مەحموود محەممەد*
سلێمانی وه‌كو مێژوو و قوربانی، سلێمانی وه‌كو رۆڵی رۆشنبیری و سیاسی و كوردایه‌تی، شایستەی ئه‌و ره‌فتاره‌ی هه‌ندێك له‌و خه‌ڵكه به‌ناو سیاسی و رۆشنبیره نییه كه پێی ده‌كه‌ن.
چه‌ند رۆژنامه‌نووسێك و سیاسییه‌كی كه‌مئه‌زموون، به پشتیوانیی كه‌سانی هه‌ڵگری هزری دژ به مافه‌كانی كورد و كوردستان، له ده‌روازه‌ی پڕ له حه‌ماسی كوردایه‌تی و بێ‌ده‌نگ‌نه‌بوون و كپ‌نه‌بوون و هه‌میشه ئاماده‌یی خه‌ڵك بۆ به‌رگری له مافه‌كانی خۆیان و ئه‌وانی دیكه‌ش، ده‌چنه ژوورێ و، ئاراسته و مه‌رامی گرووپی سیاسیی خۆیان ئاوێته‌ی هاواری ره‌وای ناو ده‌می كچان و كوڕانی توێژه‌كانی ئه‌و كۆمه‌ڵگا پڕ له هه‌ست و دڵسۆزه‌ی سلێمانی ده‌كه‌ن و، زه‌مینه‌ی ئاراسته‌یه‌كی ناته‌ندروست ده‌ڕه‌خسێنن! رۆژی شه‌ممه‌ی رابردوو (12ی نۆڤه‌مبه‌ری ئه‌مساڵ) به‌نموونه، حزبی گۆڕان ئه‌جێندای سیاسیی خۆیان كرده دروشمی رێپێوانه‌كه و ئیحراجیان بۆ هه‌ندێ لایه‌نی دیكه‌ش دروست كرد و ئه‌وانیش له ترسی دواكه‌وتن و به‌جێمانیان سنگیان زیاتر بردە پێش و كارته سووره‌كانی ده‌ستیان به‌رزتر كرده‌وه... تا وای لێهات له سه‌رووی خۆیانه‌وه پێیان بڵێن ئه‌م هه‌وڵه‌تان ده‌چێته خزمه‌تی خیانه‌تی نیشتمانی.
ئه‌وكاته‌ی بانگه‌شه‌ی جیاكردنه‌وه‌ی پارێزگای سلێمانییان كرد، هه‌ر سلێمانییه‌كان له گه‌رمیانی ئه‌نفالكراو و هه‌ڵه‌بجه‌ی كیمیابارانكراو و رانیه‌ی ده‌روازه‌ی راپه‌ڕین و پشده‌ری چه‌ندجار شه‌هید و سلێمانیی خاوه‌ن زینده‌به‌چاڵه‌كان، پێیان گوتن (STOP) و سلێمانی وه‌ك شار و وه‌كو مێژوو، وه‌ك ئاره‌زوو، رێتان پێنادا ئێوه ببنه ریش سپی، چونكه ریش سپیایه‌تی ئه‌م پارێزگایه به هه‌موو كه‌س ناكرێت، پێیان وتن ئێوه خه‌ریكن سلێمانی له زۆر شت داده‌ماڵن و، ده‌توانن به‌ناوی حزب و گرووپه‌كانتانه‌وه قسه بكه‌ن، به‌ڵام به‌ناوی سلێمانی نه‌خێر، ئه‌مجاره‌ش به ئارامی به ئارامه‌كان و ئه‌وانه‌ی پشت ئارامه‌كانیان گوت بڕیاری ئێمه به‌ده‌ست ئێوه نییە.
گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دموکراتی کوردستانە*