هەولێر-KDP.INFO- (سەرۆک بارزانی) لە پەیامیدا کە بۆ هەموو ئەندام و لایەنگرانی پارتییە ڕاتدەگەیەنێت، پێویستە مێژووی پڕ سەروەریی پارتی بپارێزن و ئەمڕۆ كە كوردستان كەوتووەتە بەر شاڵاوی دڕندەترین تیرۆریستانی خوێنمژ، پێویستە خۆتان ئامادە بكەن بۆ جێبەجێكردنی كوردستان یان نەمان. خۆتان ساز بكەن و شانبەشانی پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو هێزەكانی كوردستانی پیلانی دوژمنان لەگۆڕ بنێن.
دەقی پەیامی سەرۆك بارزانی بۆ بۆنەی شەستوهەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیی دیموكراتی كوردستان
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
پەیامی من بەبۆنەی شەستوهەشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەم كاتە هەستیارەدا بۆ هەموو ئەندام و لایەنگرانی پارتی ئەوەیە كە پێویستە مێژووی پڕ سەروەریی پارتی بپارێزن و ئەمڕۆ كە كوردستان كەوتووەتە بەر شاڵاوی دڕندەترین تیرۆریستانی خوێنمژ، پێویستە خۆتان ئامادە بكەن بۆ جێبەجێكردنی كوردستان یان نەمان. خۆتان ساز بكەن و شانبەشانی پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو هێزەكانی كوردستانی پیلانی دوژمنان لەگۆڕ بنێن.
كە باسی كۆمەڵكوژیی خوشك و برایانی كوردی ئێزیدی دەكرێت، ئەوە كۆمەڵكوژیی كوردە، ئەنفالێكی ترە، كیمیابارانێكی ترە و، چۆن ئەنفالچییەكان و ئەوانەی خەڵكی كوردستانیان كیمیاباران كرد بە سزای خۆیان گەییشتن، ئەم تاوانبارانەیش بە سزای خۆیان دەگەن. ئەبێ كوردستان ببێتە گۆڕستانی تیرۆریستان و هەموو ناحەزانی گەلەكەمان.
سڵاو بۆ گیانی شەهیدە نەمرەكانمان
مسعود بارزانی
سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان