هەولێر-KDP.info- (مهسعوود بارزانی) سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بهشداری لە کۆنفرانسی میونشن هاوڕێ لهگهڵ شاندێكی سیاسی و سهربازی ئێستا له ئهڵمانیایه، پسپۆڕێكی زانستە سیاسییەکان دەڵێ، پرسی سەربەخۆیی و قەیرانی دارایی دوو مەلەفن کە (سەرۆک بارزانی) دەیانخاتە بەردەم وڵاتانی جیھان. ئەو گوتیشی، شەڕی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریستان و شكاندنی ئوستوورهی داعش، ھەرێمی کوردستانی كرد ھەرێمەی بە یاریکەرێکی سەرەکیی ناوچەکە. چاودێرێكی سیاسییش لهسهر ئهو باوهڕهیه، بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بڵندکردنی ئاڵای کوردستان لە نێوان ئاڵای وڵاتاندا گوزارشتە لەوەی کە سەربەخۆییی کوردستان زۆر نزیکە.
لە کۆنفرانسی میونشندا بۆ ئاسایشی جیھان، پرسی ئاسایش و ئەو هەڕەشانەی دەکرێنە سەر جیهان، زیاتر دەورووژێندرێت. لە چەند ساڵی ڕابردوودا، بەتایبەتی دوای ساڵی 2014 پرسی سەرەکیی کۆنفرانسەکە بابەتی تیرۆر و شەڕی داعش بووە.
لهبارهی بهشداریی شاندی ههرێمی كوردستانیش تێیدا، (د. عەبدولحەکیم خەسرۆ) پسپۆری زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەددین بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ھەرێمی کوردستان یەکێک لەو ھێزە سەرەکیانە بوو، بەرەنگاری تیرۆریستانی داعش بووەوە کە مەترسییەکی زۆریان لەسەر وڵاتانی جیھان ھەبوو. هێزی پێشمەرگەش ڕۆڵی سەرەکیی لە تێکشکاندنی داعشدا گێڕا و، دوای نەمانی داعشیش هەر دەوری دەبێت. لەبەر ئەمە بەشداریی شاندی ھەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گرینگە و، ئاشکرایە کە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە سەرکەوتوویییەوە سەرکردایەتیی تێکشاندنی داعشی کرد.''
ئەو پسپۆرە دهڵێ: ''ئەو وڵاتانەی لە پرسی ئاسایشی جیهاندا ڕۆڵیان ھەیە لەو کۆنفرانسەدا بەشدارن و، دیارە ھەرێمی کوردستانیش، ئێستا یاریزانێکی نێو گۆڕەپانەکەیە، بۆیە بەشداریی شاندی کوردستان لەو کۆنفرانسەدا گرینگە. بەگشتی ڕۆڵ و پێگەی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرە و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا، لە (داڤووس)ـەوە بگرە تا کۆبوونەوەکانی دیکەی ھاوشێوەی کۆنفرانسەکەی (میۆنشن)، دیار و کاریگەرە و، ئەمەش نیشاندەری پێگەی دیپلۆماسیی هەرێمی کوردستانە لە ناوچەکەدا.''
بهگوێرهی زانیارییهكانی (د. عەبدولحەکیم خەسرۆ)، لە کۆنفرانسەکەدا جگە لەوەی کە (سەرۆک بارزانی) پانێڵی دەبێت، دوو مەلەفیش لە لایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستانەوە باس دەکرێن و دەخرێنە بەردەم سەرۆک و ڕێبەرانی جیھان؛ کە ئەو دوو مەلەفەش بریتین لە پرسی سەربەخۆیی و قەیرانی داراییی کوردستان. ئهو پسپۆڕهی زانسته سیاسییهكان گوتیشی، ''ئەو دوو مەلەفە پرسی ھەرەگەرم و سەرەکیی ھەرێمی کوردستانن. بێگومان ھەرلە پەڕاوێزی (میونشن)دا، (سەرۆک بارزانی) و شاندی ھەرێمی کوردستان کۆمەڵێک دیدار و چاوپێکەوتنیان لەگەل سەرۆک و شاندی بەشداربووی وڵاتانی جیھان لە کۆنفرانسەکەدا دەبێت.''
(نایف رەشۆ ئێسیانی) كه چاودێری سیاسییه و لە وڵاتی ئەڵمانیا دهژیێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوت: "بەشداریی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسی میونشن و بڵندکردنی ئاڵای کوردستان لە نێوان ئاڵای جیهاندا، گوزارشتە لەوەی کە سەربەخۆیی کوردستان زۆر نزیکە، ئەمەش گرینگییەکەی زۆری بۆ کوردستان هەیە.
جێی ئاماژەیە، ئەمڕۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەرەو وەڵاتی ئەڵمانیا بەرێکەوت و بریارە سبەینێ کۆنفرانسی (53) ـی ئاساییش لە شاری میونشنی وڵاتی ئەڵمانیا بەرێوە بچیت، كه تێیدا زیاتر لە 500 کەسایەتیی سیاسی لە وڵاتە جۆراوجۆرەکانی جیهان لە کۆنفرانسەکەدا بەشدارن.
قائید میرۆ-کاروان باعەدری