عارف ڕوشدی
پرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، له هه‌ر وڵاتێكی دی هاوشێوه‌ى هه‌رێمى كوردستان بوایه به‌و ئاقاره‌دا نه‌ده‌برا. هه‌رێمى كوردستان له چه‌ندین ته‌نگژه‌وه ئاڵاوه، بودجه‌ى هه‌رێم، مووچه و قوتی خه‌ڵكی، كه زیاتر له ساڵێكه به‌غدا به ناحه‌ق بڕیویه‌تی، هه‌ڕه‌شه‌ی هێنانی هێزى حه‌شدى شه‌عبى بۆ گه‌رمیان و كه‌ركووك، ئاراسته‌كردنى په‌لاماره‌كانى داعش بۆ سه‌ر سنوره‌كانى كوردستان (كه له پیلانێك ده‌چێ)، هه‌روه‌ها كێشه‌ی په‌كه‌كه و توركیایش، ته‌نگژه‌یه‌كی دیكه‌یه. لەو نێوەدا خه‌ڵكیش حه‌قیه‌تی گله‌یی نه‌بوونی خزمه‌گوزاریێكی شایسته بكات، كه به هۆی قه‌یرانی داراییه‌وه حكوومه‌ت نه‌یتوانیوه وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی داخوازییه‌كان بێت، هه‌ڵبه‌ت ئه‌مه له‌ژێر گوشاردایه و هۆكاره‌كه‌یشی روونه. باشه به‌م بارودۆخه ناهه‌مواره‌وە، ئایا ئه‌ركی لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌بێ چ بێ، چاره‌كردن و دۆزینه‌وه‌ی ده‌ریچه‌یه‌ك یان زیادكردنی ته‌نگژه‌ی دیكه؟ هه‌رێمی كوردستان سه‌رباری خه‌ونی به‌ده‌وڵه‌تبوونی، پرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمیشی بێته سه‌ر! كه ده‌بوو ئه‌م پرسه لانی كه‌م له ئێستادا نه‌وروژێندرێ، بە باوەڕی من کە خرایە بەر باسیشەوە، ده‌بوایه ئاسانترین پرس بێ و ته‌نیا به كۆبوونه‌وه‌یه‌ك چاره بكرێ. كه نه‌كراوه، به‌ڵكو گرێیان لێی داوه و تا ئێستایش خواستێك هه‌یه گرێیەکە نه‌كرێته‌وه، ڕوونه كه چ مه‌رامێكی له پشته. ئاخر كه‌سایه‌تیی به‌ڕێز بارزانی هیی ئه‌وه نییه كه قسه له‌سه‌ر مانه‌وه و نه‌مانه‌وه‌ی بكه‌ین؛ بارزانی پیاوی قۆناخه و، ده‌بوایه هاوكاری بین تا به سیاسه‌تی میانڕۆیی و دیپلۆماسییه‌ت و هێمنییه‌كه‌ی سه‌ركردایه‌تیی قۆناخه‌كه بكات. هه‌موو ده‌زانن، ئه‌و كێشه‌یه هێنده‌ی سیاسییه یاسایی نییه، بۆیه ناكرێ پرسه‌كه له خۆمان ئاڵوز بكه‌ین، ئه‌مه له كاتێكدایه پێشتر دیمۆكراسیه‌تی ته‌وافوقی بنه‌مای كاركردنی پێكه‌وه‌ییمان بووه، له ڕاستیدا پاشه‌ڕۆژی هه‌رێمه‌كه و قۆناخه‌كه‌یش هه‌ر ئه‌مه له هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌خواێ. ئێستا ئەرکی سەرکردە سیاسییەکانە بسازێن تا لەم دۆخە زیانبار نەبین. ئاشكرایه كه سیستمی سیاسیی هه‌رێم، له ڕێی یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمه‌وه چاره ناكرێ، به‌ڵكه ئه‌وه ده‌ستووره كه پرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمیش یه‌كلا ده‌كاته‌وه، لایه‌نه سیاسییه‌كان ده‌توانن له رێگاى لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ى ره‌شنووسی ده‌ستوره‌وه، كه له پارله‌مانى كوردستان سه‌رقاڵى كاركردنه، پێشنیازه‌كانى خویان ئاراسته بكه‌ن و دواتر بیخه‌نه به‌رده‌می ڕاپرسییه‌وه، ئه‌وكات هاووڵاتیان بڕیاری لێ ده‌ده‌ن و، په‌سندی ده‌كه‌ن یان نایكه‌ن. له دنیایشدا شتی وا نییه، هه‌ندێ لایه‌ن به ویستی خۆیان ده‌ستكاری له‌و پرسانه‌دا بكه‌ن كه پێوه‌ندی به ته‌واوی هاوڵاتیانه‌وه هه‌یه و به ساده‌یی تێی بپه‌ڕێنن.
ناوچه‌ى رۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست له بارێكدایه، كه مه‌زنده‌ى گۆڕانكاریی زۆرى چۆنایه‌تى لێى چاوه‌روان ده‌كرێت، كوردستانیش به له‌به‌رچاوگرتنی جیۆگرافییه سیاسییه‌كه‌ی ده‌كه‌وێته ژێر كاریگه‌رییه‌كانی ئه‌و گۆرانكارییانه‌وه. ڕاسته كه به‌شێك نین له ڕێككه‌وتنی 5+1، به‌ڵام دوور نییه هه‌رێمه‌كه‌مان ببێ به نێوه‌ندی ململانێكانى ئه‌و رێككه‌وتنه‌ش؛ لێردایه كه یه‌كڕیزی و یه‌كهه‌ڵوێستی بێویسته، نه‌ك دووبه‌ره‌كی، له‌پێناوى به‌رگه‌كَرتنى هه‌ر پێشهاتێك و قوزتنه‌وه‌ى به شێوه‌یه‌كى ئه‌رێنى له به‌رژه‌وه‌ندیى گه‌له‌كه‌ماندا. بۆیه له وه‌ها دۆخێكی هه‌ستیاردا، ده‌بێ لێدوانی به‌رپرس و په‌رله‌مانتاران هێمنتر بێ له ئاست باسكردنى كێشه‌كاندا، چونكه به‌كارهێنانى زمانی زبر و وشه و ده‌سته‌واژه‌ى نه‌شیاو، ناحه‌قیێكی گه‌وره‌یه به‌رانبه‌ر به خه‌ڵك و نیشتیمانه‌كه‌مان ده‌كرێ. خه‌ڵكی حه‌قیانه بپرسن بۆ ئه‌م هێزه سیاسییانه ئه‌وه‌نده گه‌رموگوڕ نین له بوارى دابینكردنى پێداویستییه‌كانى هاووڵاتیاندا؟، حه‌قیانه بپرسن بۆ ده‌بێ ئه‌وان باجی سیاسه‌تی ڕقئه‌ستووریی و گرێى دێرینى سیاسیگه‌لێك بده‌ن؟.
سازان كه كۆی جومگه‌كانی دامه‌زراوه‌كانمانی له‌سه‌ر بینا كراوه، ده‌بێ بره‌وی پێبده‌ین و ئێستایش هه‌ر به‌و ئاراسته‌یه كار بكه‌ین، چه‌نده نزیكیمان هه‌بێ، هێنده زووتر ده‌گه‌ین به ئامانجه‌كانمان. ده‌بێ ئه‌و راستییه بزانین، كه چۆن به‌ره‌نجامی یه‌كڕیزیمان له به‌ره‌ی كوردستانیدا راپه‌رین و ئازادكردنی هه‌رێمی كوردستانی له چنگ به‌عس به دوای خۆیدا هێنا، دۆخی هه‌نووكه‌ییش به‌ره‌یه‌كی دیكه‌ی كوردستانی ده‌خوازێ، به‌ڵام به به‌رگێكی نوێوه كه خوى له رێكخستنه‌وه‌ى بابه‌تیانه‌ى حوكمڕانییه خوماڵییه‌كه‌ماندا ده‌نوێنێ. پێویسته لایه‌نه‌كان بایكۆتی ئه‌و سیاسییه نه‌خۆشانه بكه‌ن كه ده‌ڵێن باوه‌ڕیان به سازان نییه، ئه‌وان كه سازانیان ناوێ، واته (به‌ژه‌وه‌ندیی باڵای گه‌لیان ناوێ)، باشه سازان ناكه‌ن چ ده‌كه‌ن؟، گرفتی دیكه بنێینه‌وه؟ درێژه‌كێشانى ناهه‌موارى بارودۆخه‌كه له به‌رژه‌وه‌ندیی كێدایه؟. بۆیه ده‌بێ ئه‌وله‌ویه‌تی كاری لایه‌ن و كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان (هه‌ڵبه‌ت ویژدان مردوویێكی وه‌ك عادل موراد نا)، بیركردنه‌وه بێ له نه‌ته‌وه و نیشتیمان و به‌رپرسیاره‌تیی نه‌ته‌وه‌یى و وه‌لانانی به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌ت، هه‌روه‌ها خه‌باتی بێ‌وچان و ماندوونه‌ناسانه، راستگویى و دڵسۆزى، گه‌وره‌ترین سه‌رمایه و ئیمتیازی كه‌سانى تێكوشه‌ر بێت.
ئه‌مه‌ریكا، به‌ریتانیا و نه‌ته‌وه ته‌كگرتووه‌كان داوامان لێ ده‌كه‌ن كه له نێو خۆماندا ڕێك بكه‌وین، داوا ده‌كه‌ن كارێك نه‌كه‌ین خوێنی شه‌هیدانمان به‌هه‌ده‌ر بچێ و هه‌رێمه‌كه‌مان نه‌خه‌ینه دۆخی نه‌خوازراوه‌وه.. چونكه ئێستا ده‌رفه‌تی چاك بۆ ئاینده‌ى كَه‌له‌كه‌مان له ئارادایه. له لایه‌كى دیكه‌وه، نابێ نادیتە بگیرێ کە حزبێكی نۆروێژی خۆپێشاندان ده‌كات بۆ سه‌ربه‌خۆییی كوردستان، چه‌ندین وڵاتى دیكه و، ڕێكخراوه مرۆڤدۆسته‌كانی دنیایش پشتیوانی له مافی چاره‌نووسی كورد ده‌كه‌ن، كه‌چی لایەن و کەسانی ناتەندروست هەبن، له بێ‌توانایى و بێهیواییان له دۆخی ناله‌بارى نێوخۆی حزبه‌كانیان، هه‌وڵ ده‌ده‌ن هه‌رێم له كێشه‌گه‌لی دیكه‌وه بگلێنن و، به‌ڵكو ده‌یانه‌وێ ئه‌م پێگه‌یه‌ى ئیستاى هه‌رێمه‌كه‌مان پێیگه‌یشتووه له سه‌ر ئاستى جیهانى ئازاد، له‌كه‌داری بكه‌ن.