Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 25 APR 2024 07:38 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

ئایندەی پێوەندییەكانی ئەمەریكا و كوردستان
| KDP.info


بەیان سامی عەبدولڕەحمان*


سەرۆكی نوێ
ئێمە سەركەوتنمان لەسەرۆكی نوێی ئەمریكا پیرۆز كرد. ئەگەرچی وەك نوێنەرایەتیی حكوومەت، پشتگیریی هیچ كاندیدێك ناكەین و دەستتێوەردان ناكەین لەكاری لەوجۆرە، بەڵام بە گەرمیی پیرۆزبایی لەگەلی ئەمەریكا و سەرۆكی نوێ دەكەین، جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی و كاك نێچیرڤان بارزانی وەك ئەركی دیپلۆماسیی خۆیان پیرۆزباییان لە ترەمپ كردووە. دیارە لەكاتێكدا سوپاسی ئیدارەی ئۆباما دەكەین بۆ هاوكارییان بۆ گەلی كوردستان و پێشمەرگە و هاوكاریی ئاوارەكان، هیوادارین ئیدارەی نوێی ترەمپ درێژە بەو كار و هاوكاری و هەماهەنگییانە بدات. هەندێك لە كاندیدە نوێیەكان بۆ ئیدارەی نوێ، بۆ بوارەكانی وەزارەتی دەرەوە و ئاسایشی نیشتمانی وتە و لێدوانی باشیان داوە سەبارەت بە سەربەخۆییی كوردستان و پشتگیریی پێشمەرگە، بەڵام هێشتا زووە كە بڵێین ئیدارەكە بە كام ئاڕاستەدا دەڕوات، بێگومان وەزیرە سەرەكییەكان و بەرپرسە گەورەكانی ئیدارەكە رۆڵی گرینگیان لە نەخشەكێشانی سیاسەتەكان هەیە.

ژەنەڕاڵ فلین و شەڕی دژی داعش
ژەنەڕاڵ مایكل فلین وەك راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە دیاری كراوە. فلین زۆر بە توندی قسەی كردووە لە دژی داعش و تیرۆریزم و هەڵوێستی تووندی نواندووە، ئەمەش ئاماژەیەكی گەورەیە بۆ نیازی ترەمپ. ترەمپ خۆیشی قسەی وای كردووە، بۆ نموونە وتوویەتی دەبێت بۆمب و ئاگر ببارێنین بەسەر داعشدا و راستییەكەی زۆر قسەی لەوە تووندتریشی كردووە كە ئاماژەن بە نیازی ئەو لە چۆنیەتیی شەڕكردن دژی تیرۆریزم و داعش. بەم شێوەیە و بە گوێرەی ئەو لێدوانانەی كە تا ئێستا داویانە، بۆمان دەردەكەوێت كە ئیدارەی داهاتوو، لای كەم، وەك ئیدارەی ئۆباما تووند و پتەو دەوەستێت لە شەڕی دژی داعش و ڕەنگە تووندتریش. ڕەنگە بەگشتی گۆڕانكاریی گەورە ڕوو نەدات لە سیاسەتیان لە هەمبەر خۆرهەڵاتی ناوەڕاست.

كۆنفیدڕاڵیزم و سەربەخۆیی و رۆڵی ئەمەریكا
بە شەخسی، بڕوام وایە ئێمە لەسەر رێگەی بەرەو سەربەخۆیین، زوو دەیبینین و درەنگ ناكەوێت. پرسیارەكە ئەوە نییە كە ئاخۆ كوردستان سەربەخۆ دەبێت، یان نا، پرسیارەكە ئەوەیە كەی و چۆن؟ ئێمە بێگومان سەربەخۆ دەبین و ئەمە بابەتی ئەگەر و ئاخۆ نییە. دیارە یەكێك لە پایەكانی ئەم بابەتە، پێوەندیی ئێمەیە لەگەڵ بەغدا. جەنابی سەرۆك مەسعوود بارزانی و كاك نێچیرڤان بارزانی لە دەروازەی دایەلۆگی سەربەخۆییان داوە لەگەڵ بەغدا، ئەمەش بابەتێكی زێدەپڕبایەخە و زۆر لایەن لە ئەمەریكا و ئەورووپا پێشوازییان لەم هەنگاوە كردووە، وەك رێگەیەك بۆ بەرەوپێشچوون بەرەو سەربەخۆیی. بێگومان بابەتی دیكەی پێوەندیداریش هەیە، وەك ئەوەی ئاخۆ لە دوای ڕزگاركردنی مووسڵ، چیی ڕوو دەدات؟ ئاخۆ ئەو نیازپاكییەی ئێستا لەئارادایە لەنێوان هەولێرو بەغدا، بەردەوام دەبێت؟ ئیدارە و كۆنگرێسی نوێی ئەمەریكا پلانیان چییە بۆ عێراق، ژمارەیەكی زۆر هاوكێشەی نەزانراو هەیە، بەشێكی پەیوەستە بە شەڕی مووسڵ و بەشێكی بەوەی كە ئیدارەیەكی نوێ لە ئەمەریكا وا دەستبەكار دەبێت، بەڵام بێگومان گەلی كوردستان هەر بە ئاواتەكانی خۆی دەگات لە سەربەخۆیی. سەبارەت فیدڕاڵیزم و كۆنفیدڕاڵیزم و سەربەخۆییی تەواو، ئەمانە هەمووی لەسەر مێزەكەن، بەڵام پشت بە چەند فاكتەرێك دەبەستن، ئەوەی جێی گومان نییە ئەوەیە كە ئێمە بەڵێ لەسەر رێگەی بەرەو سەربەخۆیی هەنگاو دەنێین.

ئایندەی پێوەندییەكانی ئەمەریكا و كوردستان
وەك پێشتر بە ڕوونی كارمان لەگەڵ ئیدارەی ئۆبامادا كردووە، دیسان دەبێت ڕوون بین لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ و پێیان ڕابگەیەنین، كە كوردستان و گەلەكەی دۆستێكی جێی متمانەی ئەمەریكان. ویلایەتە یەیكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ دۆستی جێی متمانە دەگەڕێت، كە بتوانێت پشتی پێ ببەستێت، ئێمەش دەتوانین یەكێك بین لەو دۆستانەی ئەمەریكا. ئیدارەی ئۆباما و كۆنگرێس دڵنیا بوون لەوەی كە كوردستان پەناگایەكی ئارامە بۆ كەمینەكانی عێراق و ئێمە پارێزەری كریستیانەكان و ئێزدی و پێكهاتەكانی دیكەشین، دەبێت جەخت لەوە بكەینەوە كە ئیدارەی داهاتوویش بەم شتانە ئاشنا بن، ڕاستە بۆ خۆیان ئەم شتانە دەزانن، ڕاوێژكارەكانیان دەزانن و ئاگادارن، بەڵام دەبێت ئێمە هەوڵ بدەین بۆ ئەوەی كارمان لەگەڵدا بكەن لەم بوارانەدا. ئامانجی ئێمە بریتییە لە جەختكردنەوە لەوەی كە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بەشدارییەكی بەردەوام و پێوەندییەكی بەردەوامی هەبێت لەگەڵ كوردستان. نەوەك پێوەندییەكی ئینتقالی كە هەر پەیوەست بێت بە مووسڵەوە، ئێمە دەڕوانینە دروستكردنی پردی پێوەندیی بەردەوام، پێوەندییەكی درێژخایەنی نێوان كوردستان و ئەمەریكا. ڕاستە ئێمە بەردی بناغەمان بۆ ئەم كارە داڕشتووە، بەڵام دەبێت بەردەوام كاری بۆ بكەین و پتەوی بكەین و درێژەی پێبدەین.

نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە واشنتۆن*
-لە گۆڤاری گوڵان وەرگیراوە




دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی ناوخۆ ئاگادارییەك ئاراستەی ئەو ئەفسەر و كارمەندانە دەكات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 00:04:55

ھەولێر-KDP.info- وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاگادارییەك ئاراستەی ئەو ئەفسەر و كارمەندانە دەكات كە بی مۆڵەتی خوێندن بڕوانامەیان بەدەست هیناوە و تاوەكوو ئێستا بۆیان هەژمار نەكراوە.

 
ھەرێمی کوردستان بەشداری لە دیداری ئەبوزەبی بۆ وەبەرھێنان دەکات

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 19:04:39

ھەولێر -KDP.info- دەستەی گشتی وەبەرھێنان بەشداری لە سێزدەمین دیداری وەبەرھێنان لە ئەبوزەبی دەکات و سەرۆکی دەستەی گشتی وەبەرھێنانیش دەڵێ، ھەرێمی کوردستان بۆ جاری یەکەمە بەشداری لە دیدارەکە دەکات.

 
ئەنجومەنی وەزیران: بەپێی یاسا بەرکارە فیدڕاڵییەکان، بەشی بەغدا لە داهاتی نانەوتی هەرێم دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 19:04:56

ھەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی نیسانی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

 
مەحموود محەممەد: وەک پارتی لەگەڵ سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێگریی لە بەشداریی پێکهاتەکان، کۆک نەبووین

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 18:04:37

مەحموود محەممەد: وەک پارتی لەگەڵ سیستەمی هەڵبژاردن و ڕێگریی لە بەشداریی پێکهاتەکان، کۆک نەبووین

 
راوێژکارێکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان: ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کاریگەری ھەبووە"

WEDNESDAY, 24 APRIL 2024 17:04:54

ھەولێر-KDP.info- دوای ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کرانەوەیەک ھەیە لەنێوان ھەرێم و بەغدا بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێم و دەنگەکانی کورد لە کەرکووک و نەینەوا و خانەقین گۆڕانکاریان پەیداکردوە. 

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact