Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 19 APR 2024 11:13 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

سه‌رۆك بارزانی: بە دڵنیاییەوە گەل بڕیاری خۆی دەدات.. سایكس پیكۆ كۆتایی هاتووه‌
| KDP.info


هه‌ولێر-KDP.info-  له‌ په‌یامیدا به‌ بۆنه‌ی 100 تێپه‌ڕبوون به‌سه‌ر ڕێككه‌وتننامه‌ی سایكس پیكۆدا، (سه‌رۆك بارزانی) جه‌خت ده‌كاته‌وه‌، دەبێ ددان بەو واقعەدا بنێن كە ئێستا لە ئارادایە، چەمكی هاووڵاتیبوون دروست نەبوو و ئێستایش سنوور و سەروەری مانای نەماوە و سایكس پیكۆ كۆتایی هاتووە. سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان هاوكات رایگه‌یاندووه‌، لەم بارودۆخە سەختەی ئێستادا هەلێكی مێژووییش لەبەردەم هەموو لایەكە بۆ ئەوەی ڕێگە لە كارەسات و نەهامەتییەكان بگیرێت و ئەزموونی ڕابردوو دووبارە نەبێتەوە. هه‌روه‌ها ده‌ڵێ، ئەگەر لایەنە سیاسییەكانیش بە بیانووی جیاواز بیانەوێ لەو هەلە مێژووییەدا لە بەرپرسیارێتی ڕابكەن، ئەوا گەل بڕیاری خۆی دەدات و بڕیاری گەلیش لە هەموو بڕیارێك بەهێزتر و شەرعیترە و، بە دڵنیاییشەوە گەل بڕیاری خۆی دەدات. 

 

ده‌قی پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە یادی سەدساڵەی ڕێككەوتنی سایكس پیكۆ:

سەد ساڵ بەسەر ڕێككەوتنی سایكس پیكۆ تێدەپەڕێت. ئەو ڕێككەوتنەی لە دوای یەكەم جەنگی جیهانه‌وه‌ بوو بە هۆی دابەشبوونی ناوچەكە بە بێ ئەوەی ڕەچاوی ڕای دانیشتوان و سرووشتی دیموگرافیی ناوچەكە بكات و زوڵمێكی گەورە لە گەلانی ناوچەكە و بە تایبەتی گەلی كوردستان كرا. 

ئەنجامی ئەو ڕێككەوتنە بە دەرجەی یەكەم بۆ گەلی كوردستان لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا كارەساتبار بوو. ئەو دەوڵەتەی كە لەسەر بنەمای شەراكەتی دوو نەتەوەی سەرەكیی كورد و عەرەب دامەزرا بوو، لە كردەدا شەراكەتی كورد پشتگوێ خرا و لە لایەن حكوومەت و ڕژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراق گەورەترین كارەسات و زوڵم و نكۆڵیكاری دەرهەق گەلی كوردستان ئەنجام درا. بەشی گەلی كوردستان لەو شەراكەتە، ئەنفالی دوازدەهەزار گەنجی فەیلی و هەشت هەزار بارزانی و سەدوهەشتاودوو هەزار هاووڵاتیی كورد لە گەرمیان و ناوچەكانی تر و، كیمیابارانكردنی هەڵەبجە و وێرانكردنی چوارهەزار و پێنجسەد گوند و تەعریب و شەڕ و كاولكاری و جینۆساید بوو.

لەدوای ڕاپەڕینی 1991 گەلی كوردستان ویستی لاپەڕەیەكی تازە بكاتەوە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە نەبرد، بەڵام حكوومەتی عێراق بەردەوام بوو لە ملهوڕی و سەرەڕۆیی خۆی. دوای 2003 و پاش ڕووخانی ڕژێمی بەعس گەلی كوردستان لەپێناو بنیاتنانەوەی عێراق لەسەر بنەمای شەراكەت و دیموكراسی و فیدڕالیزم هەموو توانای خۆی بەكار هێنا بۆ ئەوەی دۆخی عێراق باشتر بێت و دەستوور بنووسرێت و شەراكەت و تەوافوق بچەسپێت. بەڵام لە كردەدا كار بە دەستوور نەكرا و حكوومەتی عێراق خۆی لە پابەندبوونەكان شاردەوە و شەراكەتی پێشێل كرد و قووتی خەڵكی كوردستانیشی بڕی.

شەڕ و كارەسات و ناسەقامگیری و توندڕۆیی و بێ بەشبوون دەرئەنجامی ئەو ڕێككەوتنە بوو كە بە زۆر پێكهاتەكانی لە ناوچەكە و بە تایبەت لە عێراقدا پێكەوە لكاند. لەوەتای ئەو پێكەوەلكاندنە بەزۆرە ڕووی داوە گەلانی كوردستان و عێراق و ناوچەكە ئاشتی و سەقامگیرییان بەخۆیەوە نەدیوە.

ئێستا بە عەمەلی عێراق دابەش كراوە و، تاییفەگەری هێڵەكانی ئەو دابەشبوونە پێك دەهێنێ. لە عێراق و سووریا و زۆر وڵاتی تر داعش سنوورەكانی تێكداوە و سنووری نوێی دروست كردووە. لەم دۆخەی ئێستای عێراقیشدا گەلی كوردستان بە هیچ شێوەیەك بەرپرسیار نییە. بەرپرسیارێتیی ئەو دۆخە دەكەوێتە ئەستۆی ئەوانەی سەد ساڵ بەر لە ئێستا ناوچەكەیان دابەش كرد و هەروەها سیاسەتی هەڵەی دەستەڵادارانی ناوچەكە و بەغدا كە ویستیان بە زۆری چەك و سەركوتكاری سەقامگیری دروست بكەن و لەوەدا سەرنەكەوتن.

دوای سەد ساڵ دابەشبوون و ڕەنج و نەهامەتی، گەلی كوردستان هەموو ڕێگەیەكی بۆ پاراستنی یەكپارچەیی عێراق و دەوڵەت بە مانای حەقیقی تاقی كردووەتەوە، بەڵام سوودی نەبووە. مەمنون دەبم لەم دۆخەدا یەكێك بێت و پێمان بڵێت گەلی كوردستان چیتر بكات یان چیتری كردبا بۆ ئەوەی عێراق بە یەكگرتوویی بمێنێتەوە؟ لەپێناو ڕێگەگرتن لە شەڕ و ناسەقامگیری و كارەساتی تر پێویستە پێداچوونەوە بە ڕێككەوتنی سایكس پیكۆ بكرێت، چونكە چیتر دانیشتوانی عێراق بەرگەی شەڕ و ناكۆكی و توندڕۆیی ناگرن. ناكرێ پێداگری لەسەر دووبارەبوونەوەی سەد ساڵ هەڵە و كارەسات بكرێت و پێویستە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی هەرێمایەتی لەوە بگەن، كە بۆ كۆتاییهێنان بە نەهامەتییەكانی عێراق دەبێ بگەڕێینەوە بۆ سرووشت و ئیرادە و ویستی دانیشتوانی ناوچەكانی عێراق و، لەسەر ئەو بنەمایانە بڕیار لە شێوازی ژیان و ئاییندەی سیاسییان بدرێت. لەبارەی چارەنووسی گەلی كورد لە پارچەكانی تریش، ئەوە هەر پارچەیەك تایبەتمەندی و بارودۆخی تایبەت بە خۆی هەیە و پێویستە دۆزی كورد لە پارچەكانی تردا بە ئاشتی و دیالۆگ و بەپێی تایبەتمەندییەكانی هەر پارچەیەك چارەسەر بكرێت.

دەبێ ددان بەو واقعەدا بنێن كە ئێستا لە ئارادایە، چەمكی هاووڵاتیبوون دروست نەبوو و ئێستایش سنوور و سەروەری مانای نەماوە و سایكس پیكۆ كۆتایی هاتووە. بۆیە وەك بەرپرسیارێتییەكی مێژوویی پێویستە وڵاتان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە جیاتی پێداگری لەسەر بەردەوامبوونی ئازارەكانی خەڵكی عێراق، بێن و بیر لە چارەسەری واقعیانە و حەقیقیی عێراق و ناوچەكە بكەنەوە. ئەگینا شەڕ و توندڕۆیی و كارەسات هەر بەردەوام دەبێت و ئاشتی و ئاساییشی نێودەوڵەتیش دەكەوێتە مەترسییەوە.

لەم بارودۆخە سەختەی ئێستادا هەلێكی مێژووییش لەبەردەم هەموو لایەكە بۆ ئەوەی ڕێگە لە كارەسات و نەهامەتییەكان بگیرێت و ئەزموونی ڕابردوو دووبارە نەبێتەوە. لە سەد ساڵەی ڕێككەوتنی سایكس پیكۆدا داوا دەكەم، گفتوگۆیەكی جیددی لەنێوان هەرێم و بەغدا دەست پێبكات بۆ گەییشتن بە چارەسەرێكی تازە و ئەگەر شەراكەت سەركەوتوو نەبوو با برا و دراوسێی باش بین.

ئەگەر لایەنە سیاسییەكانیش بە بیانووی جیاواز بیانەوێ لەو هەلە مێژووییەدا لە بەرپرسیارێتی ڕابكەن، ئەوا گەل بڕیاری خۆی دەدات و بڕیاری گەلیش لە هەموو بڕیارێك بەهێزتر و شەرعیترە و، بە دڵنیاییشەوە گەل بڕیاری خۆی دەدات. 




دوایین هەواڵەکان

شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.

ھەوراز عەبدولقادر: بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار بۆ مووچەی ئەم توێژە زیاد دەبێت

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:31

ھەولێر  _KDP.info_ بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.

 
سەرۆک بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردن و ئەندامێکی ئەنجوومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکات

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:21

ھەولێر-KDP.info-  ڕۆژێ پێنجشەممە 18ی نیسانی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە دادوەر عەباس فەرحان حەسەن سەرۆکی کارگێری هەڵبژاردن لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و دادوەر عامر موسا محەمەد ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق کرد.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact