Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
TUE, 23 APR 2024 21:15 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

لێدوانی وتەبێژی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە تۆمەتەكانی ڕێكخەری گۆڕان
| KDP.info


لەو كاتەی كە خەڵكی كوردستان چاوەڕێی سەركەوتنی ئەو پڕۆسەیەن كە لەلایەن پارلەمانی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان بۆ گەییشتن بە كۆدەنگیی سیاسی لەسەر دەستوور و پتەوتربوونی كۆڵەگەكانی یاساپارێزی و حوكمی گەل لە وڵاتدا دەستی پێكردووە، بەداخەوە لە هەنگاوێكی پێچەوانەی ئەوەدا لە ڕۆژی 18ـی ئەم مانگەدا ڕێكخەری گۆڕان وەك پیشەیی هەمیشەیی خۆی كۆمەڵێك گوتەی ناڕاست و پڕ لە بوختانی بۆ ژمارەیەك لە هەوادارانی خۆی باس كردووە كە نەك تەنیا هیچ سوودێكی بۆ پڕۆسەی سیاسی هەرێم نییە بەڵكو بە ئاشكرا لە هەوڵی ئەوە دایە زبری و دوژمنكاری بهێنێتەوە نێو كەشوهەوای سیاسی و هیچ جۆرە متمانەیەك لەنێو كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان نەهێڵێت. وەك بڵێی ئەم سەركردە سیاسییە مان و نەمانی خۆی تەنیا لە خوڵقاندنی كەشی دوژمنی و قەیران و دووبەرەكیدا دەبینێتەوە نەك سەقامگیری و مەدەنییەت و پێكەوەهەڵكردنی جیاوازەكان.

پێدەچێ ئەو تەشەنوج و تەنگەنەفەسیە لە ئاكامی ترسی لە هەڵبژاردنەكان و دابەزینی كێرڤی جەماوەری و شكستیهێنانی بێت لە پڕۆژەی پەكخستنی دەستوور كە ساڵانێكە بە دوایدا وێڵە، چونكە بە پێی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی لەبارەی دەستوور ئەو بوارە بۆ گشت پێكهاتە و لایەنێكی سیاسی ڕەخسا كە جارێكی دی قسەیان لەسەر دەستوور هەبێت و تێبینییەكانیان ڕەچاو بگیرێت.

پێویستە خەڵكی كوردستان ئەوە بزانن كە ڕێكخەری گۆڕان هەروەك چۆن دژی دەنگدانی ڕاستەوخۆی خەڵكی كوردستانە، دژی ئەوەیش بووە كە حزب و لایەنەكان بەشداری گفتوگۆكردن بن لەسەر نامەكەی سەرۆك بارزانی بۆ پارلەمان و تەنانەت نەشیویستووە پڕۆژەكانیان لەبارەی پڕۆژەی دەستوورەوە وەربگیرێت. ئێستاكە هەموو هەوڵێكی بۆ پەكخستنی دەستوور و گەوجاندنی جەماوەری بێئەنجام بووە بۆیە لە هەوڵی ئەوە دایە لەڕێی گرژتركردنی كەشوهەوای سیاسی، خەڵكی كوردستان وا بەگژیەكدا بكاتەوە كە هیچ بوارێكیش بۆ سازدانی هەڵبژاردن نەمێنێت.

ئێمە لە پارتی دیموكراتی كوردستان پەرۆشیی ڕاستەقینەمان بۆ سەركەوتنی ناوەڕۆكی دەستپێشخەرییەكەی سەرۆك بارزانی و نامەكەی بەڕێزیان بۆ سەرۆكایەتی پارلەمان لە پێناوی دروستكردنی كۆدەنگیی نیشتیمانییە، بۆیە سەرقاڵكردنی جەماوەر و لایەنە سیاسییەكان بە وەڵامدانەوە و ڕەدوبەدەلی بێهوودە لەگەڵ ڕێكخەری گۆڕان بەهەدەردانی وزە و كات دەزانین و دڵنیاین زۆر دەمێكە مێژوو وەڵامی ئەو بوختانانەی داوەتەوە و سەلماندوویەتی لەو كاتەدا كە نەوشیروان مستەفا لە سەنگەری دژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستاندا بوو پارتی بەرگریی لە كەركووك دەكرد. ئەمڕۆ ڕێكخەری گۆڕان بۆ سواڵی دەنگ و لەپێناو سڕینەوەی ئەو سووكایەتییانەی بە خەڵكی كەركووك و ناوچەكانی دیكەی كوردستان كردوویەتی، سەركردایەتیی سیاسی كوردستان تاونبار دەكات بەوەی گوایە لە دوای ڕووخانی بەعس دەرفەتی مێژووییان بۆ گەڕانەوەی كەركووك لە كیس كورد دا كەچی خودی خۆی ئەندامی لیژنەی داڕشتنی دەستووری عێراقی بوو بە مادەی 140ـیشەوە و بەشداربووی هەموو وردەكارییەكانی ئەو سەروەختەش بووە.

پارتی دیموكراتی كوردستان هەر لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردووەوە كاری بۆ نووسینەوەی دەستووری كوردستان كردووە و لەدوای ڕاپەڕین و لەسەروەختی یەكەمین پارلەمانیش ئەم پرسە زیندوو كراوەتەوە و لە ساڵانی دواتریشدا لەگەڵ یەكێتی نیشتیمانی و لایەنە سیاسییەكان و پسپۆڕانی دەستوور و دۆستانی گەلەكەمان كاری هەمەلایەنە كرا بۆ نووسینەوەی ئەم پڕۆژەیەی ئێستای دەستووری هەرێم. سەبارەت بە كۆبوونەوەكانی پاریسیش دیسانەوە بەوپەڕی بێویژدانی بوختانی هەڵبەستووە، ئەوە لە حاڵێكدایە كە هەموو كۆبوونەوەكان تۆمار كراون و كۆنووسی دانیشتنەكان ڕاستییەكانی تێدایە. بەڕاستی بێشەرمی و لەخوانەترسانە لەكاتێك كە خەڵك و حیزبەكان و گەواهیدەران ماون، كەسێك بتوانێ لەپێناو بەرژەوەندیی بەرتەسكی شەخسیی خۆی وا بە ئاسانی بوختان هەڵبەستێ و ڕاستییەكان چەواشە بكات.

ئەم پڕۆژەیەی كە پارتی دیموكراتی كوردستان شێلگیرانە پشتیوانی دەكات و سەرۆك بارزانییش لە پێگەی فەرمیی خۆیەوە هەوڵ و تەقەلای ئەرێنی دەدات بۆ دروستكردنی كۆدەنگیی نیشتیمانی لەبارەیەوە دەستوورێكە لە كانگای فەلسەفە و ئامانجەكانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و بەرژەوەندیی باڵای گەلەكەمان و لە پێناوی دانانی بناغەكانی ئاییندە و گەشەپێدانی هەرێمی كوردستانەوە نووسراوە، نە كەسێك نووسیویەتی و نە بۆ كەسێكیش نووسراوە، نە بە ئیرادەی یەك كەسیش بڕیاری لێ دەدرێت، بەڵكو بە ئیرادەی گەلی كوردستان پەسەند دەكرێت و هەر بۆ گەلی كوردستانیشە. ڕێكخەری گشتیی گۆڕان بەر لەوەی پەلاماری دەستوور بدات دەبوایە بۆ گوێگرانی ڕوون بكاتەوە كە ئەو جگە لە نانەوەی دووبەرەكی و داهێنانی فەرهەنگی تەشهیر و جنێوفرۆشی و ناوچەگەری و لێكترازاندنی كۆمەڵگەی كوردستانی چ دەستكەوتێكی بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان هەبووە و تەنانەت لە حزبەكەی خۆیدا جگە لە خۆسەپاندن و تاكڕۆیی و دیكتاتۆری چی پێشكەش ئەندام و لایەنگرانی كردووە. بۆیە لە مەسەلەی دەستووریشدا ئەوە گەلە بڕیار دەدات كە دەستوور چۆن بێت نەك كەسێكی دیكتاتۆر ڕای خۆی بەسەر كۆمەڵگە و سەرجەم لایەنە سیاسییەكاندا بسەپێنێت.

پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتیمانی و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و پسپۆڕان و ڕۆشنبیرانی گەلەكەمان هەموو تواناكانی خۆیان لەپێناوی سەرخستنی كۆدەنگی و پڕۆسەی سیاسی و یەكڕیزی تەرخان كردووە كەچی ڕێكخەری گۆڕان هەموو تواناكانی بۆ تێكدان و پاشاگەردانی و شڵەژانی سیاسی تەرخان كردووە، ناهەقی زۆریشی بەرانبەر جەنابی مام جەلال كرد كە نەدەبوایە ڕێگە بەخۆی بدات لەوكاتەی كە جەنابیان لە نەخۆشخانەیە بەمشێوەیە بوختانی بۆ هەڵبەستێ.

كەسێك بەرانبەر وەلی نیعمەتی خۆی ئەوەندە بێوەفا بێت و بوختانی بۆ هەڵبەستێ ئەی بەرانبەر بە پارتێك كە ئەو هەموو تەمەنی بۆ دژایەتیكردنی تەرخان كردووە دەبێ چۆن بێ؟  بۆیە لێرەوە بانگهێشتی هەموو خەڵكی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان دەكەین كە ڕێگە لەم هەوڵە پۆلپۆتییە تێكدەرە بگرن و دەست لەناو دەست بۆ سەركەوتنی دیموكراسی  و تەبایی سیاسی و ئاشتەوایی كۆمەڵایەتی كار بكەین. سەركەوتنیش هەر بۆ ئیرادەی نیشتیمانی و یەكڕیزی گەلە و شكستیش بۆ گوتاری بوختان و بێئومێدكردن و دووبەرەكییە.

جەماوەری گەلەكەمان ئاگادار دەكەینەوە كە پارتی دیموكراتی كوردستان و حزبە خەباتگێڕەكانی دیكە خۆیان بە پارێزەری گەل و نیشتیمان دەزانن و ڕێگە نادەن پیلانگێڕی سەر بكەوێت.

 




دوایین هەواڵەکان

سەرۆكایەتی هەرێم و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنیان كرد

TUESDAY, 23 APRIL 2024 20:04:51

ھەولێر-KDP.info- لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسێكی باڵای یۆنامی، تاوتوێی كێشە و بەربەستەكانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەروەها كورسی پێكهاتەكان كرا.

 
لە پارێزگای سەلاحەددین کورد دوو پۆستی بەدەستهێنا

TUESDAY, 23 APRIL 2024 18:04:03

سەلاحەددین _KDP.info_ ڕاوێژکاری پارێزگاری سەلاحەددین بۆ کاروباری ئەمنی دەڵێت، ئەمڕۆ ژمارەیەک پۆستی دیکەی پارێزگای سەلاحەددین یەکلاکرانەوە و دوو پۆستی پارێزگاکەش بەر کورد کەوتن، ڕاوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین بەر پارتی دیموکراتی کوردستان و بەڕێوەبەری وەبەرھێنانیش بەر یەکێتی نیشتمانی کەوت.

 
میری ئێزدیان بۆ KDP.info: سەرۆک بارزانی پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئێزدیان دووپات کردەوە

TUESDAY, 23 APRIL 2024 16:04:38

شێخانKDP.info-  میر حازم تەحسین  بەگ میری ئێزدیان لە جیهان ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدارمان لەگەڵ سەرۆک بارزانی مان ئەنجامدا و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئێزدیان دووپات کردەوە.

 

سیاسەتڤانێک: تورکیا دەیەوێ پەیوەندییە ئابووریەکانی لەگەڵ کوردستان بەهێزتر بکات

TUESDAY, 23 APRIL 2024 16:04:43

تورکیا _KDP.info_ موستەفا ئۆزجەلیک، سیاسەتڤان و شارەزای سیاسەتی تورکیا دەڵێت: تورکیا دەیەوێ لە زۆر ڕووەوە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان باشتر بکات.

 

بەنداوەکانی دھۆک نوژەن دەکرێنەوە

TUESDAY, 23 APRIL 2024 16:04:21

دھۆک-KDP.info-  بەڕێوەبەری ئاودێری پارێزگای دھۆک دەڵێت: ژمارەیەک بەنداو بەھۆی لافاوی مانگی ڕابردوو زیانیان بەرکەوتووە، بڕیارە ھەموو ئەو بەنداوانەی زیانیان پێگەیشتووە نوژەن بکرێنەوە.

 



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact