د.دلاوەر خالد ئاژگەیی*
پەیوەندیی دیپلۆماسی نێوان هەرێمی كوردستان و یەكێتیی ئەورووپا و ئەمەریكا و وڵاتانی ناوچەكە، لە ساڵی 2016 گەیشتە ئاستێكی بەرزی پەیوەندی كە دەكرێت بە سەردەمی زیرینی دیپلۆماسیی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان ناوزەد بكرێت.
سەردانی سەرۆككۆماری فەرەنسا و سەرۆكوەزیرانی هۆڵەندا و ئیتاڵیا و هەر سێ وەزیری دەرەوەی وڵاتانی بێنالۆكس لە یەك كاتدا و، دەیان وەزیری دەرەوە و بەرگری وەلاتانی یەكێتی ئەورووپا و سكاندیناڤیا و كەنەدا و ئەمەریكا و توركیا و ئێران و ئەوانی تر بۆ هەرێمی كوردستان، ئاماژەیەكی گرینگە بە پێگەی گرینگی سیاسی و سەربازی و جیوپۆلیتیكی هەرێمی كوردستان نە تانیا لە ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگرە لە ئاستی جیهاندا. لە هەمان كاتدا پەیامێك و سیگناڵێكی روون و ئاشكرایە لە لایەن كۆمەڵگای نیودەوڵەتی كە هەرێمی كوردستان لە ئێستا و لە ئایندەدا رۆڵێكی كاریگەر و گرینگ لە گۆڕانكارییەكانی ناوچەكەدا دەگێڕێت كە زۆر لە وڵاتانی خاوەن سەروەری و سەربەخۆی ناوچەكە، ئەم رۆڵەیان پێ نەدراوە.
ئەمڕۆ هەرێمی كوردستان وەكو فاكتەرێكی كارتێكەر لە رووداوەكانی ناوچەكە نە تەنیا رۆڵی كەریگەری هەیە، بگرە داڕێژەی سیاسەتی دوارۆژی ناوچەكەیە و، ئەم راستییە لە كاتی سەردانی شاندە باڵاكانی بیانی بە ئاشكرا دەردەكەوێت لە كاتێكدا كە بۆچوون و رۆڵی هەرێمی كوردستان بە بایەخەوە دەخرێتە بەر باس و گفتوگۆ. ئەمە جگە لەوەی لە زۆربەی بڕیارە گرینگەكانی پەرلەمانی ئەورووپا و كۆمسیۆنی ئەورووپا و رێكخراوە گرینگەكانی سەر بە یەكێتیی ئەورووپا تایبەت بە عێراق و ناوچەكە، بە فەرمی ئاماژە بە رۆڵی كاریگەری هەرێمی كوردستان و بە تایبەتیش سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستان دەكرێت، چ لە دابینكردنی ئاسایشی ناوچەكە و شەڕی داعش و پرسی پەنابەر و ئاوارەكان و ئاسایشی وزە و سیاسەتی پێكەوەژیان لە هەرێمی كوردستان كە لەگەڵ بەها ئەورواپایی و دیموكراسییەكان یەك دەگرنەوە.
گومان لەوەدا نییە ئەم دەستكەوتانە كە لە ئاست پەیوەندیی نێودەوڵەتی وەدەستهاتوون، بەرهەمی خوێنی هەزاران شەهید و برینداری شەڕی داعش و پێشترن، هەڵبەت رۆڵی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان لە خوێندنەوەی دروست بۆ گۆڕانكارییەكان و گرتنەبەری سیاسەتی راگرتنی هاوسەنگی لە هاوكێشە گرینگەكانی ناوچەكە نابێت لە بیر بكرێت. لێرەدا پرسیار ئەوەیە ئاخۆ دەبێت ئەم دەستكەوتە دیپلۆماسییانە لە ساڵی نوێدا چۆن سوودیان لێ وەرگیرێت و بخرێنە خزمەت بەرژەوەندییە باڵاكانی هەرێمی كوردستان بە تایبەتی پرسی سەربەخۆیی كوردستان؟.
ئاشكرایە ئەم دەرفەت و هەڵە مێژووییە، رەنگە جارێكی تر و لە ئایندەیێكی نزیك بۆ گەلەكەمان نەرەخسێنەوە.
❊ نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستانە لە یەكێتیی ئەورووپا