Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
THU, 25 APR 2024 20:38 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

نێچیرڤان بارزانی: لە هەوڵەكانمان بەردەوام دەبین بۆ بنبڕكردنی توندوتیژی دژی ژنان
| KDP.info


هه‌ولێر-KDP.info-  سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان له‌ ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی نیشتمانی بۆ بنبڕكردنی توندوتیژیی دژی ژنان، دووپاتی كردەوە كە لەم پێناوەدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار و چالاكییەكانی چڕتر دەكاتەوە و بە پێویستیشی زانی دەرفەتی زیاتر بۆ بەخۆداچوونەوە و گفتوگۆ بڕەخسێنرێت كە لە دوای ڕاپەڕینەوە، سەرەڕای کۆمەڵێ دەسکەوت و کاری گرنگ لەسەر ئاستی سیاسی و یاسایی، بەڵام توندوتیژی کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە. بۆیە دەبێ گفتوگۆ و هەڵوەستە لەسەر کۆسپ و تەگەرەكان بکرێت.

سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە 26/11/2015 بە ئامادەبوونی (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، (قوباد تاڵەبانی) جێگری سەرۆكوەزیران و ژمارەیەك لە وەزیر و پەرلەمانتار و دیپلۆماتكارانی بیانی و بەرپرسانی حزبی و حكوومی، لە هۆڵی شەهید سەعد عەبدوڵا ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی هەڵمەتی نیشتمانی بۆ بنبڕكردنی توندوتیژیی دژی ژنان لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو كە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای خانمانی هەرێمی كوردستان ڕێكخراوە و ماوەی دوو حەفتە لە كار و چالاكییەكانی بەردەوام دەبێت.
لە ڕێوڕەسمەكەدا جیا لە پێشكەش كردنی چەند وتارێك لەلایەن ئامادەبووانەوە، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیڤێكی پێشكەش كرد و تیایدا جگە لە ئاماژەدان بە ڕاگەیاندنی هەشتەمین هەڵمەتی نیشتمانی توندوتیژی دژی ژنان و دەستخۆشیی كردن لە ئامادەكارانی ڕێوڕەسمەكە، دووپاتی كردەوە كە لەم پێناوەدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار و چاكییەكانی چڕتر دەكاتەوە و بە پێویستیشی زانی دەرفەتی زیاتر بۆ بەخۆداچوونەوە و گفتوگۆ بڕەخسێنرێت كە لە دوای ڕاپەڕینەوە، سەرەڕای کۆمەڵێ دەسکەوت و کاری گرنگ لەسەر ئاستی سیاسی و یاسایی، بەڵام توندوتیژی کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە. بۆیە دەبێ گفتوگۆ و هەڵوەستە لەسەر کۆسپ و تەگەرەكان بکرێت.

دواتر هاتە سەر ئەو دەستكەوتانەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری بنبڕكردنی توندوتیژیی دژی ژنان بەدەستی هێناوە و ئاماژەی بەوە دا كە هەر لەسەرەتاوە ئەوان ئەو بابەتەیان لە سەرەوەی ئەجێندای کاری خۆیان داناوە و بە بڕواوه‌ ئیشیان لەسەر کردووە و چاکسازیی یاسایی و سیاسەت و ستراتیژییەتیان بۆ داڕشتووە و چەندین ماددەی یاسای سزای عێراقی و باری كەسێتیش هەموار كراونەتەوە و ژمارەیەكی دیكەش لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە پەسەند كراون بەشێوەیەك ئێستا لە هەرێمی کوردستان کوشتنی ژن بە هەر پاساوێك بێت، وەکو هەموو کوشتنێکی دیکە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت و فرەژنی بەپێی یاسا تا ئاستێكی به‌رز سنووردار کراوه‌ و گێچەڵ كردن بە ژن بە ڕێگەی تەلەفۆن و تەكنەلۆژیای نوێ سزای بۆ دانراوە ئەمانەش هەنگاوی سەردەمییانەن بۆ پاراستنی ئافرەت لە هەڕەشە و شەڕپێفرۆشتن و هەوڵی کەسانی بەدكار.

لە سەر ئاستی جێبەجێکردنی یاساكانیش ئاماژەی بەوە دا كە وەکو پێویست کار نەکراوە و لە هەوڵی به‌رده‌وامدان بۆ باشترکردنی میکانیزم و پرۆسەی جێبەجێکردن. هەروەها خۆشحاڵیی خۆیشی بۆ هەوڵ و تێکۆشانی کۆمەڵێک ژنی چالاک و خەمخۆر و بەتوانا دەربڕی کە پێداچوونەوەیان بۆ سەرجەم ئەو یاسایانە کردووە و لە کوێدا کەموکوڕییان بەدی کردبێ، هەوڵی داڕشتنی بڕگە و یاسای ئەلتەرنەتیڤیان داوە و لە یاداشتی تایبەتدا بۆ ئەوانیان ناردووە تا کاری لەسەر بکەن.
هەروەك باسی لە ڕووی سیاسەت و ستراتیژیی حكوومەت لە بواری بنبڕكردنی توندوتیژیی دژی ژنان كرد و جەختی لەوە كردەوە كە کارەکانیان دەیسەلمێنێت هەر لە سەرەتاوە بە کردەوە و بە شێوەیەکی سیستەماتیک کاریان لەسەر ئەم پرسە گرنگەی کۆمەڵگە کردووە و دامەزراندنی بەڕێوەیەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و دامەزراندنی چەندەها شێڵتەر بۆ داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو و دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و بۆردی چاودێریی مافی ژنیش لەو هەنگاوانەن كە جێبەجێ كراون و خۆشحاڵیی خۆیشی دەربڕی کە ئەم دەزگایانە ڕۆژانە کاری پێویست و گرنگ بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان ئەنجام دەدەن.

دەربارەی ئەو كۆسپ و تەگەرانەی كە لەم بوارەدا بۆ حكوومەتی هەرێمی كوردستان دروستبوون، بەڕێزیان دووپاتی كردەوە كە گەشەکردنی بیروباوەڕی توندڕەوى ئایینى و گرووپە تیرۆریستییەکان کە هەمیشە بەرامبەر هەوڵی پێشكەوتوخوازان دەوەستنەوە، تەحەددای سەرەکی بووە لەبەردەم کارەکانیان. هەروەها باسی لەوەش كرد كە سەرهەڵدانی داعش و هێرشەکانی بۆ سەر خاکی کوردستان و داگیرکردنی شنگال و شەڕ لەسەر سنوورەکانی هەرێم، دۆخەکەی تا ڕاددەیەکی زۆر بەرەو ئاڵۆزی و توندڕەوی بردووە، بەڵام ئەمڕۆ کوردستان گەورەترین هێز بووە بۆ بەرەنگاربوونەوە و شەڕ لە دژی داعش لە شنگال و کۆبانێ و گوێڕ و مەخموور و تووزخورماتوو و سەرکەوتنیش لەپاراستنی خاکی کوردستان و ڕزگارکردنی شنگال، سەرکەوتنی هێزی پێشکەوتوخوازە بەسەر جەهل و تیرۆریزمدا. هەروەها ڕایگەیاند كە داعش خۆی خزاندووەتە ناو كۆمەڵگە و تەنانەت وڵاتانی ڕۆژئاواش و خانە نووستووەكانی مەترسییەكی گەورەن بۆ سەر یەکسانی و ئازادیی مرۆڤ و شوشتنەوەی مێشکی گەنجان‌.
نیگەرانیی خۆیشی دەربڕی كە بەناوی ئایین و لە مزگەوتەوە هەندێک کەس سووکایەتی بەژن دەکەن و ناوى چالاکوانان ده‌زڕێنن و دووپاتی كردەوە بۆ بنبڕکردنی بیری داعشی و توندڕەوی لە هەرێمی كوردستان، دەبێت زیاتر كار بکەن و دەبێت مامۆستایانی ئایینیش ڕۆڵی ئەرێنی و ئاشتیخوازانه‌ى خۆیان بگێڕن و بە گوتار و كرده‌وه‌، چەمکە سەردەمییەکان بەرجەستە بکەن.

هەروەها ئاماژەی بەوەش دا كە هێرشەکانی داعش بۆ سەر خاکی کوردستان و قەیرانەکانی سووریا و عێراق، کێشەیەکی دیکەی مرۆیی و گەورەی بۆ هەرێمی کوردستان دروست کرد ئەویش کێشەی ئاوارە و پەنابەرانه كە هەرێمی كوردستان بۆتە شوێنی پاراستنی نزیكه‌ى ملیۆنێك و هه‌شتسه‌د هه‌زار ئاوارە و پەنابەر و توانیویانە مامەڵەیەکی مرۆیى و باش لەگەڵ ئەو کەیسە بکەن و شوێنی حەوانە و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دابین بکەن، بەڵام لە هەمان كاتدا فشارێکی گەورەی لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە بۆ سەر کوردستان دروست کردووه‌.

ئەوەشی بیرهێنایەوە كە ژن و بەها مرۆڤایەتییەکانیان هەمیشە قوربانیی سەرەکیی جەنگ و ئامانجى دەستە و گرووپە تیرۆرست و توندڕەوەكان بوون و خوشک و دایکانی ئێزیدی زەرەمەندی زۆر گەورەی دەستی داعش و بیروباوەڕی تیرۆریستی بوون، هەرچەند پێشمەرگە توانی شنگال ڕزگار بکات، بەڵام مەینەتی و ئازار و ئەشکەنجەی خوشک و دایکە ئێزیدییەکان بەمە کۆتایی نایەت و دەبێ کاری زۆر و گەورە بە ئەندازەی گەورەییی ئەو تراژیدییایە ئەنجام بدرێت. هەروەك دووپاتی كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام دەبێت لەو کار و خزمەتەی هه‌ر لەسەرەتاوە بۆ ئازادکردنی کچان و ژنانی ئێزیدی و دابینکردنی چارەسەر و خزمەتگوزاری بۆ تەواوی ئاوارە و پەنابەرەکان، ئەنجامی داوە. هەروەها بڕینی مووچەی هەرێم بەشێوەیەکی تاکڕەوانە لە لایەن حکوومەتی عیراقەوە، بە كۆسپێكی دیكەی بەردەوم كارەكانی حكوومەتی هەرێم زانی كە زۆر هەوڵیان داوە بە گفتوگۆ ئەم دۆخه‌ چارەسەر بکەن و ئێستاش هەر بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر.
دواتر هاتە سەر كاریگەریی كێشە ناوخۆییەكانی هەرێمی كوردستان لەسەر كارەكانی حكوومەت و ڕایگەیاند كە كێشه‌ و گرژییه‌كانى ناوخۆ، کاریگەریی نەرێنییان هەبووە و بەڵێنی دا کە هەمیشە ئاشتی و ئاسایشی کوردستان دەپارێزن و به‌ یەکگرتوویی و تەبایی کار دەکەن و ئەوان بڕوایان وایە کە دەبێ لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا، هەموو جیاوازییە حیزبی و سیاسییەکان بخرێنە لاوە و بە باوەڕ و ئیرادەیەکی پتەو، پێکەوە کار بکەن، چونکە ئەم پرسە بە تەنیا پرسی ژن نییە، بەڵکو پرسی هەموو کۆمەڵگەیە و ئاشتی و ئاسایشی کوردستان بە ئاشتی و ئاسایشی دەروونی و ناوماڵ و خێزانەوە بەندە. ئەوەشی بیرهێنایەوە كە هەڵمەتی ئەمساڵی توندوتیژی دژی ژنان هاوکاتە لەگەڵ بیستەمین ساڵیادی ''ڕاگەیاندنی پەکین و پلاتفۆرمی کار'' کە پێشکەوتووترین نەخشەڕێگای نێودەوڵەتییە بەرەو دابینکردنی یەکسانیی جێندەری. جەختی لەوەش كردەوە كە دەبێت كرانەوە بەڕووی جیهاندا فراوانتر بكرێت و میکانیزمی نوێی کارکردن و شارەزایی و پسپۆڕیی زیاتر پەیدا بکرێت تا بتوانن بەپێی ئەو نەخشەڕێگایە، هاوتای وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان، بەرەو ئاشتی و ئارامی و دادوەری، هەنگاو بنێن.

لە كۆتایی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە دا كە ئەم هەڵمەتەی ئەمساڵ وەکو ساڵانی ڕابردوو دوو هەفتە دەخایەنێت، بەڵام نابێت بەوە بوەستن و دەبێت ڕۆژانە و بە شێوەیەکی سیستەماتیک کار لەسەر ئەم پرسە گرنگە بکەن بۆ بنبڕکردنی توندوتیژیی ناو کۆمەڵگە و دژی ژن بە هەموو جۆرەکانییەوە.
دوای ڕێوڕەسمەكەش بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا تیشكی خستە سەر چەند پرسێك لەوانە دوا كۆبوونەوەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، جەختی لەوە كردەوە كە كۆبوونەوەكە زۆر سەركەوتوو بوو و لەگەڵ یەكێتی و لایەنەكانی دیكەش بەردەوام دەبن لە كۆبوونەوە و دیدار بەهیوای ئەوەی لەسەر پرسە ناوخۆییەكان بگەن بە ئەنجامێكی باش.
لە وەڵامی پرسیارێكدا گوایە كۆمپانیای دانا غاز لە داوایەكدا كە لە داگا لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستان تۆماریكردبوو و داواكەی بردۆتەوە، ئاماژەی بەوە كرد كە ئەمەیان ڕاست نییە.
سەبارەت بە پاداشتە داراییەكانی هێزی پێشمەرگە كە پێویستە لەلایەن وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە بدرێت و لە ساڵی 2007ەوە نەدراوە، ڕایگەیاند كە ئێستا وەزیری بەرگریی عێراق لە هەرێمی كوردستانە و كۆبوونەوەی لەگەڵی هەیە و سەرجەم ئەو بابەتانەی لەگەڵدا باس دەكەن و بە پێویستیشی زانی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بەغدا لە هەموو بوارەكاندا بەردەوام بێت چونكە ئەمە یارمەتیدەر دەبێت كە زیاتر لە یەكرتی نزیك ببنەوە.
دەربارەی پڕۆژەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئاوەدانكردنەوەی شەنگال، تیشكی خستە سەر ئەوەی كە هەرچەند حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بارودۆخێكی ئابووری زۆر خراپدایە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەوان بەم زووانە بە هاوكاریی نەتەوە یەكگرتووەكان تیمێك ڕەوانەی ناوچەكە دەكەن بۆئەوەی هەڵسەنگاندن بۆ خەسارەتی شەنگال و سنوورەكەی بكات و هەر لەو چوارچێوەیەدا لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەرچی لە دەستیان بێت بۆ ئاوەدانكردنەوەی شنگال دەیكەن. هەروەك ئاشكرای كرد كە داوایان لە هەموو وڵاتانی جیهان كردووە لە ئاوەدانكردنەوەی شەنگالدا یارمەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بدەن.
لە بەشێكی دیكەی لێدوانە ڕۆنامەوانییەكەیدا سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان جەختی لەوە كردەوە ئەو تاوانانەی تیرۆرستانی داعش لە شنگال و دەوروبەری ئەنجامیاندا بە هەموو پێوەرێك جینۆسایدە و هەموو هەوڵێكیش دەدەن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئەم تاوانانە بە جینۆساید بناسرێن و هەوڵی حكوومەتی هەرێمیش لەم بوارەدا بەردەوامە.

دەقی گوتاری (نێچیرڤان بارزانی):


میوانه‌ به‌ڕێزه‌كان، ئاماده‌بووانى خۆشه‌ویست،
بەیانیتان باش، هەموو لایەكتان بەخێر بێن ..

به‌خێر بێن بۆ ڕێوڕه‌سمى ڕاگەیاندنی هەڵمەتی نیشتمانیی ئەمساڵمان بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستاندا.
ئەمساڵ هەشتەمین ساڵە ئێمە لە هەرێمی کوردستان هەڵمەتی نیشتمانی ڕادەگەیەنین. هەشتەمین ساڵە هاوشانی حکوومەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە سەرانسەری جیهان، ئیرادەی سیاسیمان دووپات دەکەینەوە و بە ئامانجی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ژنان، کار و چالاکییەکانمان چڕتر دەکەینه‌وه‌.

ئەمساڵ بە پێویستی دەزانم دەرفەتی زیاتر بڕەخسێنین بۆ بەخۆداچوونەوە و گفتوگۆ، لە دوای ڕاپەڕینەوە، سەرەڕای کۆمەڵێ دەسکەوت و کاری گرنگ لەسەر ئاستی سیاسی و یاسایی، سەرەڕای هەندێ بەرەوپێشچوونی بەرچاو، ئێمە دەبینین کە توندوتیژی کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە. بۆیە سەرەڕای پەنجە خستنەسەر بەرەوپێشچوونەکانمان، دەبێ گفتوگۆ و هەڵوەستە لەسەر ئەو کۆسپ و تەگەرانە بکەین کە ڕێگر بوون لە بنبڕکردنی توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان.

هەر لە سەرەتای کارەکانماندا، ئێمە ئەم مەسەلەیەمان لە سەرەوەی ئەجێندای کاری خۆمان داناوە و بە بڕواوه‌ ئیشمان لەسەر ئەم ئەجێندایە کردووە. چونکە باوەڕمان وایە کە دابینکردنی ئاسایش و یەکسانی و دادوەری، باشترین دەروازەن بەرەو کوردستانێکی ئازاد و ئارام بۆ سەرجەم هاووڵاتیان لە هەرێمی كوردستاندا. هەر لەم باوەڕەوە، بە ڕاوێژکاری و گوێگرتن لە پسپۆڕ و چالاکوان و داکۆکیکارانی یەکسانی و مافی مرۆڤ، کارمان کردووە بۆ چاکسازیی یاسایی و سیاسەت و ستراتیژییەتمان داڕشتووە.
لە ڕووی یاساییەوە، هەروەکو دەزانن لەکۆتاییی ساڵانی نەوەدەوە تا ئێستا کۆمەڵێک ماددەی هەردوو یاسای سزای عێراقی و یاسای باری کەسێتیمان گۆڕیوە و چەند یاسایەکی هاوچەرخ و شارستانیشمان دەرکردووە.

ئێستا لە هەرێمی کوردستان کوشتنی ژن، جا بە هەر پاساوێك بێت، وەکو هەموو کوشتنێکی دیکە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، نەک بە گوێرەی ئه‌و ماددانه‌ى یاساكانی سزای عێراقی، کە تاوانباران بە کوشتنی ژن بە حوکمی (سووك) سزا دەده‌ن. هەروەها فرەژنی لە هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا تا ئاستێكی به‌رز سنووردار کراوه‌.
یاسای ژمارە ٨ی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزانیی ساڵی ٢٠١١، هەنگاوێکی دیکە بوو بەرەو دابینکردنی یەکسانی و دادوەریی کۆمەڵایەتی. هەروەها پێش ئەو یاسایەش، پەرلەمانی کوردستان یاسای ژمارە ٦ ی سالی ٢٠٠٨ ی دەرکرد، کە تایبەتە بە بەکارهێنانی ئامرازەکانی پەیوەندیکردن و مۆبایل و ئینتەرنێت. ئەم یاسایە هەنگاوێکی سەردەمییانە بوو بۆ پاراستنی ئافرەت لە هەڕەشە و شەڕپێفرۆشتن و هەوڵی کەسانی بەدكار لە ڕێگای تەکنەلۆژیای مۆدێرنەوە، لە ڕێگای مۆبایل و ئینتەرنێتەوە، بۆ زڕاندنی ناو و ناوبانگی ئافرەت، کە زۆرجار بۆتە هۆی ئەوپەڕی توندوتیژی و گۆشەگیری و تەنانەت کوشتنیش ڕوویداوە.

ئەمانە هەمووی لەسەر ئاستی یاساییدا ئەنجام دراون. دەزانین لە سەر ئاستی جێبەجێکردن وەکو پێویست کار نەکراوە. ئێمە لەمە بەئاگاین و لە هەوڵی به‌رده‌وامداین بۆ باشترکردنی میکانیزم و پرۆسەی جێبەجێکردن. هەروەها خۆشحاڵم لێرە ئاماژە بە هەوڵ و تێکۆشانی کۆمەڵێک ژنی چالاک و خەمخۆر و بەتوانا بدەم کە پێداچوونەوەیان کردووە بۆ سەرجەم ئەو یاسایانە و لە کوێدا کەموکوڕییان بەدی کردبێ، هەوڵی داڕشتنی بڕگە و یاسای ئەلتەرنەتیڤیان داوە. ئەمانەیان لە یاداشتی تایبەتدا بۆ ئێمە ناردووە تا کاری لەسەر بکەین.
زۆر سوپاسی ئەو خانمە بەڕێزانە دەکەم و سەرفراز دەبم کە دەبینم هەموومان پێکەوە بە ڕاوێژکاری و گفتوگۆ و کاری مەدەنییانە، هەوڵی باشترکردنی دۆخی وڵات و هاوڵاتیانمان لە هەرێمی كوردستان دەدەین. ئێمە کار لەسەر ئەو پڕۆژەیە دەکەین و بەدیهێنانی ئامانجی ئێوەی بەڕێز، وه‌ك بەدیهێنانی ئامانجی خۆمان له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ین.
لە ڕووی سیاسەت و ستراتیژییەوە، کارەکانمان دەیسەلمێنن کە ئێمە هەر لە سەرەتاوە بە کردەوە و بە شێوەیەکی سیستەماتیک کارمان لەسەر ئەم پرسە گرنگەی کۆمەڵگە کردووە. دامەزراندنی بەڕێوەیەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی و دامەزراندنی چەندەها شێڵتەر بۆ داڵدەدانی ئافره‌تانى هەڕەشەلێکراو و دامەزراندنی ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان و بۆردی چاودێریی مافی ژن، هەنگاوی کردەنیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بوون بۆ بەدامەزراوەییکردنی پرسی ژن، بە ئامانجی ئەوەی كە توندوتیژی دژی ئافره‌تان بنبڕبكرێت و چاککردنی دۆخی کۆمەڵایەتی زیاتر بكرێت.
لە پێداچوونەوەی ستراتیژییەت و کارەکانماندا، خۆشحاڵبووم کە بینیم ئەم دەزگایانە ڕۆژانە کاری پێویست و گرنگ ئەنجام دەدەن بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانمان. لێرە نامەوێ باسی یەکە بە یەکەی کار و دەستکەوته‌كانمان بکەین، ئەمە ئەرکی ئێمەیە وەکو حکوومەتی کوردستان كه‌ بە دەنگ هاووڵاتیانی خۆمانەوە بێین و لە هەر شوێنێک توندوتیژی و نادادوەری هەبێت، کار بكەین و هەوڵ بدەین بۆ بنبڕکردنی.

هەروەکو گوتم، لە پێداچوونەوەی دۆخەکە، دەبینم کە توندوتیژی لە هەندێك شوێن کەم بۆته‌وه‌، بەڵام کۆتایی نەهاتووە. لێرە بە پێویستی دەزانم هەڵوەستە لەسەر ئەو کۆسپ و تەحەددایانە بکەم کە ڕێگر بوون لەوەی ئێمە ئامانجی خۆمان بە تەواوی بپێکین و توندوتیژی لە ناو خێزان و بەرامبەر بە ژنان بنبڕ بکەین یاخود كەمی بكەینەوە. دیارە ئەمەش بە مەبەستی ئەوەیە کە لەم شانزە ڕۆژە تایبەتەی هەڵمەته‌كه‌ماندا، گفتوگۆ و کاری هاوبەش و باشتر بکەین بۆ، چارەسەری گونجاوتر.
هەر لەسەرەتاى ده‌ستپێكردنه‌وه،‌ کۆسپ و تەگەرە لەبه‌رده‌م کارکردنمان لەسەر ئەم پرسە جەوهەرییە، هەبووە. گەشەکردنی بیروباوەڕی توندڕەوى ئایینى و گرووپە تیرۆریستەکان کە هەمیشە بەرامبەر هەوڵی پێشكەوتنخوازان دەوەستنەوە، تەحەددای سەرەکی بووە لەبەردەم کارەکانمان.
سەرهەڵدانی داعش و هێرشەکانی بۆ سەر خاکی کوردستان و داگیرکردنی شنگال و شەڕ لەسەر سنوورەکانمان، دۆخەکەی تا ڕاددەیەکی زۆر بەرەو ئاڵۆزی و توندڕەوی برد. به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ کوردستان ئەمڕۆ گەورەترین هێز بووە بۆ بەرەنگاربوونەوە و شەڕ لە دژی داعش لە شنگال و کۆبانێ و گوێڕ و مەخموور و تووزخورماتوو و هەموو شوێنەكانی دیكەی كوردستان، سەرکەوتنیشمان لەپاراستنی خاکی کوردستان و ڕزگارکردنی شنگال، سەرکەوتنی هێزی پێشکەوتنخوازە بەسەر جەهل و تیرۆریزمدا.
بەڵام دیارە داعش هەر ئەو جیهادییه‌ چەکدارە تیرۆریسته‌ توندڕەوانە نین، کە بەچەک ڕووبه‌ڕووی هێزی پێشمەرگە دەبنەوە. ئەوان دزەیان کردۆتە ناو کۆمەڵگە، نەک هەر لە کوردستان، بەڵکو لە وڵاتانی ڕۆژئاواش. مەترسیی گەورە ئەو خانە نووستووه‌ نهێنینانەی داعشن کە بیروباوەڕی توندڕەوانه‌ دژ بە یەکسانی و ئازادیی مرۆڤ بڵاودەکەنەوە و مێشکی گەنجانمان دەشۆنەوه‌.
سەرەڕای ڕێز و پێزانینم بۆ ڕۆڵی ئەرێنیی مامۆستایانی ئایینی دەربارەی ئەم پرسە، بەڵام زۆر نیگەرانم کاتێ دەبینم بەناوی ئایین و لە مزگەوتەوە هەندێک کەس سووکایەتی بەژن دەکەن و ناوى چالاکوانان ده‌زڕێنن. ئەمە ئەو توندوتیژییانەن کە ئێمە هەر لەسەرەتاوە له‌ به‌رامبه‌ریاندا هۆشیار بووین و یاسای ژمارە ٦مان بۆ دەرکرد و لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کارمان کرد بۆ جێبەجێکردنی.
بەڵام دەبێ زۆر لەوە زیاتر بکەین بۆ بنبڕکردنی بیری داعشی و توندڕەوی لە هەرێمەکەمان. مامۆستایانی ئایینیش دەبێ داوایان لێدەكەم كە زیاتر ڕۆڵی ئەرێنی و ئاشتیخوازانه‌ى خۆیان بگێڕن و بە گوتار و كرده‌وه‌، چەمکە سەردەمییەکان بەرجەستە بکەن.
هێرشەکانی داعش بۆ سەر خاکی کوردستان و قەیرانەکانی سووریا و عێراق، کێشەیەکی دیکەی مرۆیی و گەورەی بۆ هەرێمی کوردستان دروست کرد، ئەویش کێشەی ئاوارە و پەنابەرانه‌. ئەمڕۆ کوردستان بۆتە شوێنی پاراستنی نزیكه‌ى ملیۆنێك و هه‌شتسه‌د هه‌زار ئاوارە و پەنابەر. مایەی خۆشحاڵییە کە توانیومانە مامەڵەیەکی مرۆیى و باش لەگەڵ ئەو کەیسە بکەین و شوێنی حەوانە و خزمەتگوزاریی پێویستیان بۆ دابین بکەین، بەڵام دیارە ئەمە فشارێکی گەورەی بۆ سەر دۆخی کوردستان لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسییەوە دروست کردووه‌.

ژن و بەها مرۆڤایەتییەکانیان هەمیشە قوربانیی سەرەکیی جەنگ و ئامانجى ئەو دەستە و گرووپانە بوون. خوشک و دایکانی ئێزیدیمان زەرەرمەندی زۆر گەورەی دەستی داعش و بیروباوەڕی تیرۆریستی بوون. هەرچەندە پێشمەرگە قارەمانەکانمان توانییان شنگال ڕزگار بکەن، كه‌ ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە بۆ دەسەڵات و هێزەکانی کوردستان، بەڵام دەزانین مەینەتی و ئازار و ئەشکەنجەی خوشک و دایکە ئێزیدییەکانمان، بە ڕزگاریی شنگال کۆتایی نایەت و دەبێ کاری زۆر و گەورە بە ئەندازەی گەورەییی ئەو تراژیدییایە بکەین، کە کوردانى ئێزیدی بەرەوڕووی بوونەوە.

لێرەدا دەمەوێ دڵنیایان بکەمەوە کە ئێمە لە حكوومەت بەردەوام دەبین لەو کار و خزمەتەی هه‌ر لەسەرەتاوە بۆ ئازادکردنی کچان و ژنانی ئێزیدی و دابینکردنی چارەسەر و خزمەتگوزاری بۆ تەواوی ئاوارە و پەنابەرەکان، كردوومانه‌. هەر لەم دۆخە ناسكه‌دا، بڕینی مووچەی هەرێم بەشێوەیەکی تاکڕەوانە لە لایەن حکوومەتی عیراقەوە لە سەرەتای ساڵی 2014ەوە، هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانی لە مووچە و بژێوی ژیانیان، بێبەری کرد. ئێمە زۆر هەوڵمان دا بە گفتوگۆ ئەم دۆخه‌ چارەسەر بکەین. ئێستاش هەر بەردەوامین، بەڵام دەبێ خەڵكی كوردستان بزانن كە ئەمە گرفتێکی گەورەیە بۆ هەرێم و هاووڵاتیانی خۆشەویستمان دروست کراوە.
به‌ دڵنیاییه‌وه‌ كێشه‌ و گرژییه‌كانى ناوخۆش، کاریگەریی نەرێنییان هەبووە و ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین کە هەمیشە ئاشتی و ئاسایشی کوردستان بپارێزین و به‌ یەکگرتوویی و تەبایی کار بکەین. ئێمە بڕوامان وایە کە دەبێ لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیدا، هەموو جیاوازییە حیزبی و سیاسییەکانمان بخەینە لاوە و بە باوەڕ و ئیرادەیەکی پتەو، پێکەوە کار بکەین. چونکە هەروەکو لە سەرەتادا گوتم، ئەم پرسە بە تەنیا پرسی ئافره‌ت نییە، بەڵکو پرسی هەموو کۆمەڵگەیە و ئاشتی و ئاسایشی کوردستان بە ئاشتی و ئاسایشی دەروونی و ناوماڵ و خێزانەوە بەندە.
لە هەمووی گرنگتر، لە کارکردن لەسەر ئەم مەسەلە هەستیارەدا، دەبێ ئێمە باوەڕ و بڕواى شەخسیی خۆمان بخەینە لاوە و بەرنامە و کاره‌كانی حکوومەت وەکو ئەرک جێبەجێ بکرێن. هەڵمەتی ئەمساڵ هاوکاتە لەگەڵ بیستەمین ساڵیادی ''ڕاگەیاندنی پەکین و پلاتفۆرمی کار'' کە پێشکەوتووترین نەخشەڕێگای نێودەوڵەتییە بەرەو دابینکردنی یەکسانیی جێندەری. ئێمە دەبێ بەڕووی جیهاندا بکرێینەوە و میکانیزمی نوێی کارکردن و شارەزایی و پسپۆڕیی زیاتر پەیدا بکەین، تا بتوانین بەپێی ئەو نەخشەڕێگایە، هاوتای وڵاتانی پێشکەوتووی جیهان، بەرەو ئاشتی و ئارامی و دادوەری، هەنگاو بنێن.
لە کاتێکدا ئێمە بە بڕواوه‌ کار لەسەر پرسی ژن دەکەین و ئیرادەی سیاسی لەسەر هەموو ئاستێک خراوەتە گەڕ، جارێکی دیکەش بە پێویستی دەزانم ئەوە دووپات بکەمەوە کە ئەم پرسە، فرەلایەن و فرەڕەهەندە و بۆ سه‌رخستنى ئه‌م هه‌وڵانه‌، داواى كار و هاوكارى و پشتگیریى زیاتر له‌ سەرجەم چین و توێژەکانی کۆمەڵگە دەکەم، بە ڕێكخراوه‌ غه‌یره‌ حكوومییه‌كان و ده‌زگاكانى ڕاگه‌یاندن و لەسەرووی هەموویانەوە مامۆستایانى ئایینى بەڕێز و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکانیشەوە.

ئەم هەڵمەتەی ئەمساڵمان، وەکو ساڵانی ڕابردوو دوو هەفتە دەخایەنێت، بەڵام ئێمە نابێ بەوە بوەستین، دەبێ ڕۆژانە و بە شێوەیەکی سیستەماتیک کار لەسەر ئەم پرسە گرنگە بکەین بۆ بنبڕکردنی توندوتیژیی ناو کۆمەڵگە و دژی ژنان، بە هەموو جۆرەکانییەوە.
لە کۆتاییدا جارێکی دیکەش سوپاستان دەکەم بۆ سازدانی ئەم هەڵمەتە و هیوای سەرکەوتن و سەرفرازیتان بۆ دەخوازم.
بەخێربێن و زۆر سوپاس.




دوایین هەواڵەکان

مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سەید مەحموود تاوەگۆزی) دەکات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 19:04:31

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (سەید مەحموود سەید حسێن تاوەگۆزی) دەکات.

 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر"بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:26

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەڵێت، نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێم دادەبەزێت و دەشڵێ، بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت.

 
"بابەتی لادانی سفرەکانی سەر دیناری عێراق کاتی زۆری پێویستە"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:37

بەغدا -KDP.info-  ئەندامێکی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لادانی سفرەکانی سەر دراوی عێراقی ھەنگاوێکی باشە و کاریگەری زۆر دەبێت لەسەر دراوی عێراقی، بەڵام بابەتێکی ئاسانیش نییە.

 
سەرۆك بارزانی پێشوازی لە قەداسەتی پاتریاكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لەجیهان و مەترانەكانی (كۆمەڵەی پیرۆز) دەکات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:36

ھەولێر-KDP.info-  ڕۆژی پێنجشەممە 25ی نیسانی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە قەداسەتی پاتریاك مارئاوای سێیەم پاتریاكی كەنیسەی ڕۆژهەڵاتی ئاشووری لە جیهان و مەترانەكانی (كۆمەڵەی پیرۆز)ـی كرد.

 
پرۆفیسۆر خەلیل ئیسماعیل: ھەڵبژاردن بەبێ پارتی عاقیبەتی باش نابێت"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 15:04:43

ھەولێر-KDP.info- مامۆستایەکی زانکۆ دەڵێت، نزیکبوونەوە لەنێوان لایەنەکان بۆ بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن  و نەرمی نواندن بەرامبەر  مەرجەکانی پارتی ھەیە..دەشڵێت، ھەڵبژاردن بەبێ پارتی دەکرێت، بەڵام عاقیبەتی باش نابێت و پرۆسەی حوکمڕانی شەلەل دەبێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact