نه‌دا مێرگه‌سۆری
له‌م چه‌ند رۆژه‌ی رابردوو گۆڕه‌پانی سیاسیی عێراق تووشی شۆكێكی مه‌ترسیدار بوو، كه كار گه‌یشته ئه‌وه‌ی یه‌كێك له ده‌سه‌ڵاته‌كانی ده‌وڵه‌تی عێراق كه په‌رله‌مانه، هێرشی بكرێته سه‌ر و له شكۆ و هه‌یبه‌تی بدرێت؛ هه‌رچه‌ند راشكاوانه ده‌ڵێم كه شكۆی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌مێكه لاواز بووه، به تایبه‌ت كه هه‌یمه‌نه‌ی حكوومه‌ت زۆر راشكاوانه به‌سه‌ریه‌وه دیاره و ئه‌و پره‌نسیپه‌ی(فصل بین السلطات) كه به‌رهه‌می شۆڕشی فه‌ره‌نسییه و له ده‌ستووری عێراق ساڵی(2005)یشدا هاتووه، ده‌مێكه هه‌ستمان به نه‌بوونی كردووه و پره‌نسیپی(تدخل السلطات) جێگه‌ی گرتووه‌ته‌وه.
هه‌ڵبه‌ته پێشێلكردنی چه‌نده له ئه‌ستۆی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردندایه، هێنده‌ش په‌یوه‌سته به لاوازیی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و، بێده‌نگیی خودی په‌رله‌مانتارانیش، ره‌نگه ئه‌م لاوازییه‌ش هۆكاری زۆری هه‌بێت له‌وه‌ی كه زۆرجار به‌رژوه‌ندییه كه‌سییه‌كان و ترسان له له‌ده‌ستدانی پێگه و پۆست و تێنه‌گه‌یشتن له كاری په‌رله‌مانی و بوونی ده‌نگێكی (نانوخبهی شه‌قام) و نه‌بوونی یاسایه‌كی تایبه‌ت به ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و، موزایه‌ده‌ی بێسنووری هه‌ندێك په‌رله‌مانتار، بووبێته هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌م ته‌ده‌خوله زه‌قه هه‌بێت له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردنه‌وه.
بێگومان لاوازی و بوونی په‌رله‌مانێكی ناكارا له به‌غدا به سوودی ده‌سه‌ڵاتی جێبه‌جێكردن ده‌بێت، چونكه به‌رزرترین ده‌سه‌ڵاتی چاودێری به سه‌ر حكوومه‌ته‌وه كه په‌رله‌مانه، گه‌ر نه‌توانێت به بوێری چاودێری كاره‌كانی حكوومه‌ت بكات ئه‌وا حكوومه‌تێكی تاكڕه‌و دروست ده‌بێت كه ده‌توانێت هه‌ر كاتێك ویستی پرنسیپی(فصل بین السلطات) پێشیل بكات. وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا له به‌غدای عێراق ده‌بینین.
ئه‌م گرفتانه‌ی كه ئێستا له عێراق روو ده‌ده‌ن، ریشه‌یه‌كی قووڵی هه‌یه، به‌ڵام به به‌زمی حكوومه‌ته ته‌كنۆكراته‌كه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران (حه‌یده‌ر عه‌بادی)یه‌وه ده‌ستی پێكرد، كاتێك كه خۆی كرده فریادره‌سی چاكسازییه‌كانی عێراق و پێی وابوو ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵی و بێسه‌روبه‌رییه‌ی له عێراق له ماوه‌ی(13) ساڵ حوكمی شیعه كراوه، به گۆڕینی هه‌ندێك ده‌موچاو دروست ده‌بێت، بێئه‌وه‌ی به‌ڕێزیان به‌رنامه‌یه‌كی تۆكمه‌ی پلان بۆ داڕێژراوی هه‌بێت بۆ بنبڕكردن یان باشتره بڵێین، كه‌مكردنه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی له عێراق و باشتر و خۆشتركردنی باری گوزه‌رانی خه‌ڵكی داماوی عێراق، كه بوێرانه ده‌ڵێم له كه‌مترین خزمه‌تگوزارییش بێبه‌شن.
گرفت ئه‌و كاته دروست بوو كه زه‌رفه داخراوه‌كه‌ی یه‌كه‌می له‌ژێر گوشار یان به هه‌ماهه‌نگیی موقته‌دا سه‌در پێشكه‌شی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی كرد و به ناراسته‌وخۆ به هه‌موو حزبه‌كانی گوت، من وه‌زیری تهكنۆكراتم هێناوه و گوێیش به هیچ كوتله و حزبێك ناده‌م، من(سین و جیم ....) دێنم، تهكنوكراتن، به‌ڵام له رووی سیاسییه‌وه به‌هێز نین، بۆیه من به كه‌یفی خۆم حكوومه‌ت به‌ڕێوه ده‌به‌م، به‌م جۆره تۆپه‌كه‌ی هاوێشته ساحه‌ی په‌رله‌مانه‌وه، بۆیه پشتگوێخستنی سه‌ركرده سیاسییه‌كانی عێراق له شیعه و سوننه و كورد و به‌هه‌ند هه‌ڵنه‌گرتنی بڕیاری كوتله سیاسییه‌كانی په‌رله‌مان و، بگره كوتله سیاسییه‌كه‌ی خۆشی و به كه‌یفی خۆی قۆڵ لێ هه‌ڵماڵینی بۆ گۆڕینی وه‌زیره‌كان، بووه هۆی پێكدادانی سیاسی، چونكه ئه‌مه به روونی پێشێلكردنی پره‌نسیپی شه‌راكه‌ت بوو كه ئه‌م عێراقه‌ی دوای رووخانی سه‌ددامی له‌سه‌ر دروست كرایه‌وه.
له‌م لاشه‌وه موقته‌دا سه‌در به خۆپیشاندان و ورووژاندنی شه‌قام و لێدوانی ورووژێنه‌ر و هه‌ڕه‌شه‌ئامێز، گوشاری ده‌خسته سه‌ر حزبه سیاسییه‌كانی عێراق كه گه‌ر به‌وو شێوه‌یه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێت ده‌نگ نه‌ده‌ن به حكومه‌تی ته‌كنۆكرات، ئه‌وا شه‌قام تووڕه ده‌بێت، بینیشمان كه دوای ئه‌وه‌ی رۆژی شه‌ممه ڕێكه‌وتی(30-4-2016) به هۆی ته‌واونه‌بوونی نیسابی یاسایی، دانیشتنی په‌رله‌مان ئه‌نجام نه‌درا و سه‌رۆكوه‌زیرانیش نه‌یتوانی گۆڕانكارییه وه‌زارییه‌كه‌ی ته‌واو بكات، ئه‌وا خۆپیشانده‌ران چی‌یان به په‌رله‌مان و هه‌یبه‌تی په‌رله‌مان كرد.
هه‌یبه‌تی په‌رله‌مان شكا و په‌رله‌مانتار ئازار درا و په‌یامی موقته‌دا سه‌دریش به روونی گه‌یشته هه‌موو لایه‌ك، به‌ڵام پرسیار ئه‌وه‌یه، كه ئایا بۆچی به‌ڕێز(حه‌یده‌ر عه‌بادی) فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه چه‌كداره‌كان و پارێزه‌ری ئه‌من و ئاسایشی ته‌واوی ده‌وڵه‌تی عێراق، چاوی له‌و هێرشه نوقاند و هیچ رێكارێكی ئه‌منی نه‌گرته به‌ر، خۆ ئه‌و ده‌یزانی به هۆی ئه‌و هه‌موو گفته بێئهنجامانهی ئه‌و داویه‌تی به خه‌ڵكی عێراق، خۆپیشانده‌ران توڕه‌ن و ته‌نیا دوو مه‌ترێك دوورن له سیاجه كۆنكریتییه‌كانی ده‌رگای ته‌شریعی و، گه‌ر ئارامیان لێ بڕا هه‌موو شتێك ده‌كه‌ن؟ ئه‌ی بۆچی بێ ده‌نگ بوو؟ ئایا به‌م جۆره هه‌ڵسوكه‌وته، مرۆڤ حه‌قی نییه بیر له شتی دیكه بكاته‌وه و پێی وابێ كه حكوومه‌ته‌كه‌ی سه‌در و عه‌بادی تووشی شكست بوو، به‌وه‌ی نه‌یانتوانی به هه‌ڕه‌شه‌ش قه‌ناعه‌ت به ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و كوتله‌كانی په‌رله‌مان بێنن، خۆ هه‌ڕه‌شه‌كه هه‌ر له دوادانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران له رێكه‌وتی(26-4-2016) دیار بوو كه حاكم زاملی په‌رله‌مانتاری كوتله‌ی سه‌در و سه‌رۆكی لێژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری گوتی، ئه‌گه‌ر ده‌نگ به گۆڕانكاریی وه‌زاری نه‌درێت، ئه‌وا خۆپیشانده‌ران له ده‌ره‌وه‌ن و ناتوانین كۆنترۆڵیان بكه‌ین.
هه‌رچه‌نده هه‌ر له‌م دانیشتنه ده‌نگ درا به ایقالهكردن و دانانی (5)وه‌زیر، به‌ڵام ئه‌وان تا دواسات هه‌ر سوور بوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه ده‌بێت هه‌موو وه‌زاره‌ته‌كان بگۆڕدرێن، هه‌روه‌ك چۆن ئه‌وان ده‌یانه‌وێت، بێ ئه‌وه‌ی حیسابیش بۆ سوننه و كورد كوتله شیعییه‌كانی تر بكه‌ن.
كێشه له عێراق كێشه‌ی نه‌خوێندنه‌وه‌ی به‌رامبه‌ره و كێشه‌ی به‌لاوه‌نانی كورد و پێكهاتهكانهی دیكه و حوكمكردنی تاكڕه‌وانه‌یه، كێشه‌ی هه‌رسنه‌كردنی هه‌ندێك پره‌نسیپه كه له ده‌ستووردا چه‌سپاوه، كێشه‌ی پێشێلكردنی شه‌راكه‌تی راسته‌قینه‌یه و تێنه‌گه‌یشتنه له مه‌فهومی فیدرالیه‌ت و پێكه‌وه‌ژیان، كێشه رێزنه‌گرتنی ده‌ستووره و چه‌سپاندنی حوكمی به زۆره، به راستی ئه‌وه‌ی ئێستا له عێراق روو ده‌دات فه‌وزایه‌كی سیاسییه كه كۆتاییه‌كه‌ی تا ئێستا ناڕوونه، بگره بۆ ئه‌وانه‌شی كه خه‌لقی ئه‌و فه‌وزایه ده‌كه‌ن، كه له ئه‌نجامی لاوازیی(حه‌یده‌ر عه‌بادی) و پشتكردنه له سه‌ركردایه‌تیی حزبه‌كه‌ی خۆی و ركابه‌ریكردن و لاوازكردنی پێگه‌ی نووری مالیكی و ته‌سفیه حیسابی سیاسییه كه خۆشه‌به‌ختانه كورد خوڵقێنه‌ری ئه‌م فه‌وزایه نییه كه له نێو ماڵی شیعه‌دا دروست بووه، به‌ڵكو سودمه‌ندی ئه‌و فه‌وزایه ده‌بێت كه له به‌غدا و له نێو مالی شیعه‌دا هه‌یه، ئه‌گه‌ر كه حزبه كوردستانییه‌كان یه‌كده‌نگی و یه‌كرێزیی خۆیان بپارێزن و به حه‌كیمانه بڕیاره چاره‌نووسسازه‌كان بده‌ن.
خۆشبه‌ختانه ئه‌وه‌ی كه ئێمه‌ی كوتله كوردستانییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق پێی دڵخۆش بووین و مایه‌ی دڵخۆشیی خه‌ڵكی كوردستانیش بوو یه‌كریزی و ته‌باییی ئێمه بوو له به‌غدا به‌رانبه‌ر پرسی گۆڕانكاریی وه‌زاری، كه ئه‌م یه‌كریزییه بووه هۆی ئه‌وه‌ی كه (حه‌یده‌ر عه‌بادی) به هیچ شێوه‌یه‌ك زه‌فه‌ر به كورد نه‌با و نه‌یتوانی ئیراده‌ی خۆی به‌سه‌ر كورددا بسه‌پێنێت، چونكه خۆیشی ده‌زانێت كه كورد خاڵی یه‌كلاكه‌ره‌وه‌یه بۆ پرسه سیاسییه‌كانی عێراق. بۆیه به راستی ئه‌و فه‌وزایه‌ی له عێراق هه‌یه سه‌پاندنی ئیراده‌یه و پێویسته به گفت‌وگو و دانوستاندن پرسی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و پرسه سیاسییه‌كانی دیكه‌ی پێ چاره‌سه‌ربكرێت.