مووسڵ-KDP.info- پارتی ژمارەیەك پۆستی دیكەی لە مووسڵ وەرگرت و بەرپرسی لقی چواردەی پارتیش دەڵێ، لە رۆژانی داھاتوودا ژمارەیەك پۆستی دیكەش وەردەگرین و رێككەوتن لەو بارەیەوە كراوە.
عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی چواردەی پارتی لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "پارتی ژمارەیهك پۆستی دیكەی لە پارێزگای مووسڵ بەدەست ھێناوە، كە بریتین لە یاریدەدەری پارێزگای مووسڵ بۆ كاروباری ئیداری، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی مووسڵ، بەڕێوەبەری گشتیی كارگێڕی و ئیدارەی مووسڵ و بەڕێوەبەری وردبینی لە دیوانی پارێزگای مووسڵ".
بەرپرسەكەی پارتی لە مووسڵ دەشڵێت: "پارتی لەگەڵ پارێزگاری مووسڵ رێككەوتووە تا لە رۆژانی داھاتوودا ژمارەیەك پۆستی دیكە وەربگرێت و لە كاتی خۆیدا ئەوانیش رادەیەگەیەنین".
خەلیل ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "وەرگرتنی پۆستە ئیدارییەكان لە مووسڵ بۆ خزمەتكردنی خەڵكی مووسڵە و سەرۆك بارزانی خۆیشی زۆر پێداگری لەسەر خزمەتكردنی ئەو ناوچەیە دەكات، لەبەر ئەوەش پارتیمان لە مووسڵ دەیەوێ لە رێگەی ئیدارەی مووسڵەوە خزمەتی خەڵكی مووسڵ بكات".
قائید میرۆ