هه‌ولێر-KDP.info- هه‌ڵه‌بجه‌ی خاوه‌ن هه‌زاران شه‌هید، گردبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زاییان ئه‌نجام دا و به‌توندی بێڕێزییه‌كه‌ی ئه‌ندام په‌رله‌مانه‌كه‌ی گۆڕانیان سه‌ركۆنه كرد و، داوایان كرد رێگه نه‌درێت بێته‌وه خاكی كوردستان.
(بێستون به‌شاره‌تی) به‌رپرسی ناوه‌ندی باڵای هه‌ڵه‌بجه‌ی یه‌كێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی "ئه‌مڕۆ وه‌ك به‌شێك له ڕێکخراوه‌کانی هه‌ڵه‌بجه، له باخی گشتیدا كه كه‌سوکار و بنەماڵه‌ی شه‌هیدان ئامده بوون، گردبوونه‌وه‌مان ئه‌نجام دا به مه‌به‌ستی سه‌ركۆنه‌کردن و ڕیسواکردنی قسه و لێدوانە نا به‌جێكانی ئه‌ندام په‌رله‌مانێکی گۆڕان له په‌رله‌مانی عێراق كه بێڕێزی به خێزانی شه‌هیدان كردبوو.''
گوتیشی "پێشمه‌رگه و کەسوکاری شه‌هیدان له نوێنه‌ره‌كانیان چاوه‌روان بوون له بودجه‌ی عێراقدا جێیه‌ك بۆ پێشمه‌رگه هه‌بێ و باروگوزه‌رانیان باش بکرێت كه‌چی (سروه عبدلواحید)ی بنوێنه‌ره‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان دێت و سوکایه‌تیی و تۆمه‌تی ناشیرین ده‌خاتە پاڵ خێزان و که‌سوکاری شه‌هیدان، بۆیه به ئه‌رکی خۆمانی ده‌زانین دژ به لێدوانه‌كه‌ی بوه‌ستینه‌وه شه‌رمه‌زاری بكه‌ین. هه‌ڵبه‌ت ده‌خوازین داواكار گشتی بێته سه‌رخه‌ت، بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگه نه‌ده‌ن جارێكی دیكه بێته‌وه كوردستان، پێویسته ئه‌و به‌ناوپه‌رله‌مانه بكرێته په‌ند تاوه‌كو كه‌سی دیكه زاتی ئه‌وه نه‌كات ناوی خانه‌واده‌ی شه‌هیدان بێنێت و سوكایه‌تییان پێبكات.''
شایوی باسه، هه‌ر ئه‌مڕۆ له پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانی گردبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی بۆ هه‌مان مه‌به‌ست رێك خرا.
عه‌زیز ڕه‌سووڵ