ئاژانسەکان-KDP.info- وته‌بێژی هۆزە عه‌ره‌به‌كانی پارێزگای نەینەوا ڕایگه‌یاند: "زۆربەی هۆزه عه‌ره‌به‌كانی سنووری مادده‌ی 140، بە ڕیفراندۆمەکە ڕازینە، هەڵبەت ئەوانەیشی دژی ڕیفراندۆمن، نوێنه‌رایه‌تیی (ئه‌جێندایه‌كی ده‌ره‌كی) ده‌كه‌ن."
مزاحم ئه‌حمه‌د حویت، وته‌بێژی هۆزه عه‌ره‌به‌كانی پارێزگاری نەینەوا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ (سۆمەریە نیوز) دووپاتی كرده‌وه كه هه‌موو هۆزه‌كان لەبەر به‌رژه‌وه‌ندیی ناوچه‌كەیان، لە ڕیفراندۆمەکەدا بە 'بەڵێ' دەنگی خۆیان ده‌ده‌ن، هەتا بخرێنە سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
دەیشڵێت: "هۆزه عه‌ره‌به‌كان چه‌ندینجار داوایان كردوه ڕاپرسی بكرێت له ناوچه‌كانیان؛ دیارە لەوەتی پێشمه‌رگه به خوێنی خۆیان ئه‌و ناوچانه‌یان له ده‌ستی تیرۆریستانی داعش ئازاد كردووە، ماده‌ی 140ـیش بڕاوەتەوە."
حویت ڕوونیشی كرده‌وه "ئه‌و ناوچانه‌ی هۆزی عه‌ره‌بی لێ نیشته‌جێن، وه‌كو شنگال و زوممار و ڕه‌بیعه و ده‌شتی نه‌ینه‌وا و مەخمور، ناوچه‌ی كوردستانین و پێشمه‌رگه له تیرۆریستانی پاک کردووەتەوە".
ئەوەشی ڕاگەیاند کە "هه‌ندێك ده‌نگ هه‌ن دژایه‌تیی ڕاپرسی ده‌كه‌ن له ناوچه‌كه، ئەوانە ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تیی خۆیان ده‌كه‌ن یان ڕوونتر بڵیم نوێنه‌رایه‌تیی ئه‌جێندایه‌كی ده‌ره‌كی ده‌كه‌ن".