هەولێر-KDP.info- سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له جه‌نه‌راڵ ماكفالاند فەرماندەی هێزی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی لە عێراق و سووریا كرد و، لەدیدارەکەدا فەرماندەی هێزی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شه‌ڕی داعش له عێراق و سوریا و شاندی یاوه‌ری به‌گرنگیه‌وه باسیان له به‌رده‌وامی هه‌ماهه‌نگی هێزی پێشمه‌رگه و هاوپەیمانان كرده‌وه بۆ بنبڕكردنی تیرۆر له ناوچه‌كه‌دا.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه 24ـی5ـی 2016 له سه‌لاحه‌دین، (مەسعوود بارزانی) سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان پێشوازی له جه‌نه‌راڵ ماكفالاند فەرماندەی هێزی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شه‌ڕی داعش له عێراق و سوریا و شاندی یاوره‌ی پێكهاتبوو له جۆسن كوهین جێگری باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له عێراق و ماتیاس میتمان كونسوڵی ئه‌مه‌ریكا له هه‌ولێر و چه‌ند راوێژكارێكی سه‌ربازی كرد.
له‌سه‌ره‌تای دیداره‌كه‌دا، شاندی میوان خۆشحاڵی خۆیان بۆ دیدار لەگەڵ سەرۆك بارزانی ده‌ربڕی، هه‌روه‌ها پوخته‌یه‌كیان له‌باره‌ی دواین گۆڕانكارییە مەیدانییەكانی شه‌ڕی رووبه‌ڕبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش و پرۆسه‌ی ئازادكردنه‌وه‌ی فه‌لوجه و ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئازادكردنی شاری مووسڵ‌یان بۆ سه‌رۆك بارزانی خستەڕوو.
فەرماندەی هێزی هاوپه‌یمانێتی نێوده‌وڵه‌تی بۆ شه‌ڕی داعش له عێراق و سوریا و شاندی یاوه‌ری به‌گرنگیه‌وه باسیان له به‌رده‌وامی هه‌ماهه‌نگی هێزی پێشمه‌رگه و هاوپەیمانان كرده‌وه بۆ بنبڕكردنی تیرۆر له ناوچه‌كه‌دا.
سه‌رۆك بارزانی وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی میوان به‌بایه‌خه‌وه باسی له هه‌ماهه‌نگی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه‌كانی هاوپه‌یمانێتی كرد له پێناو بنبڕكردنی تیرۆریستانی داعش.
له بەشێكی دیكەی دیداره‌كه‌دا باس له ئاماده‌كارییه‌كانی پرۆسه‌ی ئازادكردنی شاری مووسڵ كرا و هه‌ردوولا هاوڕابوون له‌سه‌ر پته‌وكردنی هه‌ماهه‌نگی و یارمه‌تیدان له‌پێناو لەناوبردنی تێرۆر.