Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
WED, 24 MAY 2017 18:45 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
نوێبوونەوە . دادپەروەری . پێکەوەژیان
 

سه‌ردانه‌كه‌ی ئۆلاند، به‌ پێوه‌ری ئه‌ته‌كێتی دیپلۆماسی
| KDP.info


مه‌شخه‌ڵ کەو‌ڵۆسی

سه‌ردانی سه‌رۆككۆماری فه‌ره‌نسا بۆ جاری دووه‌م له ماوه‌ی دووساڵ و كه‌مێك زیاتردا بۆ كوردستان، خۆی له‌خۆیدا ڕووداوێكی جومگه‌یی گرینگه‌. زۆری له‌سه‌ر وترا، زۆریش ماوه‌ له‌سه‌ر بگوترێت.

هه‌ندێك له‌ گوتنه‌كان تاڕاده‌یه‌كی زۆر ساده‌ و ساكاری پێوه‌ دیار بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی ته‌نها به‌ پاڵنه‌ری كێشه‌ی ده‌روونی و سیاسیی ناوخۆیی نووسرابن، بۆ بچووككردنه‌وه‌ی ڕووداوێك كه ‌له‌ خودی خۆیدا له‌نێو جوغزی ئه‌قڵی سیاسیی لۆكاڵی كوردیدا جێگه‌ی نابێته‌وه‌.
به‌ڵكو پێویستمان به‌وه‌یه‌ له ‌ده‌ره‌وه‌ی مه‌ئلوفاتی سیاسیی كورده‌وه‌ سه‌یری ئه‌و سه‌ردانه‌ بكه‌ین.
له‌به‌ر هۆیه‌كی زۆر ساده‌ و ئاشكرا، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ كورد خاوه‌نی ئه‌زموونی ده‌وڵه‌تی قه‌ومی نییه‌ و تاكو ئێستا نازانێت چۆن له‌گه‌ڵ دیارده‌كانی ده‌وڵه‌تداریدا مامه‌ڵه‌ بكات و له ‌نیشانه‌ سیمبولییه‌كانی تێ بگات.
ئه‌وه‌ش ڕه‌نگه‌ ئه‌وه‌نده‌ی غه‌دری مێژوو بێت، ئه‌وه‌نده‌ ده‌رهاویشته‌ی ته‌مبه‌ڵیی تاكی ڕۆشنبیری كورد نه‌بێت كه ‌ناتوانێت به ‌زوویی له‌گه‌ڵ ڕووداوێكدا مامه‌ڵه‌ بكات، كه ‌له‌ ده‌ره‌وه‌ی مه‌ئلوفی سیاسیی ئه‌وه‌وه‌یه‌. به‌تایبه‌تی ڕووداوه‌كه‌ش له‌ناكاو بێت، به‌جۆرێك كاتێك تاكی ئێمه‌ چاو هه‌ڵده‌بڕێت و سه‌یری شاشه‌ ده‌كات، دیارده‌یه‌كی ده‌وڵه‌تی ده‌بینێت كه‌ چاوه‌كانی و ئه‌قڵی ناوه‌كی ئه‌و له‌گه‌ڵ بینینی ڕانه‌هاتوون.
هه‌ربۆیه‌ زۆر ئاساییه‌ كاتێك له‌ گۆشه‌ی مه‌ئلوفی خۆیه‌وه‌ سه‌یری ڕووداوه‌كه‌ ده‌كات، به‌ناچاری هه‌وڵی گونجاندنی ده‌دات له‌گه‌ڵ قاڵبه‌ فیكرییه‌كه‌ی خۆیدا، به‌ڵام ئایا به ‌پێوه‌ری باوی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ئه‌ته‌كێتی دیپلۆماسی، ئه‌و سه‌ردانه‌ له‌ چ ئاستێكدا بوو؟.

بۆ تێگه‌یشتن له‌ بایه‌خی سه‌ردانه‌كه‌ی ئۆلاند، جگه‌له‌وه‌ی كه‌ له ‌زاری خۆیه‌وه‌ بیستمان و ئه‌و هاوكارییانه‌ش كه‌ بۆ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ و ئاواره‌كان هێنای، له ‌ڕووی ئه‌ته‌كێتی دیپلۆماسییه‌وه‌ زۆر گرینگ و جومگه‌یی بوو. بۆ ئه‌وه‌ی له‌و گرێیه‌ تێبگه‌ین، چه‌ند خاڵێك به‌ گرینگ ده‌زانم:

یه‌كه‌م: له‌ نه‌ریتی باوی نێوده‌وڵه‌تیدا، له‌كاتی سه‌ردانی شانده‌ فه‌رمییه‌كاندا، پێویسته‌ یاخود وا باوه‌ كه‌ شانده‌كان هاوشانی یه‌كتر بن، لێره‌دا پێڕه‌وی له‌ ڕێسای "التعامل بالمثل" ده‌كرێت. واته‌ پێویسته‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌، له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ دابنیشێت. یاخود وه‌زیری به‌رگری له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری!..هتد.
به‌ڵام له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی ئۆلانددا، زۆر به‌توندی ئه‌م ڕێسایه‌ تێك‌شكێندرا، واته‌ سه‌رۆككۆماری فه‌ره‌نسا ئاماده‌بوو نه‌ریتێكی دیپلۆماسیی نێوده‌ڵه‌تی پێشێل بكات، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ردانی هه‌ولێر بكات.

لێره‌دا له‌ دوو خوێندنه‌وه‌ زیاترمان نییه بۆ ئه‌و ڕووداوه‌:
یه‌كه‌م: یان ئه‌وه‌یه‌ دامه‌زراوه‌ی بڕیار له‌ فه‌ره‌نسا له‌وه‌ دڵنییان كه‌ ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان سه‌ربه‌خۆیییه‌ و بارزانییش سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆیه‌، ئه‌گه‌رچی هێشتا ڕانه‌گه‌یه‌نراوه‌. بۆیه‌ ئاماده‌ن سه‌نگی دیپلۆماسیی خۆیان له‌سه‌ر ئاینده‌ی كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ بخه‌نه‌ بواری وه‌به‌رهێنانی ستراتیژییه‌وه‌.
واته‌ له‌ناو دامه‌زراوه‌ی بڕیار له‌ فه‌ره‌نسا، كوردستان وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت.

دووه‌م: یان ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان كوردستان وه‌ك كارتێكی ستراتیژی له‌ كایه‌یه‌كی هه‌رێمایه‌تیدا به‌كار دێنن كه‌ سه‌نگی كوردستان تیایدا ئه‌وه‌نده‌ گه‌وره‌یه‌، له‌پێناوی به‌ده‌ستهێنانی كارتی كوردیدا ئاماده‌ن پێشێلی ڕێسایه‌كی دیپلۆماتی بكه‌ن. واته‌ ئه‌وان بۆ گۆڕینی واقیعێكی هه‌رێمایه‌تیی گرینگ، ده‌یانه‌وێت به‌هه‌ر نرخێك بووه‌ كارتی كوردی وه‌به‌ربهێنن.

ئینجا ژه‌ندنی سرودی نیشتمانیی كوردستان و فه‌ره‌نسا پێكه‌وه‌، سڵاوكردن له ‌پاسه‌وانه‌كان، چه‌مانه‌وه‌ له‌به‌رده‌م ئاڵای كوردستاندا. له‌ هیچكام له‌و حاڵه‌تانه‌دا، ڕه‌چاوی ئه‌ته‌كێتی باوی دیپلۆماسی نه‌كرا، چونكه‌ كوردستان به‌داخه‌وه‌ تاكو ئێستا سه‌ربه‌خۆیی ڕانه‌گه‌یاندووه‌ تاكو وه‌ك دوو ده‌وڵه‌تی هاوتا پێكه‌وه‌ سرودی نیشتمانییان له‌ مه‌راسیمه‌كاندا بژه‌ندرێ. هاوكات چه‌مینه‌وه‌ی ڕه‌مزیی سه‌روه‌ری و ده‌ستووریی ده‌وڵه‌تی فه‌ره‌نسا بۆ ئاڵای كوردستان، دیسانه‌وه‌ مانایه‌كی گه‌وره‌تر له ‌سیاقی ئه‌ته‌كێتی دیپلۆماسیدا هه‌یه‌.
لێره‌وه‌یه‌ كه‌ هه‌رچاودێرێكی ئاسایی ده‌توانێت به‌بێ خۆبه‌ستنه‌وه‌ بڵێت: هاتنی سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بۆ كوردستان به‌وجۆره‌ی دیترا، هیچی كه‌متر نیه‌ له د‌داننان به‌سه‌ربه‌خۆییی كوردستاندا.
چونكه‌ فه‌ره‌نسا ئاماده‌ بوو وه‌كو ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ مامه‌ڵە له‌گه‌ڵ كوردستاندا بكات. كه ‌به‌گوێره‌ی ئه‌تەكێتی دیپلۆماسی، كوردستان به‌رز كراوه‌ته‌وه‌ بۆ ئاستی فه‌ره‌نسا.
كام فه‌ره‌نسا؟ پێنجه‌م زلهێزی جیهان و ئه‌ندامی هه‌میشه‌ییی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش و خاوه‌نی مافی ڤیتۆ!!. فه‌ره‌نسایه‌ك خاوه‌نی ئیرسێكی ئیمپریالیزمی گه‌وره‌یه‌ له‌ جیهاندا، به‌تایبه‌تی له ‌باكووری ئه‌فریقا، ئه‌گه‌ر دڵنیا نه‌بێت له‌ پێگه‌ و ئاینده‌ی هه‌رێمی كوردستان، چۆن ئه‌وهه‌موو ڕێسا نێوده‌وڵه‌تی و دیپلۆماسییه‌ پێشێل ده‌كات، له‌پێناوی هاتنی بۆ هه‌ولێر و دیداری بارزانیدا؟!.‌

لە ڕۆژنامەی هەولێر وەرگیراوە




دوایین هەواڵەکان

سەبری: هەولێر و ئانکارا بۆ کردنەوەی دەروازەی سەرزێڕێ دانوستانیان کردووە

WEDNESDAY, 24 MAY 2017 17:05:55

کانی ماسێ-KDP.info-  حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەوڵدایە لەگەڵ تورکیا بگاتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی دەروازەیەکی دیکەی بازرگانی لە نێوانیاندا بکرێتەوە و بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسیی پارێزگای دھۆکیش دەڵێت، لە ئایندەیەکی نیزیکدا دەروازەی سنووری سەرزێڕێ دەکرێتە دەروازەیەکی بازرگانیی نێوان ھەرێم و تورکیا.

پرۆفیسۆر خەلیل ئیسماعیل: دەبێ سنوورێک بۆ حەشدی شەعبی دابنرێت

WEDNESDAY, 24 MAY 2017 16:05:27

هەولێر-KDP.info-  پسپۆڕێکی جۆگرافیای سیاسی پێی وایە دەبێ سنوورێک بۆ حەشدی شەعبی دابنرێت و ڕێ نەدرێت مەرامی سیاسیی ھەندێ لایەن و وڵات لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمدا جێبەجێ بکرێت و دەشڵێت، حەشد دەیەوێت سنووری نێوان سووریا و عێراق بکەوێتە ژێر دەستییەوە.

فەرمانگەیەکی چاکسازی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی ھەیکەلی نوێی وەزارەتی پێشمەرگە دروست دەکرێت

WEDNESDAY, 24 MAY 2017 12:05:59

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیێنێت، بڕیارە فەرمانگەیەکی نوێ بە ناوی فەرمانگەی چاکسازییەوە دروست بکرێت، کە مەبەست لێی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ھەیکەلی نوێی وەزارەتی پێشمەرگەیە.

 
"هەنگاوەکانی بارزانی بۆ سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، زۆر ورد و كرده‌نین"

WEDNESDAY, 24 MAY 2017 12:05:19

هەولێر-KDP.info-  (سۆران سێوكانی) باوەڕی وایە کە هەنگاوەکانی (سه‌رۆك بارزانی) بۆ ڕاپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، زۆر ورد و كرده‌نین. (د.عەرەفات کەرەم)ـیش دەڵی، لایەنە عێراقییەکان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایە کە ھەرێم بڕیاری خۆی داوە و پەشیمان نابێتەوە.

 
بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری و بەرگریی ئەمریکا: سەربەخۆیی کوردستان پەیوەستە بە کاتەوە

WEDNESDAY, 24 MAY 2017 10:05:20

هەولێر-KPD.info-   بەرێوەبەری دەزگای هەواڵگریی بەرگریی ئەمریکا ڕایگەیاند، پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان تەنیا پەیوەستە بە کاتەوە و، لە مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵێشدا ڕیفراندۆم لەسەر ئەو پرسە دەکرێت.



 
© 2017 Kurdistan Democratic Party, KDP