هه‌ولێر-KDP.info- جێگری ئه‌مینداری گشتیی یه‌كگرتووی ئیسلامیی كوردستان داوا له سه‌رۆكی په‌رله‌مان ده‌كات كه سبه‌ی و دوو سبه‌ی لیژنه‌ی یاسایی په‌رله‌مان كۆ نه‌بێته‌وه، ''چونكه ژووری عه‌مه‌لیات له دانوستاندایه و ده‌مانه‌وێ كه هه‌مووان پێكه‌وه بگه‌ین به ڕێچاره‌یه‌كی گونجاو و هاوبه‌ش، تا ببێته ده‌ریچه‌یه‌ك بۆ ده‌ربازبوون له‌و قه‌یرانانانه‌ی هه‌رێمی كوردستان تێیكه‌وتووه، به تایبه‌ت پرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان.
جێگری ئه‌مینداری گشتیی یه‌كگرتووی ئیسلامی دكتۆر (محه‌ممه‌د ئه‌حمه‌د)، بۆ ئێن ئاڕ تی ڕاشكاوانه گوتی، ئه‌گه‌ر بڕیار بێ په‌رله‌مانی كوردستان به سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك په‌رله‌مان كۆ ببێته‌وه و موناقه‌شه‌ی پڕۆژه‌یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم بكات، ئه‌وا به واتای حیساب بۆنه‌كردنه بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ژووری عه‌مه‌لیات كه پارتی، یه‌كێتی، یه‌كگرتوو و گۆڕان و كۆمه‌ڵ پێكیان هێناوه، هه‌روه‌ها كۆتاییهێنانه به‌م هه‌وڵانه‌ی ده‌مێكه پێیه‌وه خه‌ریكین، كه ئه‌گه‌ر بسازێین ئه‌وا له به‌رژه‌وه‌ندیی كوردستانیان ده‌بێ.
گوتیشی، ئه‌وه‌ی ئێمه له‌باره‌یه‌وه دانوستان ده‌كه‌ین، كه گه‌یشتینه ڕێككه‌وتن، ده‌یده‌ین به لیژنه‌ی یاسایی و ئینجا ئه‌وان به‌رگی یاسایی به‌به‌ردا ده‌كه‌ن.
جه‌ختیشی كرده‌وه كه، ناكرێ سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌یه‌ك بكات، چونكه پێچه‌وانه‌ی پێڕۆی ناوخۆی په‌رله‌مانه كه‌واته پێچه‌وانه‌ی یاسایشه؛ جیا له‌مه‌یش كۆبوونه‌وه‌كان كه سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌رۆكایه‌تییان ده‌كات نایاسایین، ده‌كرێ بۆ چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی ژووری عه‌مه‌لیات، بیانوه‌ستێنن.
ئاشكرایشی كرد، له‌م دوو كۆبوونه‌وه‌ی كه له نێوان پێنج لایه‌نه‌كاندا كراوه، باس له‌وه كراوه كه، ئه‌م یاسایه‌ی ئێستای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم كه ڕێگه نادا سه‌رۆكی هه‌رێم جارێكی دی ببێته‌وه به سه‌رۆك، یاسایه‌كی دیكه ده‌ربچوێنرێت تا وه‌ك ده‌ریچه‌یه‌ك بۆ ئه‌م پرسی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم كه پرسێكی نیشتیمانییه له‌باره‌یه‌وه بسازێین و جێی یاساكه‌ی پێشه خۆی بگرێته‌وه؛ هه‌ڵبه‌ت به‌م شێوه‌یه‌یش سه‌رۆكی ئێستای هه‌رێمی كوردستان ده‌رفه‌تی جارێكی دی بوونه‌وه به سه‌رۆكی هه‌رێمی هه‌یه.
دكتۆر (محه‌ممه‌د ئه‌حمه‌د) هه‌روه‌ها ده‌ڵێ، كاتێك كه سازان كرا، هیچ پرسێك ناكه‌وێته ده‌ره‌وه‌ی كاركردن له یاسا، چونكه كاتێك لایه‌نه‌كان ڕێك كه‌وتن و بڕیارێكیان دا، نابێته هۆیه‌ك بۆ هه‌نگاوی نادیموكراسی و پاش ناردنی بۆ په‌رله‌مان به یاسایی ده‌كرێ.
جێی ئاماژه‌یه، كۆبوونەوەی پێنج‌قۆڵیی لایەنە سیاسییەكان، كه به كۆبوونه‌وه‌ی ژووری عەمەلیاتی چارەکردنی پرسی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ناسراوه، بە سەرپەرشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان یەکەم کۆبوونەوەی خۆی لە ڕۆژی 30/7/2015 لە مەکتەبی سیاسیی یەکگرتوو لە هەولێر ئەنجام دا و، ئەمڕۆیش 2ی ئاب لە بارەگای كۆمەڵی ئیسلامی لە شاری سلێمانی ئەنجام درا.
دوای ئەوەی لایەنە سیاسییەكان لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان نەگەیشتنە سازان، یەكگرتووی ئیسلامی دروستكردنی ژوورێكی عەمەلیاتی بۆ گەیشتن بە ڕێكکەوتنی لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئەو پرسە پێشنیاز کرد و دواتر پێک هات.