(له په‌راوێزی سووکایه‌تیکردن به ئاڵای کوردستان له لایه‌ن "عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق"ه‌وه)
شۆڕش ڕه‌حیمی
له ماوه‌یه‌دا چه‌ند وێنه‌یه‌ک له دنیای مه‌جازیی فه‌یسبووکدا بڵاو کرایه‌وه، که تێیدا سووکایه‌تیی به ئاڵای کوردستان ده‌کرێ. ئه‌وه‌ی له ئادره‌سی ئه‌و دیمه‌نانه‌دا ده‌رده‌که‌وێ ئه‌وه‌یه که کۆمه‌ڵێک له شوێنکه‌وتووانی "عصائب اهل الحق" سووکایه‌تی به ئاڵای پڕشکۆی کوردستان وه‌ک پیرۆزیی نه‌ته‌وه‌ی کورد له عێڕاق‌و باشووری کوردستان ده‌که‌ن.
به‌ر له تاوتوێی هۆکاری ئه‌و شه‌ڕه ڕه‌وانییه‌ی ئه‌و گرووپه له دنیای مه‌جازیدا وه‌ڕێیان خستووه و باس له نیازه پشتی په‌رده‌کانی ئه‌و هه‌وڵه قیزه‌ونه، پێویسته بگوترێ کێن ئه‌وانه‌ی بێشه‌رمانه خۆیان له‌و گۆڕه‌پانه هاویشتووه و سه‌نگی ئه‌و سه‌مبوله چییه ئه‌وان خۆیان له قه‌ره‌ی داوه. به‌ر له هه‌موو شتێک بۆ هێزێک که مێژووی دامه‌زرانی که‌متر له 15 ساڵه و، گرووپێکه نه‌ک له هه‌ناوی کۆمه‌ڵگای خۆی و له پێناو شکۆ و باوه‌ڕه‌کانی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه، به‌ڵکوو له پێناو پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانی وڵاتێکی ئیقلیمی دامه‌زراوه، زیاتر له‌وه چاوه‌ڕوان ناکرێ به فیکه‌یه‌ک وه‌سه‌ما که‌وێ و ببێته که‌واسووری به‌رله‌شکری، به‌ڵام پێویسته ئه‌و هێزه ناڕه‌سه‌ن و بێ ئادره‌سه خۆماڵییه، هه‌ر له‌جێدا تێ بگا ئه‌وه‌ی تاوی داوه‌تێ ئه‌وه نییه ئامبازی بێ و ئه‌و پارووه‌ی ده‌ستی داوه‌تێ ئه‌وه نییه بۆی قووت درێ. له کاتێکدا که داعش مه‌ترسییه‌کی جیهانی و نه‌ک ناوچه‌یی بۆ سه‌ر ئاسایش و هێمنایه‌تیی جیهانه و، ئه‌و گرووپه‌ی هاوپه‌یمانییه‌کی نێوده‌وڵه‌تیی 30 لایه‌ن وڵاتی جیهانی له دژی ڕاده‌بێ، به‌ڵام له عێڕاق و له هه‌رێمی کوردستان له به‌رانبه‌ر ئێراده‌ی پێشمه‌رگه‌دا به چۆک دادێ، ڕاست له‌و کاته‌دا گرووپێکی بێ ناونیشانی مێژوویی هه‌ر له‌و وڵاته‌دا که دیل و زه‌بوونی ده‌ستی ئه‌و داعشهیه، دێ سووکایه‌تیی به ئاڵای ئه‌و پێشمه‌رگه‌یه ده‌کا و له چه‌ند دیمه‌نێکدا بێڕیزی به ئاڵای کوردستان له تۆڕه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کاندا بڵاو ده‌کاته‌وه. له‌و پێوه‌ندییه‌دا هه‌ندێ ڕوونکردنه‌وه و قسه هه‌ر له جێ‌دا گرینگ و جێی باسە: خۆ ڕه‌نگبێ لایه‌نگرانی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق له مانای ئاڵا نه‌زانن و هه‌ر وه‌ک ئاڵای به‌عس له چییه‌تی و چۆنیه‌تیی ئاڵا بڕوانن، ئه‌و کاته‌ی چۆن به هه‌زاران شیعه‌ی له‌و سۆنگه‌یه‌وه کۆمه‌ڵکوژ کران و ئه‌و ئاڵایه‌ی ئه‌وان 35 ساڵ کڕنۆشیان بۆ برد، به‌ڵام له‌ژێر په‌یامی ئه‌و بهیرهقهدا سه‌رکوت کران و له هه‌موو مافێکێان بێبه‌ری کران، ره‌نگبێ نه‌زانن که بۆ خۆشخزمه‌تیی نه‌یارانی وڵاته‌که‌یان چ به‌ردێکی قورسیان هه‌ڵگرتووه. به‌ڵام ئیستا که نازانن، با بزانن ئه‌و ئاڵایه‌ی ئه‌وان به گومانی خۆیان سووکایه‌تییان پێکردووه چ واته‌یه‌کی هه‌یه و، ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌ی ئه‌و ئاڵایه به هێمای خۆی ده‌زانێ کێیه و سه‌نگ و قورسایی له عێراق و ناوچه‌و جیهان چه‌نده؟ نه‌ته‌وه‌ی کورد له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان به درێژایی خه‌باتی حه‌قخوازانه‌ی خۆی، مافی خۆی له گره‌وی زه‌وتکردنی مافی هیچ هێز و لایه‌نێکی دیکه نه‌دیتۆته‌وه، بۆیه‌ش پێخوستی مافی هیچ لایه‌نێکی نه‌کردووه و هه‌وڵی داوه هاوپه‌یمان و هاوبه‌شی هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه و یه‌ک له‌وان شیعه‌کان له عێڕاق بێ که له نیزامێکی تۆتالیتاری وه‌ک ڕێژیمی به‌عسدا سه‌رکوت ده‌کران. ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه له‌ژێر هێمای ئه‌و ئاڵایه‌دا به درێژاییی مێژوو گه‌لێ ده‌ستکه‌وتی بۆ گه‌لانی ژێرده‌سته‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی نێوەڕاست به دیاری هێناوه، له دامه‌زراندنی کۆماری گه‌لی دێموکراتیکی کوردستان له مه‌هاباد ڕا بگره، تا هه‌موو ده‌ستکه‌وته مه‌ده‌نییه‌کانی خه‌باتی کورد له هه‌موو به‌شه‌کانی کوردستان و یه‌ک له‌وان عێڕاقدا. ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه بزاوتێکی ڕه‌سه‌نه که هەڵقوڵای هه‌ناوی کۆمه‌ڵگای کوردستانه که پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و مه‌لا مسته‌فا بارزانی ئاڵاهه‌ڵگری خه‌باته‌که‌ی بوون. خه‌باتێک که بوونی خۆی نه‌ک له نه‌بوونی لایه‌نه‌کانی دیکه‌دا به‌ڵکوو له عه‌قڵییه‌تی پێکهوهههڵکرن و بنیاتنانه‌وه‌ی نیشتمانی هاوبه‌شدا بنیات ناوه، خه‌باتێک که پێناسه‌ی خۆی له به‌ها دێموکراتیکه جیهانییه‌کان وه‌رده‌گرێ، ئایدیایه‌ک که کۆمه‌ڵگای جیهانی به هاوخه‌بات و هاومه‌رامی خۆی ده‌زانێ، سرووشتییه که له‌و ناوه‌شدا هه‌وڵێکی چه‌په‌ڵ خه‌وش ناخاته سه‌ر ئه‌و به‌ها و ئه‌و مێژووه و، ئه‌و په‌یام و ڕیساله‌ته .له ڕوویه‌کی دیکه‌وه ئه‌و لایه‌نه‌ی عه‌سائیبی ئه‌هلی حه‌ق به ڕواڵه‌ت نوێنه‌رایه‌تیی ده‌کا، خۆیان به‌شێک له‌و مێژووه پڕشنگدارهن، کورد به سوننه و شیعه‌وه خاوه‌نی ئه‌و ڕابردوویهیه. جیا له خه‌باتی هاوبه‌شی کورد و شیعه له عێڕاق و هه‌موو ئه‌و نه‌هامه‌تیانه‌ی به‌سه‌ریان هاتووه له وڵاته‌دا، له به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستانیشدا کورد پێکهاته‌یه‌کی فره نه‌ته‌وه‌یی وه‌ک شیعه و سوننه و یارسان و کلدانی گرێدراوی ئه‌و شوناسه هاوبه‌شه‌یه و، هه‌ولێکی چه‌په‌ڵی له‌و شێوه ناتوانێ که‌لێن بخاته نێو جۆراوجۆرییه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد و، ئه‌گه‌ر ئه‌و هه‌وڵه پیلانێکی ئیقلیمیشی له پشتی بێ؛ ده‌ره‌نجامه‌که‌ی هه‌ر تێکشکان و ناکامی ده‌بێت. بۆیه مێرووله نه‌چێ چاکه به گژ قولـلهیی قافا.