Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 26 APR 2024 00:57 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

گومان لە نەتەوەبوون.. ئەزمەی رۆشنبیرانی گۆڕان
| KDP.info


ساسان عەونی

رۆشنبیر، خوێندنەوەی تایبەت و جیهانبینییەکی جیا و دیدگایێکی روونی بۆ کۆمەڵگا و دەوروبەری هەیە، ئاراستەکانی ناو هەناوی کۆمەڵگا شیتەڵ و شرۆڤە دەکات. هەندێ جار ناکۆکە لەگەڵ دەسەڵات و حیزبەکانی، هەندێ جار بەشێکە لە دەسەڵات و حیزبەکانی، دەگمەنیشن ئەوانەی کە دەتوانن لەسەر هێڵی بێلایەنی بمێننەوە و رووداوەکان لە روانگەی بێلایەنییەوە هەڵسەنگێنن و بنووسنەوە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، جیاواز لە سیاسییەکان کە هەندێ جار دووچاری هەڵچوون و گرژی دەبن، یا لە هەندێ ساتەوەختە ناخۆشەکاندا تووشی نائومێدی دەبن، رۆشنبیران بەوە ناسراون کە هەمیشە چرای بیریان گەشاوەیە، نەخشەڕێگایان هەیە و نائومێد نابن. لە زۆر کاتدا بە رەخنە و خوێندنەوەی تازە، بە پێشنیازی بونیادنەرانە رێچکەی هەڵەکان راست دەکەنەوە، لە کەسانی ئاسایی دووربینترن و ئاسۆی روانینیان گشتگیرە. بۆ پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵگا کار دەکەن و دوورن لە گرژکردنی کەشی گشتی و قووڵکردنەوەی جیاوازییەکان.
جێگای داخە ماوەیەکە بەشێک لە رۆشنبیرەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، بە شێوەیەکی زۆر بەرچاو چوونەتەوە قاوغی بزووتنەوەکەیان و ئەوانیش چەشنی هەندێک لە سیاسییەکانیان دووچاری گرفتی ناوچەییبوون هاتوون، لەکاتێکدا وەزیفە رۆشنبیرییەکەیان وا دەخوازێت کە نەوەک تەنها کوردستانیانە، بەڵکو بۆ مرۆڤایەتییش بیر بکەنەوە. بە داخەوە ئەم رەوتە هەر بە ناوچەییبوون ناوەستن، بەڵکو گومان لەسەر نەتەوەبوونی (کورد) دروست دەکەن و بوونی (کورد) وەک نەتەوە رەت دەکەنەوە. بۆ نموونە "نووسینەکەی بەڕێزان رێبین هەردی و ئاراس فەتاح بە ناوی – کوردبوون لە دوای 12ی ئۆکتۆبەرەوە - رۆژنامەی ئاوێنە ژمارە 500 ی 27ی تشرینی یەکەمی 2015 ".
خوێندنەوەی لەم جۆرە نەک لەلایەن کوردستانیانەوە، بەڵکو لە لایەن نووسەران و دەزگا میریەکانی وڵاتانی تریشەوە کە دەکرێت، بە زانینی پاڵنەرەکانیان و مەترسییان لە فرەنەتەوەییی وڵاتەکانیان و هەوڵیان بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی نەتەوەی سەردەست، هێشتا بە ئاسایی وەرناگیرێت. نموونەی زۆر هەبوون و هەن کە حکوومەتە جۆراوجۆرەکان زۆر هەوڵی لەم جۆرەیان هەبووە و هەیە، تەنها بە نووسین و لێکۆڵینەوە و بڵاوکردنەوەی کتێب و رۆژنامە بە زاراوەی جیا نەوەستاون، بەڵکو هەوڵی شۆرینەوەی مێشکی نەوەکانیشیان داوە و لە قۆناغەکانی خوێندنی سەرەتایییەوە ئەوەیان لە مێشکی منداڵان دەچاند، کە ئەوەی لە عێراق بژیێت عەرەبە و ئەوەی لە سووریا بژیێت عەرەبە و ئەوەی لە تورکیا بژیێت تورکە و ئەوەی لە ئێران بژیێت ئێرانییە. ئەگەر ئەمە کاری خەڵکی تر بێت و لە بەرانبەردا بە درێژاییی ساڵان بە جۆرەها شێوە بەرگری کرابێت و هەوڵی پاراستنی شوناس و ناسنامەی نیشتمانی و نەتەوەیی درابێت، ئایا جێی پرسیار و گازاندە و گلەییی زۆر نابێت کە هاووڵاتیەکی کوردستانی، کوردزمانێک، هاونیشتمانێک، قەڵەمێکی کوردینووس، لە ئەنجامی کار و کاردانەوەیەکی سیاسی، بگاتە ئەو جۆرە لە هەڵچوون و کۆنترۆڵنەمان کە گومان لە نەتەوەبوونی (کورد) بکات و، پێیان وابێت کە کورد یەک گەل و یەک نەتەوە نییە و بۆیە نابێت لە یەک چوارچێوەی سیاسی جێی بێتەوە و، گومانی ئەوە دروست بکات کە جیاوازییەکان ئەوەندە زۆرن رەوابتی هاوبەش کۆمان ناکاتەوە و بە درێژاییی مێژوو لە سەنگەری دژی یەکتری بووین. چەند بەڕێزێکی تریش پێشتر قسەیان لەوە دەکرد کە هەولێر بە پایتەختی خۆیان نازانن و پێیان وایە، سلێمانی غەدری لێکراوە و بە بەشێکی جیای دەزانن و جیای دەکەنەوە.
تێدەگەین بەشێک لە ئەرکە حیزبیە رۆشنبیرییەکەیان جوانکردنی سیمای بزووتنەوەکەیانە لە چاوی خەڵکدا، جوانکردنێک بە وێناکردنی کۆمەڵگایەکی نموونەیی لە کاتی دەنگدان بە سیاسەتەکانی ئەوان. لە هەمان کاتیش ناشیرینکردنی رکابەرەکانە، بەڵام ئەم ناشیرینکردنە هەموو سنوورەکانی بەزاندووە لە بە دێوکردنی رکابەرەکان و وەسفکردنیان وەک هێزەکانی چاخەکانی ناوەڕاست، کە دەیانەوێت کۆمەڵگای کوردستان بگێڕنەوە سەردەمەکانی تاریکی و نەمانی توانای پێکەوەژیان لەگەڵیدا.
ئەم جۆرە لە کار و بەرهەمەی بەشێکی رۆشنبیران و دەزگاکانی راگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان، دەرکەوتەکانی بە شێوەیەک لە شێوەکان لە سەر بەشێكی ئەندامانیان بە دیار کەوتووە، جۆرێک لە فاشیەت بەرهەم هاتووە کە جگە لە خۆیان هیچ رەنگێکی تر نابینن، جگە لە دەنگی خۆیان هیچ دەنگێکی تر نابیستن و، ئەوەی لەگەڵ بڵندگۆکانیان چەپڵە لێنەدات، واتە پاشکۆی خەڵکی ترە. رکابەرەکان بە تایبەتییش پارتیی دیموکراتی کوردستان شوێنی نابێتەوە و دەبێ بسووتێت و نەمێنێ و بەردباران بکرێت.
هەرچەند گومانم هەیە، بەڵام هیوادارم ئەو بەڕێزانە چاوێک بە تەرزی روانین و بڕواکانیان بخشێننەوە، خۆیان لەو هەڵچوون و نائومێدیە رزگار بکەن کە لە ئەنجامی کاردانەوەیەکی سیاسی تووشی هاتوون، کار و کاردانەوە سیاسییەکان هەر جۆر و هەر چۆنێک بن بواری ئەوەی تێدا هەبووە و هەیە کە پرۆسەی سیاسی لەو گرژییە دەرچێت و روو لە رێگاچارە بکاتەوە، جا کات زۆر بخایەنێت یان کەم. بەڵام ئەوەی کە وەک رەخنە دەمێنێتەوە و ناسڕدرێتەوە و لە لایەن ئەو بەڕێزانە پێویستی بە پێداهاتنەوە و چارەسەرە سێ بابەتە، یەکەمیان، بەم شێوازە نووسینە دەبنە داهێنەر و سەرمەشقی ئەو سەرچاوانەی کە لێکۆڵیار و مێژوونووسان وەک سەرچاوەی کوردستانی مامه‌ڵەی لەگەڵدا دەکەن، بە هێنانەوەی نموونە کە لە ناو کورد خۆیان و بە قەڵەمی نووسەرانیان گومانیان لە نەتەوەبوونی خۆیان هەیە.  دووەمیان، سلێمانی وەک هەموو شارەکانی تر هی هەمووانە، شارێکە تەنها یەک ناسنامە هەڵناگرێت، سلێمانی گەورەیە و لە چوارچێوەی حەز و ویستی کادیرانی بزووتنەوەیەکی سیاسیدا بچووک ناکرێتەوە. سێیەمیان، بریندارکردنی هەست و کبریای هەر تاکێکی کوردستانی و کوردە، کە قەڵەمی خۆماڵی بەم شێوەیە ئاو لە ئاشێک دەکات بۆ نائومێدی و پەرتەوازەیی و بڕوابەخۆنەمانی نەتەوەیی، کارکردنە لە پرۆژەیەک گومان لە یەکپارچەییی گەل و نەتەوەبوونمان دروست دەکات.
 




دوایین هەواڵەکان

فازڵ میرانی: پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌

THURSDAY, 25 APRIL 2024 21:04:43

ھەولێر-KDP.info- به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی له‌م هه‌لومه‌رجەدا دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌، ده‌شڵێت، ده‌بێت ئه‌مڕۆ بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفرازییه‌كانی دوێنێ به‌رده‌وام بن.

 
شێروان دوبەردانی" ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ زێدەڕۆیی بکەنە سەر مافەکانی کورد و پارتی"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 20:04:44

نەینەوا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ  دەستوەردان لە پۆستە کارگێڕییەکانی نەیەنەوا بکەن و گۆڕانکاری لەو پۆستانە بکەن کە پشکی پارتی و کوردن..دەشڵێت، ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سەید مەحموود تاوەگۆزی) دەکات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 19:04:31

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (سەید مەحموود سەید حسێن تاوەگۆزی) دەکات.

 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر"بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:26

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەڵێت، نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێم دادەبەزێت..دەشڵێت، بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت.

 
"بابەتی لادانی سفرەکانی سەر دیناری عێراق کاتی زۆری پێویستە"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:37

بەغدا -KDP.info-  ئەندامێکی لیژنەی ئابووری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، لادانی سفرەکانی سەر دراوی عێراقی ھەنگاوێکی باشە و کاریگەری زۆر دەبێت لەسەر دراوی عێراقی، بەڵام بابەتێکی ئاسانیش نییە.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact