ھەولێر-KDP.info- لە وتاری ئه‌مڕۆ ھەینیدا، مامۆستایانی ئایین كه هاوكات كوڕی پێشمه‌رگه‌یه‌ی، سوکایەتیكردنه‌كه‌ی نوێنه‌ره‌كه‌ی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانی له به‌غدا هێنایه به‌ر باس و داوای کرد حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دادگایی بكات.
(مامۆستا عەممار) وتارخوێنی مزگەوتی گەورەی بەردەڕەش، رایگه‌یاند، ''ھێزی پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا خوێنی خۆی دەبەخشێ بۆ ئەوەی پارێزگاری لە شەرەف و ناموسی ئێمە بکات، كه‌چی پەرلەمانتارێك كه خۆی بە نوێنەری خەڵکی کوردستان دەزانێت لە بەغدا، لەجیاتی ئەوەی به‌رگری لە مافی گەلی کورد بكات و ھەوڵ بدات بەغدا مووچەی بڕدراوی فەرمانبەران و پێشمەرگەی کوردستان بگەڕێنێتەوە، سوکایەتیی بەھێزی پێشمەرگە و ژنانی شەھیدان دەکات، جا ئەم جۆره كه‌سانه بە ھیچ جۆرێک ناکرێت لێیان قبووڵ بکرێت.''
ئه‌و مامۆستایه‌ی ئایینی ئیسلام لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا ده‌ڵێت، ''پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کە نوێنەری خەڵکە، ئەو پەرلەمانتارە بداتە دادگا و لێی بێدەنگ نەبێت، چونکە بەھیچ شێوەیەک ناکرێت ئەو پەرلەمانتارە ئەوەی بەسەردا تێپەڕ ببێت. نابێ لێدوان و حاڵه‌تی سوكایه‌تیكردن دووباره ببێته‌وه.''
(مامۆستا عەممار) ئەوەشی گوت، ژنانی کورد و پێشمەرگە ھەمیشە شەرەفمه‌ندانە ژیاون و ھیچ کات ئەو کارەیان قبووڵ نەکردووە، ئاماژه‌یشی دا ''باوکم 30ساڵە پێشمەرگەیە و قبووڵ ناکەم ئەم سوکایەتییە بەئێمە بکرێت، پێویستە حکوومەت به‌رانبه‌ر به ئه‌م سوكایه‌تیكردنه به پێشمه‌رگه و خێزانه‌كانیان كه پارێزه‌ری وڵات و ده‌ستكه‌وته‌كان بێدەنگ نەبێت.''
بڵند ئیبراھیم