هەولێر-KDP.INFO- ئەمڕۆ چوارشەممە وەزیری سامانە سرووشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان(ئاشتی هەورامی)، سەرنجی خۆی لەسەر سکاڵای حکوومەتی فیدراڵی عێراق بۆ دادگایەکی ئەمەریکایی خستە ڕوو کە مەبەست لێی دەستبەسەراگرتنی نەوتی خاوی بەرهەمهێنراوی هەرێمی کوردستانە.
(ئاشتی هەورامی) دەڵێت، "پارێزەرەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان نامەیەکیان ناردووە بۆ دادگاکە لە تەکساس بۆ روونکردنەوەی چەواشەکارییەکانی حکوومەتی فیدراڵی عێراق. حکوومەتی فیدراڵی عێراق سکاڵایەکی بۆ دادگایەکی تەکساس بەرز کردووەتەوە بۆ دەرکردنی فەرمانێک بۆ دەستبەسەراگرتنی ئەو نەوتە خاوەی کە بە شێوەیەکی یاسایی لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە بەپێی دەستوور و یاساکانی عێراق، بەرهەمهێنراوە و هەناردەکراوە و فرۆشراوە. نامەکە ئاماژە دەدات بە ئەگەری تۆمارکردنی چەندین داوای یاسایی دژی حکوومەتی فیدراڵی."
(هەورامی)هەروەها گوتی، "حکوومەتی فیدراڵی عێراق لە دادگاکانی دەرەوە و دادگای باڵای عێراقدا هەوڵ دەدات ئەوە بە دەست بهێنێت کە لەلایەن دەستووری عێراقییەوە نکوڵی لێ کراوە بۆ حکوومەتی فیدراڵی. حکوومەتی فیدراڵی ناتوانێت بیباتەوە، چونکە نەوتی خاومان بە شێوەیەکی یاسایی بەرهەمهێنراوە و بارکراوە و هەناردە کراوە و فرۆشراوە، بەپێی مافەکانی هەرێمی کوردستان هەروەک لە دەستووری عێراقیدا هاتووە."
(ئاشتی هەورامی) زیاتر گوتی، "داواکانمان بۆ قەرەبووە نەدراوەکان، کە پێویستە بەپێی دەستوور و یاساکانی عێراق بدرێن، ئامادە دەبن لەبەردەم هەر دادگایەکی دەرەکیدا کە لەوێ حکوومەتی فیدراڵی دەیەوێت هێرشمان بکاتە سەر."