌وه بۆ رای گشتی ده‌خه‌ینه‌ڕوو، به پێویستیشی ده‌زانین سوپاسی هاووڵاتیانی شاری هه‌ولێر بکه‌ین، له هاوکاری به‌رده‌وامیان بۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایش و زانیاری پێدان له‌سه‌ر گومان‌لێکراو و تاوانباران.
به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی هه‌ولێر