واشنتن-KDP.info- (مه‌سروور بارزانی) راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان له سه‌نته‌ری ویڵسن له واشنتن، له پانێڵێكی تایبه‌تدا سه‌باره‌ت به حوكمڕانی و ره‌وشی ئه‌منی له عێراقی دوای داعش گوتارێكی پێشكه‌ش كرد و رایگه‌یاند، شه‌ڕی داعش به‌رپرسیاره‌تیی هه‌مووانه و پێویسته له رووی ئایدۆلۆژییه‌وه رووبه‌رووی ببینه‌وه. گوتیشی "خه‌ڵكی كوردستان قوربانیی زۆری داوه و به به‌هێزییه‌وه به‌ره‌نگاری داعش بووه‌وه".
له‌و پانێڵه‌دا، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: له ئۆپه‌راسیۆنی مووسڵدا پێشمه‌رگه رۆڵی كاریگه‌ری گێڕاوه و سیی هه‌زار كیلۆمه‌تر چوارگۆشه‌ی رزگار كردووه، گوتیشی ئه‌وه‌ی گرینگه له داهاتوویشدا رووبه‌رووی داعش ببینه‌وه شه‌ڕی هه‌واڵگرییه.
راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان، كه به سه‌رۆكایه‌تیی شاندێكی باڵای كوردستان له ئه‌مه‌ریكایه، له پانێلێكی تایبه‌ت به حوكمڕانی و ره‌وشی ئه‌منی له عێراق له دوای داعش له واشنتن هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، له رووی سه‌ربازییه‌وه ته‌واوی هه‌وڵه‌كانیان خستووه‌ته گه‌ڕ بۆ نه‌هێشتنی مه‌ترسیی تیرۆریستان.
(مه‌سروور بارزانی)، له ویڵسۆن سێنته‌ره‌وه له واشنتنی پایته‌ختی ئه‌مه‌ریكا، به پێویستی زانی رێگه‌ی دیكه بۆ له‌ناوبردنی داعش بدۆزرێته‌وه و هاوكات سه‌رچاوه و پاڵپشتییه داراییه‌كانی ئه‌و رێكخراوه وشك بكرێن.
راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی دا، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا، له شه‌ڕی دژی داعشدا هاوكاریی كردوون و له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان وه‌ستاوه و گوتی: "داوا له ئیداره‌ی نوێ و سه‌رۆكی نوێی ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ین، له داهاتوودا زیاتر هاوكارمان بێت".
له وه‌ڵامی پرسیارێكدا له باره‌ی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ، (مه‌سروور بارزانی) گوتی: "مووسڵ شارێكی گه‌وره و فره‌نه‌ته‌وه‌یه، عه‌ره‌ب، كورد، شیعه و سوننه، توركمان و كریستیان و شه‌به‌كی تێدایه، پێویسته سه‌قامگیریی بۆ ئه‌و شاره دابین بكرێت".
هه‌روه‌ها گوتی: "پێویسته له پاڵ ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه‌كه، رێككه‌وتنێكی سیاسییش هه‌بێت بۆ به‌ڕێوه‌بردنی شاره‌كه، ئه‌وه‌ی له 2014 به‌سه‌ر پێكهاته نه‌ته‌وه‌ییه‌كاندا هات، به‌تایبه‌تیش كوردانی ئێزدی، نابێت دووباره ببێته‌وه".
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی دا، پێویسته گوێ له خه‌ڵك و دانیشتووانی شاره‌كه بگیرێت داخۆ ئه‌وان ده‌یانه‌وێت چۆن بژین و هاوكات دڵنیاییشیان پێ بدرێت.
له باره‌ی خایاندنی ماوه‌ی ئۆپه‌راسیۆنی ئازادكردنه‌وه‌ی مووسڵ رایگه‌یاند، ئه‌سته‌مه بتوانرێت كاتێك دیاری بكرێت و گوتی: "ناتوانرێت پێشبینی بكرێت چیی روو ده‌دات، چونكه شه‌ڕه‌كه به‌ره‌و سه‌ختبوون ده‌چێت و داعش سه‌رقاڵی هه‌ڵكه‌ندنی تونێله و له شه‌ڕه‌كانیشدا په‌نا ده‌به‌نه به‌ر ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكرا و قه‌نناسبه‌ده‌سته‌كان".
هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌وه ته‌نها به‌ری رۆژهه‌ڵاتی مووسڵه كه پێده‌چێت ئاسانتر بێت له به‌ری رۆژئاوا، به‌وپێیه‌ی له رۆژئاوا شه‌ڕه‌كه سه‌ختتر ده‌بێت و خۆیان قایمتر كردووه، بۆیه سه‌خت ده‌بێت، به‌ڵام دواجار داعش هه‌ر كۆتایی دێت".
له باره‌ی كاریگه‌ریی هێزه هه‌رێمییه‌كانی ناوچه‌كه، (مه‌سروور بارزانی) گوتی: "هێزه هه‌رێمییه‌كان به‌رده‌وام هه‌وڵی ئه‌وه ده‌ده‌ن پارێزگاری له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی خۆیان بكه‌ن، ئه‌وه‌ش ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ عێراق كه چۆن په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ دراوسێكانی ده‌بێت".
له باره‌ی له‌ناوبردنی رێكخراوی داعش، (مه‌سروور بارزانی) رایگه‌یاند، پێشتر قاعیده هه‌بوو، توانرا مه‌ترسییه‌كانی ئه‌و رێكخراوه كه‌م بكرێته‌وه و له‌ناو ببردرێت، به‌ڵام دواجار رێكخراوێكی دیكه‌ی وه‌كو داعش سه‌ریهه‌ڵدا، بێگومان هه‌رچه‌نده بۆشاییی سیاسی هه‌بێت، ره‌وشه‌كه بۆ په‌یدابوونی ئه‌و جۆره رێكخراوانه گونجاوتر ده‌بێت.
له باره‌ی ره‌وشی ئاواره‌كان له هه‌رێمی كوردستان، راوێژكاری ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، پاراستنی ئاواره‌كان له ئه‌ستۆی ئه‌واندایه و نزیكه‌ی 1.8 ملیۆن ئاواره‌ی ناوخۆیی عێراق له هه‌رێمی كوردستانن.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، ملیۆنان په‌نابه‌ر روویان له وڵاتانی ئه‌ورووپا كرد و به ملیۆنان دۆلاریان سه‌رف كرد بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كه بكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌و بڕه‌پاره‌یه بدرێته هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت باشتر خزمه‌تی ئاواره‌كان بكرێت.
سه‌نته‌ری ویڵسۆن، سه‌نته‌رێكی بێلایه‌نی ئه‌مه‌ریكاییه و له‌لایه‌ن كۆنگرێسه‌وه پاڵپشتی دارایی ده‌كرێت، له رێگه‌ی ئه‌نجامدانی توێژینه‌وه‌كان، هه‌وڵی چاره‌كردن و نیشاندانی پرس و قه‌یرانه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌كات و به‌ناوی ودرۆو ویڵسنی 28ه‌مین سه‌رۆكی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه كراوه.
سه‌رچاوه- كوردستان24