Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 23 APR 2024 19:29 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

شۆڕشی گوڵان، هیوای بۆ كورد گەڕاندەوە
| KDP.info


سه‌رۆك بارزانی و پۆلێك له‌ سه‌ركرده‌ و پێشمه‌رگه‌ی شۆڕشی گوڵان. فۆتۆ: ئه‌رشیڤی دكتۆر ناسیح غه‌فوور

هەولێر-KDP.info-  ئەمڕۆ 40 ساڵ بەسەر هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخوازدا تێدەپەڕێت، لە 26ـی گوڵانی 1976 بە فەرمانی (بارزانیی نەمر)، شۆڕشی پێشكەوتنخوازی گوڵان، وەك درێژەپێدەری شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بۆ تەواوكردنی ئامانجە بەدینەهاتووەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خەڵكی كوردستان، یەكەم بڵێسەی دا و كاروانی خەباتی نەپساوەی گەلەكەمانی درێژە پێدا.


دەستپێكردنی شۆڕش
(عەبدولخالق بابیری) ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌ڵێ: گەلی كورد گەلێكی بندەستبوو، دەیویست لەژێر دەستی و زۆرداری ڕزگار بێت و، وڵاتی خۆی لە داگیركەران و ناحەزان ڕزگار بكات، كاتێك شۆڕشی مەزنی ئەیلوول بە ڕابەرایەتیی (بارزانی نەمر)، بە پاڵپشتی گەلی كورد بەردەوام لە بەهێزبووندا بوو، بە تایبەتی دوای ڕێككەوتنامەی 11ـی ئازاری ساڵی 1970 كە كورد توانی نێوماڵی خۆی تا ڕادەیەكی زۆر ڕێك بخاتەوە، دوژمنەكانی گەلی كورد دڵنیابوون كە ناتوانن كورد لەناو ببەن، بۆیە پەنایان بۆ ئەنجامدانی ڕێككەوتنی جەزائیر برد، بە هۆی ئەو ڕێككەوتنە شۆڕشی ئەیلوول تووشی نسكۆ بوو و گەلی كورد تا ڕادەیەكی زۆر تووشی نائۆمێدی بوو، بۆ ڕەواندنەوەی ئەو نائۆمێدیە و وەك درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول، بە فەرمانی (بارزانی نەمر) و بەسەرپەرشتیی (سەرۆك بارزانی و كاكە ئیدریس)ی هەمیشە زیندوو، لەو ساتە هەستیارەدا شۆڕشی گوڵان بەرپا بوو.


هه‌ر له‌ یادی به‌رپاكردنی شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌تنخوازدا، (جەمال مورتكە) پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵانیش جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌، شۆڕشی گوڵان وەڵامدانەوەی ئەو پیلان و گەلەكۆمەكییە بوو كە لە كورد دەكرا، لە دوای پیلانی جەزائیری ساڵی 1975، دەرحەق بە گەلی كورد كرا، پاش شكەستی شۆڕشی ئەیلوول ڕەشبینییەك دروست بوو و، دوژمنانی كورد بەتایبەت ڕژێمی بەعس وایان نیشاندا كە شۆڕشی كورد كۆتایی پێهات، كە دوای شۆڕشی ئەیلوول حكوومەتی عێراق بە تەما بوو هەرێمی كوردستان هەمووی خاپوور بكات، بەڵام لە راستیدا ڕەگی شۆڕشگێری و توانایی سەركردایەتیی سیاسی كورد لەو ئاستەدا بوو كە توانی بۆ ماوەیەكی زۆر كورت ئەو رەشبینییە ڕەش بكاتەوە و ئۆمێدێك بداتەوە نەتەوەی كورد، ئەوە بوو لە ڕۆژی 26ـی گوڵانی 1976 كە توانرا یەكەم ئاگری بڵێسەی شۆڕش لە شاخەكانی كوردستان دەستپێكرد.

دەستكەوتەكانی شۆڕشی گوڵان
شۆڕشی 26ی گوڵانى نیشتیمانی پێشكەوتنخواز، لە قۆناخێکی زۆر سەخت و دژواردا درێژەپێدەر و هەڵگری پەیام و ئامانجە پیرۆزەکانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول شۆڕشەكانی تری گەلی كوردستان بوو. شێوازێكی نوێی خەباتی سیاسی و پێشمەرگایەتی و کۆمەڵایەتی بوو بۆ ئازادی و ڕزگاری و سەربەخۆییی کورد و کوردستان.
(دكتۆر ناسیح غه‌فوور) له‌وباره‌وه‌ رایگه‌یاند، شۆڕشی گوڵان كه‌ له‌سه‌ر رێبازی كوردایەتیی راستەقینە و نیشتیمانیمانپەروەریی (بارزانی نەمر) به‌رپا كرا، هیوای به‌به‌ر گه‌لی كوردستاندا هێنایه‌وه‌، ئێستایش بۆ پاراستنى ئەو ئەزموون و دەسكەوتانەى كە بەرهەمى خوێن و خەبات و قوربانیدانی هەموو ئەو نەمرانە و گشت پێشمەرگە نەبەزەکان و جەماوەری کۆڵنەدەر و خۆڕاگری گەلەکەمانن، تێده‌كۆشێ.

(جەمال مورتكە)یش ده‌ڵێ: شۆڕشی گوڵان بە تەواوكەری شۆڕشی ئەیلوول دادەنرێت، دەستكەوتەكانی شۆڕشی ئەیلوول زۆر بوون، لەوانە ڕێككەوتننامەی 11ـی ئازار، لە هەمان كاتیشدا شۆڕشی گوڵان بەرپا بوو و پەڕەی بە خەبات دا، ئەو شۆڕشە توانی هەموو هێز و بیر و باوەڕەكان لەژێر یەك چەتر كۆبكاتەوە، بۆ زیاتر ڕێكخستنی ناو ماڵی كورد، دروستبوونی حكوومەتی هەرێم و ئەو ئازادیەی ئەمڕۆ ئێمە تێدا دەژین، بەرهەمی ئەو شۆڕشەیە، دەستكەوت و سەروەرییەكانی شۆڕشی گوڵان زۆرن بریتین، لە دەستكەوتەكانی ئێستا و سەركەوتنەكانی ڕابردووی گەلەكەمان، چونكە ئەوەی كە ئێستا هەمانە بە ڕەنجی پێشمەرگە و خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و خوێنی شەهیدەكان و بەرهەمی شۆڕشی گوڵان هاتوونەتە دی.

(ئێحسان ئامێدی) پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان، دووپاتی كرده‌وه‌: شۆڕشی گوڵان، درێژەپێدەری شۆڕشی ئەیلوول بوو، لە پێناو ئەو ئارمانجانە بوو كە شۆڕشی ئەیلوول بۆی تێدەكۆشا، پێش هەموو شتێك شۆڕشی گوڵان توانی هیوا و ئۆمێدی گەلی كورد زیندوو بكاتەوە، ئەو شۆڕشە بووە هۆی هۆشیاربوونەوەی خەڵك، كە ڕۆژانە هاووڵاتیان پەیوەندیان بە شۆڕشەوە دەكرد، ئەو بیر و باوەڕەی بۆ خەڵك دروست كرد كە خۆیان بكەنە یەك و دژی دوژمن بوەستنەوە، بۆیە دەستكەوتەكانی شۆڕشی گوڵان زۆرن، لە سەرووی هەموویانەوە ڕاپەڕینە شكۆدارەكەی بەهاری 1991، بە سەركردایەتیی پارتی و بەرەی كوردستانی، لە چوارچێوەی سیاسەت و بەرنامەی شۆڕشی گوڵان كوردستان ئازاد كرا، كە ئەمەیش لە ڕێگەی ئەو یەكڕیزی و تەبایی و گیانی تێكۆشانەی خەڵكی كوردستان بوو، كە شۆڕشی گوڵان لە پێناویدا هەڵگیرسا.

(حه‌مید ئه‌فه‌ندی)یش جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ له‌وه‌ی كه‌، "میللەتی كورد زۆر شۆڕشی بەرپا كردووە و، هەموویشی بۆ ئەوە بووە تا بتوانن كوردستان ڕزگار بكەن و میللەتی كورد لە هەر چوار پارچە بكەن بە یەك و بگەینە مافی خۆمان و سەربەخۆ بین، هه‌ڵبه‌ته‌ من ڕاپەڕین و پەرلەمان و حكوومەت و هەموو ئەو دەستكەوتانەی ئێستایش كە لە كوردستانین و بووینەتە خاوەنیان، بە دەستكەوتی ئەو كاتیان دەزانم".

ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە شۆڕشی گوڵاندا
(حەمید ئەفەندی) پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گوت: "پاش ئەوەی شۆڕشی كورد تووشی نسكۆ بوو، وەكو شۆڕشگێرانی كوردستان ناچار بووین بچینە نێو خاكی ئێران و بنەماڵەكانمان لەسەر سنووری كوردستان دامەزراین و لەوێ پەنابه‌ر بووین، پاش سالێك به‌ فەرمانی حكوومەتی ئێران ئێمەیان دابەش كرد بەسەر شارەكانی ئێراندا، بە تایبەتی ناوچەكانی سنووری ئێران و ئەفغانستان و ڕووسیا و شوێنەكانی تر، تا لە یەكتری دوور بین، هەر بۆیە ماوەی ساڵێك هیچ كەسێك ئاگای لە یەكتری نەما و، بێئومێدییەكی گەورە لامان پەیدا ببوو".
(حەمید ئەفەندی) دەشڵێت: "ئه‌وكات خەڵك زۆر بێئومێد ببوون، به‌ڵام لەگەڵ گەڕانەوەمان بۆ كوردستان، ئومێدێكی گەورەمان پەیدا كرد، كە دەتوانین شۆڕش دروست بكەینەوە، چونكە میللەت تینوو بوو و دەیانویست شۆڕش لە دژی رژێم بەرپا بكەینەوە، ئەوە بوو بە هەموو شێوەیەك هاوكارمان بوون، تا توانیمان سەركەوتن بەدەست بێنین.''

ده‌رباره‌ی ڕۆڵی (سه‌رۆك بارزانی) له‌ شۆڕشی گوڵاندا، (جەمال مورتكە) گوتی: (سەرۆك بارزانی)، ڕۆڵێكی سەرەكی هەبوو لە سەرپەرشتیكردنی هەموو دەزگاكانی حزبی، هەروەها لە قۆناغەكانی شۆڕشدا ڕۆڵێكی گرینگی هەبوو چ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، چ لەسەر ئاستی ناوخۆیی، هەروەها ڕۆڵێكی گرینگی هەبوو لە پەیوەندییەكان لە بواری سەرپەرشتیكردنی لەشكر و لە بواری راگەیاندن و لە ئامۆژگاریكردنی بەشی ڕێكخستن، لە هەمان كاتیشدا لە شەڕەكاندا بەشداری دەكرد و دەورێكی باڵای هەبوو، بەتایبەتی لە شەڕی خواكوڕكدا.


ئەو پێشمه‌رگه‌ و ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی ئاماژەی بەوەش كرد، شۆڕشی گوڵان پاش ئەو هەموو كارەساتانەی بەسەر گەلی كورددا هات، هاتە كایەوە، كە نەك بەس لە عێراق بەڵكو لە هەر چوار پارچەی كوردستان، سەرۆك بارزانی، بڕیاری دا بە پەلە دووبارە ڕێكخستەكانی خۆیان ڕێك بخەنەوە، ئەوە بوو (سەرۆك بارزانی) توانی بەربەستەكانی كوردستان بشكێنێت و قۆناغی پارتیزانییش زیاتر بكات و شۆڕش لە هەموو ناوچەكانی كوردستان بەرپا بوو.


(ئێحسان ئامێدی)، ئەوەشی گوت: شۆڕشی گوڵان بە سەرۆكایەتیی (سەرۆك بارزانی) دەستی پێكرد. (سەرۆك بازرانی) باوەڕی بەوە هەبوو كە ئێمە خاوەن سۆز و بیرێكی ڕەواینە، دەتوانین بەسەر هەموو كۆسپەكان زاڵ بین و گەلی كورد بە هەموو هیوا و ئاواتەكانی خۆی بگات، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتییش، (سەرۆك بارزانی) سەردانی دەرەوەی كرد، لەگەڵ كۆمەڵێك سەركردە و بەرپرسانی وڵاتانی جیهان كۆبوویەوە تا توانی جارێكی دیكە پەیوەندیییەكانی كورد لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپا و ناوچەكە خۆش بكات.


جیاوازیی شۆڕشی گوڵان و ئەیلوول لە چیدا بوو
(ئێحسان ئامێدی)، ده‌ڵێ: قۆناغی دەستپێكردنی هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان جیا بوون، بەڵام یەك ئامانجیان هەبوو؛ كاتێك شۆڕشی ئەیلوول دەستیپێكرد كوردستان ئاوەدان بوو، پارتی توانی سەركردایەتیی شۆڕش لە زاخۆ تا خانەقین بكات، بەڵام كاتێك شۆڕشی گوڵان دەستیپێكرد، شۆڕشی ئەیلوول توشی نسكۆ ببوو، بۆیە پارتی توانی بە شێوەیەكی نهێنی ڕێكخستەكانی خۆی ڕێك بخاتەوە و سەركردایەتیی پارتی توانی پارتی نوێ بكاتەوە و شۆڕشی گوڵان هەڵبگیرسێنێت، بۆیە، شۆڕشی گوڵان هەمان گەوهەری شۆڕشی ئەیلوول بوو، بەڵام لە ڕووخساردا لەو شۆڕشە جیاواز بوو، چونكە بە شێوە و تەكنیك و بزاوتێكی نوێتر هاتەكایەوە. شۆڕشی گوڵان جگە لە پارتی، حزبە كوردستانییەكانی دیكەی لە خۆ كۆ كردبوویەوە، بۆیە شۆڕشێكی سەركەوتوو بوو، توانی كۆمەڵێك دەستكەوتی گرینگ بۆ گەلی كوردستان مسۆگەر بكات، دوژمنانی كورد هیچ بیریان لەوە نەكردبوویەوە كە شۆڕشی كوردی سەرهەڵبداتەوە و پێشمەرگە بێتەوە چیاكانی كوردستان، بۆیە شۆرشی گوڵان ئۆمێدێكی گەورەی بۆ خەڵكی كوردستان گەڕاندەوە و ترسێكی گەورەشی لە دڵی دوژمنان دروست كرد.


(جەمال مورتكە) زیاتر دەڵێ: شۆڕشی گوڵان لە ڕوانگای بیر و باوەڕی كۆمەڵێك حزب و لایەن هاتە كایەوە، لە هەمان كاتیشدا شۆڕشی ئەیلوول، لە قۆناغی بەرگریكردندا بوو و، تاكە حزبێك ڕابەرایەتیی شۆڕشی دەكرد، بەڵام شۆڕشی گوڵان بە شێوەی پارتیزانی هاتە مەیدان، پاشان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ڕۆڵێكی گرینگی بینی، لە هەمان كاتیشدا ڕێكخستەكانی خۆی لەسەر بنەمایی ڕێكخراوەیی دامەزراند".

هه‌ولێر-KDP.info




دوایین هەواڵەکان

لە پارێزگای سەلاحەددین کورد دوو پۆستی بەدەستهێنا

TUESDAY, 23 APRIL 2024 18:04:03

سەلاحەددین _KDP.info_ ڕاوێژکاری پارێزگاری سەلاحەددین بۆ کاروباری ئەمنی دەڵێت، ئەمڕۆ ژمارەیەک پۆستی دیکەی پارێزگای سەلاحەددین یەکلاکرانەوە و دوو پۆستی پارێزگاکەش بەر کورد کەوتن، ڕاوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین بەر پارتی دیموکراتی کوردستان و بەڕێوەبەری وەبەرھێنانیش بەر یەکێتی نیشتمانی کەوت.

 
میری ئێزدیان بۆ KDP.info: سەرۆک بارزانی پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئێزدیان دووپات کردەوە

TUESDAY, 23 APRIL 2024 16:04:38

شێخانKDP.info-  میر حازم تەحسین  بەگ میری ئێزدیان لە جیهان ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدارمان لەگەڵ سەرۆک بارزانی مان ئەنجامدا و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئێزدیان دووپات کردەوە.

 

سیاسەتڤانێک: تورکیا دەیەوێ پەیوەندییە ئابووریەکانی لەگەڵ کوردستان بەهێزتر بکات

TUESDAY, 23 APRIL 2024 16:04:43

تورکیا _KDP.info_ موستەفا ئۆزجەلیک، سیاسەتڤان و شارەزای سیاسەتی تورکیا دەڵێت: تورکیا دەیەوێ لە زۆر ڕووەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان باشتر بکات.

 

بەنداوەکانی دھۆک نوژەن دەکرێنەوە

TUESDAY, 23 APRIL 2024 16:04:21

دھۆک-KDP.info-  بەڕێوەبەری ئاودێری پارێزگای دھۆک دەڵێت: ژمارەیەک بەنداو بەھۆی لافاوی مانگی ڕابردوو زیانیان بەرکەوتووە، بڕیارە ھەموو ئەو بەنداوانەی زیانیان پێگەیشتووە نوژەن بکرێنەوە.

 

وەزارەتی سامانە سروشتییەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

TUESDAY, 23 APRIL 2024 12:04:21

هەولێر-KDP.info- وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا سەبارەت بە پرسی هەناردە کردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و لێدوانی بەرپرسانی وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەوڵ دەدەن بەرپرسیارێتیی شکستی هەناردەکردنی نەوت بخەنە پاڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact