شنگال-KDP.info- مانگی تەمووزی ڕابردوودا ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەنگی لەسەر یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق دا و بڕیاری دا ئاوارەکان لە شوێنی ئاوارەبوونیان دەنگ نەدەن. بەرپرسی هەڵبژاردنەکانی لقی شنگالی پارتی دەڵێت، ئەگەر بەو یاسایە بێت ٨٥%ی شنگالییەکان لە دەنگدان بێبەش دەبن.
سەعید جردۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: "یاساکە هەڵەیەکی گەورەیە و زیان بە تەواوی شنگالییەکان دەگەیەنێت، چونکە تا ئێستا ٨٥%ی خەڵکی شنگال ئاوارەی هەرێمی کوردستانن و لە کەمپەکاندان و ناتوانن لە شوێنی خۆیان دەنگ بدەن."
جردۆ ڕایشیگەیاند: "ئەگەر بەو یاسایە بێت دیسان سیناریۆی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا ڕوو دەداتەوە و ئەمەش پلانێکی دەرەکیی لە پشتە."
دەشڵێت: "هەر زیان بە دەنگدەرانی کەمپەکان نا، بگرە زیان بە دەنگی شنگالییەکانی نێو شنگالیش دەگەیەنێت، چونکە ئەوان لەژێر فشارێکی گەورەدان."
کــاروان بــاعەدری