كه‌ریم قادر
دواجار هه‌نگا‌وه‌كانی گۆڕان به گشتی(بنكۆڵكردن) و رۆڵی نه‌رێنیی سه‌رۆكی په‌رله‌مان له ململانێ سیاسیه‌كاندا، پارتیی دیموكراتی كوردستانی ناچار كرد، له‌پێناو چاره‌سه‌ركردنی ره‌وشه‌كه و راسته‌ڕێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی كوردستاندا، پێداچوونه‌وه به رێككه‌وتنی سیاسیی خۆی بۆ پێكهاتنی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و كابینه‌ی حكوومه‌ت بكات و، به گۆڕان بڵێ "ئێوه چیدی به‌شێك نین له حكوومه‌ت". واته، وێڕای شه‌ڕی داعش و بڕینی بودجه‌ی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن به‌غدا و هاتنی ئاواره‌یه‌كی زۆر، ئه‌وه‌ی دۆخی كوردستانی به‌م رۆژه گه‌یاند، قۆستنه‌وه و خراپ مامه‌ڵه‌كردنی گۆڕان بوو له‌گه‌ڵ قه‌یرانه‌كاندا، كه بۆ هه‌موو لایه‌ك ئاشكرایه چۆن و به چ مه‌رامێك تووشی كوردستان كراوه.
گۆڕان له‌بری ئه‌وه‌ی جه‌خت له كاری هاوبه‌ش بكاته‌وه بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كان، به به‌كارهێنانی تاقمێكی گێره‌شێوێن و تێكده‌ری پێكهاتوو له هه‌رزه‌كاران، ئه‌وانه‌ی ناتوانن خێر و شه‌ڕی خۆیان لێك جودا بكه‌نه‌وه، وه‌ك هه‌نگاوی پراكتیكی جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌ی شكاندنی پارتی به په‌لاماردانی باره‌گا و سووتاندن و شه‌هیدكردنی ئه‌ندامانی پارتی له سنووری پارێزگای سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه ده‌ستی پێكرد. به‌م كاره‌شی رووی راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌رخست، كه شتێك لای ئه‌و به ناوی رێزگرتن له رێككه‌وتنی سیاسی و پاراستنی ئارامی بوونی نییه، ته‌نانه‌ت بڕوای به قه‌واره‌یه‌ك نییه ناوی هه‌رێمی كوردستان بێت.
به دیوه‌كه‌ی دی، له‌و رێككه‌وتنه سیاسییه‌ی نێوان پێنج حزبه‌كه‌دا، گۆڕان ده‌رفه‌تی باشی بۆ ره‌خسا وه‌ك هێزێكی سیاسی، خزمه‌ت به گه‌لی كوردستان بكات و ده‌فته‌ری عیدوانی خۆی ره‌ش بكاته‌وه، به‌ڵام له‌بری به‌كارهێنانی ئه‌رێنییانه‌ی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته، له یه‌كه‌م ده‌رفه‌تدا له كوده‌تایه‌كدا به ناوی یاسا و دیموكراسی، پێشێلی پره‌نسیپی پرۆسه‌ی به‌ڕێوه‌بردنی كرد، كه چۆن پێشتر به‌رامبه‌ر یه‌كێتی تاقیی كرده‌وه، ئه‌مجاره ویستی به ناوی دیموكراسییه‌وه هه‌وڵی خۆی له‌سه‌ر پارتی‌یش تاقیی بكاته‌وه، بۆئه‌وه‌ی له پرۆسه‌ی سیاسی‌دا وه‌ده‌ری بنێ. واته ئه‌وه‌ی وایكرد سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان شه‌رعیه‌تی سه‌رۆكایه‌تیكردنی ده‌زگای یاسادانانی كوردستانی نه‌مێنێ، كوده‌تاكه‌ی گۆڕان بوو، كه بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی سیاسیی خۆی په‌رله‌مانی به‌كار هێنا و شه‌قی له‌و رێككه‌وتنه سیاسییه هه‌ڵدا، كه كوردستانی پێ به‌ڕێوه ده‌برێ.
گۆڕان له به‌رامبه‌ر سووتاندن و به‌ردبارانكردنی باره‌گای حزبه‌كان و، له سه‌روویانه‌وه باره‌گای پارتیی دیموكراتی كوردستان و شه‌هیدكردنی هه‌ڤاڵانی پارتی، وه‌ڵامێكی باوه‌ڕپێهێنه‌ری نه‌بوو، به پێچه‌وانه‌وه له كه‌ڵكه‌ڵه‌ی تۆڵه‌كردنه‌وه به‌رده‌وام بوو؟ واته گۆڕان هێنده له‌خۆبایی بوو، هیچ نرخێكی بۆ پێگه و سه‌نگ و قوربانیی پارتی دانه‌نا و له ئاڵۆزكردنی دۆخه‌كه‌ش به‌رده‌وام بوو.
ئایا پارتی ده‌یتوانێ له‌وه زیاتر به‌رامبه‌ر ئه‌و ره‌فتاره فاشییه‌ی گۆڕان بێده‌نگ بێت و گوشار و توڕه‌یی ئه‌ندام و لایه‌نگرانی به هه‌ند هه‌ڵنه‌گرێ؟ له وه‌ڵامدا ده‌ڵێین: نه‌خێر، چونكه خه‌ریك بوو كوردستانی مایه‌پوچ ده‌كرد. كه‌واته ئه‌و بڕیاره‌ی مه‌كته‌بی سیاسی (ده‌ركردنی گۆڕان له حكوومه‌ت، كه مافێكی قانوونیی مه‌كته‌بی سیاسییه پێكهاته‌ی كابینه‌كه بگۆڕێ، كاتێك بینی لایه‌نی به‌شدار خه‌رقی رێككه‌وتنه سیاسییه‌كان ده‌كات) بۆ راسته‌ڕێكردنه‌وه‌ی پرۆسه‌كه ته‌واو له به‌رژه‌وه‌ندیی تێكڕای گه‌لی كوردستان و قۆناغه‌كه‌دایه، به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وانه‌ی ده‌ڵێن "ئه‌مه گه‌ڕانه‌وه‌یه بۆ دوو ئیداره‌یی"، چونكه له‌لایه‌ك ئه‌جێندای ئاژاوه‌ی له كوردستان پووچه‌ڵ كرده‌وه. له‌لایه‌كی دیكه خاڵی له‌سه‌ر پیته‌كان دانا، له ماوه‌كانی داهاتوویشدا هه‌موو لایه‌ك له بایه‌خی ئه‌و بڕیاره ده‌گه‌ن، كه چه‌نده له به‌رژه‌وه‌ندیی سه‌قامگیری و یه‌كگرتوویی و پاشه‌رۆژی كوردستاندایه.