ههولێر-KDP.info- وەزارەتی پێشمەرگە، ئهو بێڕێزییهی هەریەک لە عەدنان عوسمان و کەمال رەئووف بە پێشمەرگەیان کرد و بەو هۆیەوە هەستی پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان بریندار كرا و، خەڵكی كوردستانیان نیگەران کرد، دهداته بهر ڕهخنه و به دەربڕینی پڕ لە حقد و كینەكانی ئەو دوو کەسە ناوی دهبات.
دهقی راگەیەندراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە:
ڕۆژی 20/10/2016 لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی کەناڵی NRTدا هەریەک لە عەدنان عوسمان و کەمال رەئووف، بێڕێزییان بە پێشمەرگە کرد و بەو هۆیەوە هەستی پێشمەرگە و خانەوادەی شەهیدان بریندار كرا و، خەڵكی كوردستانیان نیگەران کرد.
ئەوە لەکاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ هێزەکانی پێشمەرگە لە شەڕێکی گەورە و قورسدا بوون لەگەڵ تیرۆریستانی داعش لە میحوەرەکانی باشیک و ناوەران و تلسقۆف، پێشمەرگە توانی بەخوێنی ئاڵی داستانێکی نوێ تۆمار بکات و تیرۆریستان لە بەشێکی تری خاکی کوردستان وەدەر بنێن.
ئێمە وێڕای نیگەرانیی زۆرمان لە دەربڕینە پڕ لە حقد و كینەكانی ئەو دوو کەسە، رایدەگەیەنین کە پێشمەرگە رۆحی فیداکاری و پێناسی نیشتمانییە و لەسەر ئاستی جیهان بۆتە سیمبولی ئازایەتی و، هەر بۆیە دوژمن و نەیارانی گەلەكەمان چاویان بە پێشمەرگە هەڵنایەت.
بۆیە داوامان لە بەڕێوەبەرایەتیی كەناڵەكە كرد كە بێبەرییبوونی خۆیان لەو لێدوانە چەواشەكاری و سوكایەتییە ڕابگەیەنن، بەڵام بەداخەوە وێڕای ئەوەی دووجار بەڵێنیان دا، دواجار خۆیان لەوە دزییەوە و ئەوەش لای ئێمە و پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان وا دەخوێندرێتەوە كە هاوهەڵوێستیی ئەو دوو كەسەن مەگەر پێچەوانەكەی بسەلمێنن. هەر بۆیە و لەبەرخاتری شكۆی پێشمەرگە و بۆ ئەوەی پێشمەرگە قارەمانەكان لە بەرەكانی شەڕدا بە بینینیان دڵگران نەبن، بڕیارمان دا تا ئەو كاتەی کەناڵی NRT بە فەرمی داوای لێبوردن دەكات، ڕێگە بە پەیامنێر و وێنەگرەكانیان نادەین بۆ ڕووماڵكردنی شەڕ بچنە بەرەكان و نزیكی سەنگەرەكانی پێشمەرگە بكەون.
هەروەها لەکاتێکی گونجاوی تریشدا، ئەگەر پێویست بكات، رێوشوێنی تر دەگرینە بەر.
سەربەرزی بۆ پێشمەرگە
دروود و نەمری بۆ شەهیدان
وەزارەتی پێشمەرگە
21/10/2016