جه‌بار قادر
ئێستا یه‌كێك له ئاریشه گه‌وره‌كانی دنیا بریتییه لەو توخمه سەرەكیانەی هاتووەتە بەردەمی بنیادی پرۆسه‌ی دیموكراسییه‌وه، ئه‌ویش بوونی پۆپۆلیستەكانە، ئاریشه‌كه بووەته مه‌ترسییه‌ك له‌سه‌ر ژیانی گه‌شه‌ی دیموكراسی، چونكه دواجار دیموكراسی لایه‌نه نادرووسته‌كانی ده‌رده‌كه‌ون، به‌تایبه‌ت ئه‌و كاته‌ی كه پۆپۆلیسته‌كان بەرێگەی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه دەردەكەون و ده‌یانه‌وێت له‌م ڕێگه‌یه‌وه سه‌رنجی زۆرینه بۆ خۆیان ڕابكێشن و دروشم و به‌ڵینیشیان، ڕاسته‌وخۆ کار دەکاتە سەر ژیانی گشتی خه‌ڵك.
دواجار دیموكراسی له پرۆسه‌یه‌كی ئاڵوگۆڕێ ده‌سه‌ڵات و به‌شداریی خه‌ڵكه‌وه، خه‌ریكه ده‌بێتە ڕەوتێکی قۆرخكارانە و به‌كارهێنان و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندنی زۆرینه‌یه‌ك كه زیاتر له ڕێگه‌ی دروشم و به‌ڵێن و پرۆژه‌وه خۆیان ده‌رده‌خه‌ن، ئه‌م پرۆسه‌یه ئێستا پۆپۆلیسته‌كان به ئاسانی ده‌توانن به‌كاری بهێنن و لێی بخۆن، به‌جۆرێك له ڕێگه‌ی پرۆسه‌ی دیموكراسی و ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه ڕای زۆرینه‌یه‌كی گشتی بۆخۆیان ڕابكێشن، ئه‌مه‌ش به به‌كارهێنانی چه‌ندین دروشم و به‌ڵێن و ئامانجی گه‌وره و گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ بیرێكی توندڕۆیی نه‌ته‌وه‌یی و پاراستنی نه‌ته‌وه و وڵاته‌وه به‌كار ده‌هێندرێت.
پۆپۆلیزم شێوازێكی سیاسییە بۆ لایەنگریكردن یان دەربڕینی لایەنگری لە ماف‌و هۆگرییەكانی خەڵكی ئاسایی لەبەرامبەر خەڵكی نوخبە و دەستەبژێر، گوتاری پۆپۆلیستی رەگی لە نێو میژوودا هەیە بهچهنیدن شێوه و میكانیزمی جیاجیا سه‌ری هه‌ڵداوه و ماوه‌ماوه‌ش به فۆرمێكی نوێوه ده‌رده‌كه‌وێته‌وه.
ئێستا گفتوگۆیه‌كه له‌وه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت كه، ئه‌و حزبانه‌ی كه ئیداره‌ی بیری پۆپۆلیستی ده‌ده‌ن چ شوناسێكیان هه‌ڵگرتووه؟ ئایا شوناسێكی دیاریكراویان هه‌یه؟، جیاوازی نێوان دیماگۆگی و پۆپۆلیستی چییه؟
دیموكراسی چۆن ده‌توانێت له پۆپۆلیسته‌كان خۆی ده‌رباز بكات
یه‌كێك له پرسیاره جه‌وهه‌رییه‌كان ئه‌وه‌یه كه ئایا دیموكراسی چۆن ده‌توانێت له بیری پۆپۆلیستی خۆی ده‌رباز بكات؟، ئه‌مه خوێندنه‌وه‌یه‌كی قورس و گشتگیر هه‌ڵده‌گرێت، چونكه پۆپۆلیسته‌كان سوودیان له پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن و چه‌واشه‌كردنی خۆیان و خه‌ڵك وه‌رگرتووه، له‌م ڕێگه‌یه‌شه‌وه دێنه ده‌سه‌ڵات و ئیداره‌ی پرۆسه‌ی سیاسی و كولتووری و ئابوروی ده‌كه‌ن، یان هه‌وڵی گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و ئابووری ده‌ده‌ن، له‌وێشه‌وه ده‌یانه‌وێت كاریگه‌رییه‌كانی خۆیان زیاتر بكه‌ن. پۆپۆلیسته‌كان له ڕێگه‌ی راكێشانی پشتیوانیی جەماوەری، لە ڕێی گفت و بەڵێنی گشتی و ناڕوون، زیاتریش لەژێر كۆنترۆڵی دروشمی دژەئیمپریالیستیی و دیكتاتۆری و بیری چاكسازییه‌وه، سه‌رنجی خه‌ڵك بۆخۆیان ڕاده‌كێشن، ئه‌مه جگه له بەرەوپێشبردنی ئامانجە سیاسییەكان، بە شێوەیەكی سەربەخۆ و جیا لە دامەزراوە و حزبییەكان. رێزلێنان و گەورەكردنەوەی بەهاكانی خەڵك، لەسەر ئەو بیروباوەڕەی كە ئامانجە سیاسییەكان دەبێ بە ئیرادە و هێزی خەڵك و جیا لە حزب و رێكخراوە سیاسییەكان بەرەوپێش ببردرێت.
هەڵبەت ئایین و نەریتی سیاسیی پۆپۆلیزم، لە هەر وڵاتە و بەرگێكی تایبەتی هەیە، لە بزووتنەوە پۆپۆلیستییەكاندا، زۆر جار هاوپەیمانییەكی ئاشكرا یان لاوەكی لەنێوان چینە جیاوازەكان پێك دەهێنرێت، كە بەرژەوەندیی جیاواز یان زۆر جار بەرژەوەندیی دژ بەیەكیان هەیە، تێكەڵبوونی چین و توێژە جیاجیاكان لەو جۆرە بزووتنەوانەدا، دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی شوناسێكی دیاریكراو و نەبوونی سنووردارێتییەكی روون و ئاشكرای چینایەتی، پۆپۆلیزم ئەم نیشانە زەقانەی پێوە دیارە عەوامفریوی، دەمارگیری، پشتبەستن بە جەماوەری بێبەش، نەبوونی ئایدیایەكی دیار، پێداگریكردن لەسەر چاكسازی و گۆڕانكاری، كۆكردنەوەی بۆرژوازییەكان و دژەئیمپرالیستەكان و میللیگەراكان لەژێر یەك چەتردا، پاوانخوازی‌و باڵ پێدان بەهێزەكانی وابەستە بە بازاڕی نێوخۆیی، هەندێك جاریش داواكردنی ئازادیی زیاتر بۆ سەندیكا و كۆمه‌ڵه و ڕیكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و بەرزكردنەوەی دروشمی دیموكراسی.
كێ ئیداره‌ی بیری پۆپۆلیستی ده‌دات؟
هه‌میشه ئه‌وانه‌ی كه ئیداره‌ی بیری پۆپۆلیستی ده‌ده‌ن بریتیین له حزبه كۆنسێرڤاتهكان، ڕاستڕۆكان و نوخبه‌یه‌كی رۆشنبیری و سیاسی، توندڕۆ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان، هه‌ندێ كات پیاوانی ئایین و بازرگان‌یش ڕؤڵێكی كاریگه‌ر بۆ بهرفراونكردنی بیری پۆپۆلیستی ده‌گێڕن، كه ئامانجه‌كه زۆر ڕوونه بریتییه له گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، جا هه‌ر میكانیزمێك و وه‌سیله‌یه‌ك كه كاریگه‌ر بێت به‌بێ گوێدانه به‌هاكان به‌كاری ده‌هێنن بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته به دیموكراسی. به‌تایبه‌تر ئه‌وه‌ی پۆپۆلیسته‌كان كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن بریتییه له گه‌مژاندنی گشتی، به‌جۆرێك سه‌رنجی زۆرینه‌یه‌ك له ڕێگه‌ی دروشم و به‌ڵین و ئامانجه كاریگه‌رییه‌كانییه‌وه بۆ لای خۆی ڕاده‌كێشێت، دواجاریش كاتێك ناتوانێت ئه‌م ئامانجانه بێنێته دی، كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگی جیاجیای بۆ ده‌هێنێته‌وه و هه‌وڵ ده‌دات شكستی خۆی به چه‌ندین هۆكاری جیاجیا بشارێته‌وه.
دیماگوگی و پۆپۆلیتسی
دیماگۆگی زیاتر بنه‌ماكانی له‌سه‌ر چه‌واشه‌كاریی گشتی بوندیاد نراوه، واته كار له‌سه‌ر چه‌واشه‌كاری ده‌كات و خۆیشی ئه‌م لایه‌نه‌ی لا ڕوونه، كه له ڕێگه‌ی چه‌واشه‌كارییه‌وه ده‌یه‌وێت كاریگه‌رییه‌كانی به‌هێز بكات، دواجار كار و ئامانجی سه‌ره‌كی بریتییه له چەواشەکردنی خەڵکانی دیکەیە، به‌ڵام خۆی به ئاگایییه‌وه ئه‌م كاره ده‌كات، كه‌چی كێشه‌ی پۆپۆلیستی ئه‌وه‌یه كه ته‌نانه‌ت خودی خۆیشی چەواشە دەکات، به مانایه‌كی ڕوونتر هه‌ر دووكیان بنه‌ماكانیان له‌سه‌ر چه‌واشه‌كاری و هاندان و ڕاكێشانی سه‌رنجی خه‌ڵك و گه‌یشتنه به ئامانجه سیاسی و كولتووری و ئابوورییه‌كانیان، به‌ڵام تاكه شتێك كه جیاجیان ده‌كاته‌وه ئه‌وه‌یه كه پۆپۆلیسته‌كان به دروشم و به‌ڵێن و ئامانجه‌كانیان، خۆیشیان هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنن و باوه‌ڕی پێده‌كه‌ن.
ئایا پارته پۆپۆلیسته‌كان كێن؟
دروستبوونی پارتە پۆپۆلستیەكان تەنیا پەیوەست نین بە وڵاتە تازە گەشەكردووەكانەوە، بەڵكو ئەم پارتانە لە وڵاتانی ئەورووپا و لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكایشدا سەریان هه‌ڵداوه و له چه‌ندین قۆناغی جیاجیادا به‌ناوی جیاجیاوه بوونیان هه‌بووه، بەڵام گرینگ ئەوەیە خەڵكی ئەو ڕاستییەیان لەبەرچاو بێت كە بە پێچەوانەی بانگەشەكانی خۆیانەوە ئەم پارتانە نوێنەرایەتیی تێكڕای خەڵكی وڵاتەكە ناكەن. دواتر دەبێت خەڵكی فێری ئەوە ببن كە پرسیارگەلێكی دیاریكراو ئاڕاستەی پارتە سیاسییەكان بكەن كە پەیوەستن بە بەرنامەی كاری ئەو پارتانەوە بۆ دابینكردنی چاودێریی تەندروستی و باشتركردنی ڕەوشی پەروەردە و چاكسازیی سیاسی و ئابووری.. تاد.
ئه‌وه‌ی جێگای گومان و پرسیاره ئه‌وه‌یه كه زۆربه‌ی كات پارته پۆپۆلیستەكان خۆیان بە شمولی نازانن، بەڵام ئەنجامی كارەكانیان دەبێتە هۆی ئەوەی وەك پارتێكی شمولی ڕەفتار بكەن، كێشه‌كه لێره‌وه ئاڵۆزتر ده‌بێت كه روئیای پۆپۆلیستەكان هه‌میشه له جیهانبینییەكی سادەدا ده‌دۆزیته‌وه، واقیعەكە بەوجۆرە دەبینن سەركردەیەك دەتوانێت سەركردایەتییان بكات و بە باشترین شێوە بەرژەوەندییەكانیان بهێنێتە دی، پۆپۆلیستەكان ڕكابەرەكانیان بە كه‌مته‌رخه‌می نه‌ته‌وه‌یی و گەندەڵ و بە بەشێك لە كێشە گەورەكە دەزانن، لەبەر ئەوەشه باشترین وه‌سیله بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی ده‌یانه‌وێت له ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه بێت، چونكه هه‌وڵ ده‌دات دیموكراسی وه‌كو ئامرازێك به‌كار بهێنن بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی، هیچ كاتێك دێموكراسی به دیتگای پۆپۆلیسته‌كان ئامانج نییه بۆ پیاده‌كردن، به‌ڵكو وه‌سیله‌یه‌كی باشه بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵاتی سیاسی و بهگهمژهكردنی كۆمه‌ڵكا و ئاڕاسته‌كردنێكی دیایكراوانه. بۆیه‌شه به به‌رده‌وامی حزبه پۆپۆلیسته‌كان هه‌وڵیان داوه له ڕێگه‌ی پرۆپاگه‌نده و به‌ڵینی گه‌وره و ناواقعی و نه‌خوێندنه‌وه‌ی واقعی كولتووری و كۆمه‌ڵایه‌تی و ئابووریی كۆمهڵگایهكان، كۆمه‌ڵێك به‌ڵێنی گه‌وره بده‌ن كه دڵنیایشن ناتوانن بیانگه‌یه‌ننه جێ، دواجار په‌شیمانبوونه‌وه و ناڕوونی له به‌ڵێنه‌كانیاندا به ڕوونی ده‌بیندرێت.
یه‌كێك له بنه‌ماكانی كاری پۆپۆلیسته‌كان بریتییه له پرۆسه‌ی بهگهمژهكردنی كۆمه‌ڵگا، له‌سه‌ر بنه‌مای چهواشاكارییهك كه خودی خۆیشی باوه‌ڕی پێیه‌تی و به باوه‌ڕه‌وه مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كات، به‌تایبه‌ت له ڕێكخستنی دروشم و ناشیرنكردنی به‌رانبه‌ره‌كه‌ی و ئامانجی گه‌وره و وه‌به‌رهێنانی دنیایه‌كی زۆر جیاواز، هه‌ندێ كات ڕێبازی ئێتنۆسهنتریزم یان ئایین و مه‌زهه‌ب به‌كار ده‌هێنن، هه‌ندێ كاتی دیكه چه‌كی ئه‌وان بریتییه له بوونی دژه‌گه‌نده‌ڵی و دروشمی عه‌داله‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی و به‌رجه‌سته‌كردنی هه‌موو مافه‌كان هه‌ڵده‌گرێت. كه دواجار ناتوانێت ئه‌م دنیا جیاوازه دروست بكات، بۆیه دنیایه‌ك هۆكار و ئامراز ده‌بینێته‌وه، چونكه له بنه‌مادا هه‌موو ئه‌وانه‌ی هه‌ڵی گرتبوون واقعی و لۆژیكی و زانستی نه‌بوون، بۆیه‌شه ناتوانێت پێرۆی بكات. بۆیه‌شه هیچ كاتێك پۆپۆلیزم پێچەوانەی دیموكراسی نییە، بەڵام به به‌رده‌وامی هەڕەشە بووه بۆ سەر زۆرێك لە ڕواڵەت و بنه‌ماكانی دیموكراسی، چونكه ته‌نیا له ڕێگه‌ی چه‌ند بنه‌مایه‌كی دێموكراسییهوه ده‌توانێت گه‌شه بكات.
هه‌میشه ئه‌و بۆچوونه به دروستی هه‌یه كه پێی وایه، پۆپۆلیستیەكان زیاتر لەو چوارچێوه‌یه و بنه‌مایانه سەرهەڵدەدەن كە دامەزراوەی لاواز لە ئارادان، بە تایبەتی كاتێك دامەزراوەكانی حكوومەت ناتوانن وەك پێویست خزمەتگوزارییەكان بە خەڵك بگەیێنن. كە لەم كاتانەدا كەسانێك لە دەرەوەی ئەم دامەزراوانەوە سەرهەڵدەدەن و هەوڵی ڕاكێشانی خەڵك دەدەن بە لای خۆیاندا. كه دواهه‌نگاو بریتییه له ڕێكخستنه‌وه و گه‌شه‌ی هۆشیاریی تاكه‌كان و به‌گه‌ڕخستنه‌وه‌ی تواناكان به ئاڕاسته‌یه‌كی درووستدا.