Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 19 APR 2024 22:09 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

"گەڕانەوە بۆ بەغدا لە ھەورازەکە سەرمان ناخا، بەرە و ھەڵدێر گلۆرمان دەکاتەوە"
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info-  "ھەر حزب ولایەنێکی سیاسی پێی وابێت گەڕنەوە بۆ بەغدا چارەسەرە ئەوە بۆچوون وھەڵوێستێکی کورت بینانەیە و زیاتر گەڕانە بەدوای بەرژەوەندی حزبی و تەکتیکی و لاوەکی و پشت کردنە لە ستراتیژی سەربەخۆیی و رۆیشتن بە رەودەوڵەت بوونە، ئەم گوتار و رەفتارە سیاسییە نەک لە ھەورازەکە سەرمان ناخا بەڵکوبەرە و ھەڵدێرگلۆرمان دەکاتەوە"، (عوومەر نورەدینی) مامۆستا لە زانستە سیاسییەکان، وای گوت.

وەک چۆن سەرۆک (مەسعوود بارزانی) رایگەیاند" ئەو ڕیفراندۆمە بە مانای دەستبەجێ ڕاگەیاندنی دەوڵەت نییە بەڵکو بۆ ئەوەیە کە ئیرادە و ڕای گەلی کوردستان لەبارەی چارەنووسی خۆی بزاندرێت و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان لە کات و دۆخی گونجاودا ئیرادە و بڕیاری گەل جێبەجێ بکات".

(عوومەر نورەدینی) مامۆستا لە زانستە سیاسییەکان بە ماڵپەڕیی فەرمی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە بنەڕەتدا کێشەی گەلی کوردستان ونەتەوەی کورد کێشەی گەل وخاکێکە کە سەربەخۆیی و ئازادی لێ زەوت کراوە و بەھۆی ئەوەش تووشی کارەسات و کۆکوژی و تراژیدیای ئەوتۆ بووە کە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا کەم وێنەیە، ھەر بۆیە چارەسەری بنەڕەتی ویەکلاکەرەوە بۆ کێشەی کورد لەرۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیە کە ببێتە خاوەن سەربەخۆیی سیاسی وئابووری و دەوڵەت نەتەوەی خۆی دامەزرێنێ، بۆیە ھەر حزب ولایەنێکی سیاسی لە کارنامەوپرۆگرامی خۆیدا ئەمە بکاتە ئامانج و خەباتی بۆبکات بێ گومان سەروەری نەتەوەیی ونیشتیمانی ومێژوویی بۆخۆی تۆمار دەکات".

(نورەدینی) گوتیشی: " ڕاستە لە سیاسەتدا جیاوازی نێوان ڤیان و شیان ھەیە واتا ئەوەی تۆ ئاواتی بۆ دەخوازی لەگەڵ ئەوەی دەشا و مومکینە ھەمووکات یەکناگرنەوە، بەڵام زۆر گرنگە ڕەچاوی ئەوە بکرێت کە لەکاتی گونجاودا ھەوڵی ئەوە بدرێت کە ئەوەی ڤیان و ھیوایە ئەوەی کە دروشم وئامانجە بکرێتە واقیع و بەکردەوە جێبەجێ بکرێت  لەمێژووی سیاسەتی نیودەوڵەتی و بەدەوڵەت بوونی گەل ونەتەوەکان دا ئەو ڕاستییە ھەڵدەھێنجین کە ساتەوەختی گونجاو بۆ سەربەخۆیی و گەیشتن بە دەوڵەت نەتەوەی سەربەخۆ ئەوکاتەیە کە جەنگ و شەڕ و فەوزایەکی نێودەوڵەتی لەئارادابووە و دوای جەنگ دووبارە بەسیستەم کردنەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی سەری ھەڵداوە لە ئەورووپا دوای جەنگی سی ساڵەی ئاینی (١٦١٨ – ١٦٤٨ ) دەیان دەوڵەت نەتەوەی تازە دامەزران، لە دوای جەنگی جیھانی یەکەم و دووەم و کۆتایی جەنگی سارد و ھەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت لە (١٩٩١) دیسان دەیان دەوڵەت نەتەوەی تازە لەدایک بوون ئێستا کە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا جەنگی جیھانی دژی تیرۆر لەئارادایە و زۆر گۆڕانکاری وپێشھاتی تازە ڕوویان داوە و گەلی کوردستان و قەوارەی سیاسی ھەرێمی کوردستان لەناو چەقی ئەو گۆرانکاڕیانەدایە وەک چۆن مەترسی تازە ھاتوونە پێش، بەڵام ھەلی گەورەشی ڕەخساندووە بۆ جاڕدانێکی نوێ لە قۆناغی خەباتی سیاسی کە بازنەی فیدراڵی تێک بشکێنێ و بەرەوسەربەخۆیی بکشێت".

(د.عوومەر) ئاماژەیشی دا : " گرینگە حزبە سیاسییەکان و دەستەبژێری ڕۆشنبیری و مەدەنی و کۆمەڵایەتی گەلی کوردستان ھەماھەنگی پێویست بکەن و لە رێگای ریفراندۆم و میکانیزمی دیکەی سیاسی ومەدەنی ویاسایی و سەردەمیانە کار بۆ پیادەکردنی ئیرادەو ویستی گەلی کوردستان سەبارەت بە سەربەخۆیی بکەن و ئەو ھەل ومەرجەی ھاتۆتەپێش لەکیس نەدەن".

سەبارەت بەوبەرەیەی  گوایە دەڵێن ھەرێمی کوردستان بگەرێتەوە بۆ بەغدا، (د.عوومەر نورەدینی) رایگەیاند: "ئەگەر مێژووی سیاسی کۆن ونوێ وھاوچەرخی عیراق شەن وکەو کەیت و بپرسی لە بەغداوە (بەغدا وەک پایتەختی سیاسی و دەسەڵاتداری و دەوڵەت)  چی بۆ کوردستان ھاتووە؟ وەڵامەکەی ئەوەیە کە نەگبەتی وداگیرکاری وکاولکاری وئەنفال وکیمیاباران و ڕاگواستنی زۆرەملێ وجینۆساید و زیندانی و ئەشکەنجەدان ولەسێدارەدان و تێکدانی شیرازەی کۆمەڵایەتی وکلتورو ڕەگەزەکانی ناسنامەی نەتەوەیی و زەوت کردنی ئازادی وپێشێل کردنی مافەکان، ئەم سیاسەتە دەرھاویشتەی عەقڵیەتێکی سیاسییە کە لە ناسیۆنالیزمی توندڕەوی عەرەبی وفکری ئاینی ومەزھەبی توندڕەوەوە سەرچاوەی گرتووە کە حزبی بەعس و ڕێکخراوی داعش نموونەی زیندوون و بەداخەوە لەنێو بازنەی شیعەی سیاسی عیراقیشدا دیسان حزب ولایەنی سیاسی ئەوتۆ ھەن کە باوەڕیان بە ما ف وئازادی وسەربەخۆیی گەلی کوردستان نییە و ئەوەی ئەورۆش ھەیە و قەبووڵیان کردووە لە ناچاریە نەک لە قەنەعاتەوە و پێیان بکرێت ئەوەی بە خوێن وخەبات دەستمان ھێناوە لێمان تێک دەدەن. دەبینین کە چۆن جەنگی ئابووریمان لەگەڵ دەکەن و مافەیاسایی ودەستووریەکانمان نادەنێ و سەدان گرفتمان بۆ دروست دەکەن، بۆیە نابێ دڵمان بە عەقڵیەتی سیاسی عەرەبی حاکم لە بەغدا خۆش بێت و، ھەرگیز گەڕانەوە بۆ بەغدا چارەسەرنییە".

(نورەدینی) دەیشڵێ: " دەبێ لەسیاسەت دا راستییە تاڵەکان نۆش کەین  و  نوکی تیژی چقڵی واقیع بە دەست وپێماندا بچەقێت ئەگینا دەسکەوتەکان لەکیس دەدەین دەمەوێ بڵێم بەغدا وەک پایتەختی دەوڵەتی عیراق جا ھەولێر وەک پایتەختی ھەرێمێکی فیدراڵی بێت یان دەوڵەتی سەربەخۆ مەحکومە بەوەی دەبێت جیرانە دەوڵەت و جیرانە خاک و جیرانە گەل بین و کەجیرانیش بوویت ماف و ئەرکت بەرامبەر یەکتری بۆ دروست دەبێت، بۆیە پێکەوە بین یان جیابینەوە پەیوەندیمان لەگەلڕ بەغدا بۆ ئێمە گرنگەو دەبێت لە سەربنەمای دراوسێیەتی باش و بەرژەوەندی ھاوبەش بونیات بنرێت و نابێ ئەوەشمان لەبیرچێت کە لەگەڵ نەتەوەی عەرەب خاڵی ھاوبەشی مێژوویی وشارستانی وئاینی وکەلتوری زۆرمان ھەیە و ھێزمان بەیەکتری بەخشیوە و دەبێت ڕێز لە ئیرادەی یەکتری بگرین ".

(د.عوومەر ) لەڕووی سیاسییەوە سەبارەت بە گەڕانەوە بۆ بەغدا ئاماژەی بەوەدا: "کە  گەڕانەوە بۆ بەغدا نەک چارەسەر نییە بەڵکو ئاڵۆزکەرە و بەزایەدانی کات و تواناوھەلەکانە و ھەر حزب ولایەنێکی سیاسیش پێی وابێت گەڕنەوە بۆ بەغدا چارەسەرە ئەوە بۆچوون وھەڵوێستێکی کورت بینانەیە و زیاتر گەڕانە بەدوای بەرژەوەندی حزبی و تەکتیکی و لاوەکی و پشت کردنە لە ستراتیژی سەربەخۆیی و رۆیشتن بە رەودەوڵەت بوون و ئەم گوتارورەفتارە سیاسییە نەک لە ھەورازەکە سەرمان ناخا بەڵکوبەرەوھەڵدێرگلۆرمان دەکاتەوە".
(نورەدینی) سەبارەت بەئەنجامدانی ریفراندۆم کە سەرۆک بارزانی خستویەتە ڕوو دەڵێت: " پرسێکی گرنگە و لەچەندین لاوە بایەخی ھەیە ئەنجامدانی ریفراندۆم وەک میکانیزمێک بۆ بڕیاردان لەچارەنووس شەرعیەت لە بڕوانامەی نەتەوەیەکگرتووەکان ویاسایی نێودەوڵەتی وەردەگرێ ومافێکی رەوای گەلی کوردستانە کە پیادەی کات، لەلایەکی ترەوە ئەنجامدانی ریفراندۆم وادەکات بە کردەوە گەل ببێتە سەرچاوەی دەسەڵات کە ئەمەش پرنسیپێکە لەدەستووری عیراقدا ھاتووە و لە دەستووری دەوڵەتانی دیموکراسیشدا جیگیرکراوە و بۆ یەکلاکردنەوەی نیزاع و کێشەکان بە شێوەی ئاشتیانە و مەدەنیانە وەگەڕ خراوە ودەخرێ ".

(د.عوومەر)گوتیشی: " دەبآ ئەوەشمان لەبیر بێت کە ھەل و مەرجی نێودەوڵەتی لەبارەو ئەگەر باسی ئەوە دەکرێت کە رەنگە ئەمەریکاو یەکێتی ئەوروپا پشتیوانمان ناکەن ئەوە ھەڵەیە، چونکە لەمێژووی ھاوچەرخدا دەیان ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی ئەنجام دراون و ھیچ کات ئەمەریکاو ئەورووپا جاڕی ئەوەیان نەداوە کە پشتیوانیان لێ دەکەن، بەڵام کە ئەنجام دراون دەرەنجامەکەیان قەبووڵ کردووە و تەعامولیان لەگەڵ کردووە بۆنموونە : ریفراندۆمی (کۆسۆڤۆ ) ریفراندۆمی (مونتینیگرو )لە (یوگۆسلاڤیا)ی پێشوو ".

(نورەدینی) گوتیشی: "مەرج نییە ئەنجامی ھەموو ریفراندۆمێک بۆ سەربەخۆیی دابەش بوونی دەوڵەتێک و لەدایک بوونی دەوڵەتێکی نوێی لێ بکەوێتەوە گرینگ ئەوەیە رای گەل وەربگرێت و گەل بکریتە سەرچاوەی بریاردانی چارەنووس سازو سەروەری، لە ھەرێمی (کیبوبکی) کەنەدا کە ھەرێمێکی فیدرالە لەکەنەدا چەند جارێک ریفراندۆم کراوە بۆ سەربەخۆیی و جیابوونەوە لەکەنەدا، بەڵام زۆربەی خەڵک دەنگیان بۆمانەوە لەگەڵ کەنەدا داوە بەپاساوی ئەوەی ئازادی ودیموکراسیان ھەیەو ستەمی سیاسی ونەتەوەییان لێ ناکرێ و لە ڕووی ئابوورییەوە لە قازانجیانە، بۆیە نابێ پەنا بردن بۆ ریفراندۆم حوکمی پێش وەختەی بۆ بدرێ کە ئەوە مانای دابەشکردنی عیراق و دامەزراندنی دەوڵەتی کوردیە گرنگ ئەوەیە گەلی ھەرێمی کوردستان لەڕێگای دەنگ و ئیرادەی خۆیەوە بریار بدات کەچی دەوێت و ئەوکات دەبێت ڕێز لە ویست وئیرادەی گەل بگیرێت و ھەندێ جار دەرەنجامی ریفراندۆم راویژکاریە و مەرج نییە بۆ ھەموولایەنەکان وەک یەک ئیلتیزام دروست کات، بۆیە من پێم وایە لەگەڵ کارکردن بۆ زەمینەسازی باشتری ناوخۆ و فەراھەم کردنی یەکگرتوویی سیاسی وکۆمەڵایەتی، ویستی (سەرۆک بارزانی) کە دەیەوێت لەم ھەل ومەرجەدا گەلی کوردستان تیری ریفراندۆم بھاوێژێ ویستێکە لە واقیع بینی ودووربینیەوە سەرچاوەی گرتووە، بەکوردی و کورتی کاڵەکەکە گەیشتوە پێوستە لە بڕکەکەی بکرێتەوە و بخورێت ئەگەر دوا بخرێت ئەوا خۆی دەخواتەوە و دەڕزێ و بڕکەکەشی وشک دەکات و بەکەڵکی خواردنیش نایەت ".
گرنگی سەربەخۆیی بۆگەلی کوردستان
؟

(د. عوومەر نورەدینی)بۆ گرنگی سەربەخۆیی دەڵێت: "سەربەخۆیی بۆ گەلی کوردستان دەبێتە مایەی ئەوەی  سەربەخۆیی سیاسی وئابووری لە چوارچێوەی قەوارەیەکی سەربەخۆ و دەوڵەت مەیسەر کات و بەپێی یاسای نێودەوڵەتی دەبێنە خاوەنی چەندین ماف و ئەرکی جیاوازو دڵنیایی وگرەنتیمان بۆ دروست دەبێت لەوەی کە تووشی جینۆسایدوکارەسات نابین وگەل وخاکمان داگیر ناکرێت و سەربەخۆیانە لە سامانی سروشتی و سەرچاوەکانی سامان و بەروبوومی وڵات بەھرەمەند دەبین و دەبینە گەلی خاوەن سەروەری وشکۆمەندی بەڵام دەبێ ئەوەش بزانیین کە ڕێگای گەیشتن بە سەربەخۆیی بە گوڵان نەچێنراوە و دڕک وداڵی تێدایەو بەھەورازونشێوە، گرنگە دوای سەربەخۆیی لەسەر بنەمای فکری و فەلسەفی دروست بناغەی سیستەمێکی سیاسی کاراوچالاک دابڕێژرێت تا دەوڵەت بکاتە دەوڵەتی حزمەتکار و نێوەندی پێشکەش کردنی خزمەتگوزاری و پەرەپێدانی مرۆیی و ئابووری وکۆمەڵایەتی و خۆشگوزرەرانی".

فایزە پاڵانی
 




دوایین هەواڵەکان

وەزیری بازرگانی ھەنگاوەکانی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ بۆ KDP ئاشکرا دەکات

FRIDAY, 19 APRIL 2024 21:04:30

ھەولێر-KDP.info- وەزیری بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا بڕی وەرگرتنی گەنمی ھەرێمی کوردستان لەلایەن بەغدا دیاری نەکراوە، بڕیاریشە حکوومەتی ھەرێم و بەغدا بە ھەماھەنگی بڕەکە دیاری بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش خۆمان ئامادەکردووە.

 
شاخەوان عه‌بدوڵڵا بۆ KDP: دەرکردنی ئەو ماڵە کوردانەی خانەقین ڕاگیرا

THURSDAY, 18 APRIL 2024 23:04:20

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، دەرکردنی ئه‌و ماڵە کوردانه‌ی لە خانووی شارەوانی بوون کە بڕیاری لێدرابوو راگیرا.

 
ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن نوژەن دەکرێتەوە

THURSDAY, 18 APRIL 2024 20:04:17

سۆران _KDP.info_بەڕێوەبەری چاککردنەوە و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران گوتی: بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕێگای نێودەوڵەتی ھامڵتۆن لە نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران نوژەن دەکرێتەوە.‌

 
پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی پێشوازیی لە شاندێکی کۆمەڵەی دۆستایەتی کورد و ئەڵمان کرد

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:30

ھەولێر-KDP.info- شاندێکی  کۆمەڵەی دۆستایەتی  کورد و ئەڵمان سەردانی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستانیان کرد و هۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەب و ژمارەیەک لە ستافی دێسک و یۆنیتەکانی مەکتەب  پێشوازیان لێ کردن.

ھەوراز عەبدولقادر: بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار بۆ مووچەی ئەم توێژە زیاد دەبێت

THURSDAY, 18 APRIL 2024 17:04:31

ھەولێر  _KDP.info_ بەرپرسێکی وەزارەتی کاروباری کۆمەڵایەتی ئاشکرایکرد، بەگوێرەی پڕۆژەیەک ١٠٠ ھەزار دینار بۆ مووچەی کەمئەندامان زیاد دەکرێت، گوتیشی: لە ھەرێمی کوردستان ٧٤ ھەزار کەمئەندام و خاوەن پێداویستی تایبەت مووچەی مانگانەیان بۆ خەرج دەکرێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact