Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
WED, 24 APR 2024 04:56 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

هاتوچۆ: بێسەروبەری بوونی نییە.. رۆژنامەنووسێك: هاتوچۆ بە ئەركی خۆیان هەڵناستن
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- سەرباری ئەوەی شەقامەكانی نێوشاری هەولێر پان و بەرین و رێكن رۆژنامەنووسێك دەڵێ، پۆلیسی هاتوچۆ بە ئەركی خۆیان هەڵناستن و لە ئاست سەرپێچیی شۆفێراندا چاو دەپۆشن، گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێریش رەتی دەكاتەوە كەمتەرخەم بن و هەندێ لە كێشەكانیش دەخاتە ئەستۆی شارەوانیی هەولێر.

سەرباری ئەوەی شەقامەكانی نێوشاری هەولێر پان و بەرین و رێكن، بەڵام بێسەروبەرییەك لە هاژوشتنی ئوتۆمبێل لە لایەن شۆفێرانەوە دەبیندرێت، سەرباز ساڵحی رۆژنامەنووس، لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، بێزاریی خۆی نەشاردەوە و ئاماژەی بەوەدا، كە پۆلیسی هاتوچۆ لە شاری هەولێر بە ئەركی خۆیان هەڵناستن و بە كەمتەرخەم ناوی بردن، بەو پێیەی گەر گەڕانێكی نێو شارەكە بكەیت، لە هەموو كوچە و كۆڵان و شەقامێكدا سەرپێچی دەبینی، وێڕای بوونی پۆلیسی هاتوچۆش، بەڵام چاوپۆشی دەكەن.

رائید فازڵ حاجی، گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر، لە لێدوانێكیدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، وێڕای رەتكردنەوەی كەمتەرخەمبوونی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر، جەختیش لە بە باشی جێبەجێكردنی ئەركەكانیان دەكاتەوە.

ئەو رۆژنامەنووسە، نموونە بە وەستانی ئوتۆمبێل لە شوێنی نایاسایی دێنێتەوە، كە هەندێ شەقامی شاری هەولێر، سێ ساید، یانیش لە هەردوو بەری شەقامەكە ئوتۆمبێل دەوەستن، یا لای راستی ترافیك دەگرن، یا لە شوێنی پێچكردنەوەی شەقامەكان بۆ سایدی پێچەوانە پێنج پێنج ئوتۆمبێل دەسووڕێنەوە و دەبنە هۆی قەرەباڵغیی شەقامەكە. بەڵام گوتەبێژەكەی پۆلیسی هاتوچۆی هەولێر ئەوەش رەت دەكاتەوە، بەو پێیەی كە پۆلیسی هاتوچۆ لە ترافیكەكاندا داندراون ناهێڵن ئۆتۆمبێل لای راستی ترافیك بگرن.

هاوكات سەرباز بە سەرسوڕمانەوە باسی لە هاوكاریی پۆلیس كرد، كە شۆفێرێك دوو ساید رایدەگرێت لەبری سزادانیان، پۆلیسی هاتوچۆ بۆیان رێك دەخات،  نموونەیشی بە شوێنی ساردەمەنی و خواردنگەكان هێنایەوە، كە شەقامی بەردەمیان سێ ساید ئۆتۆمبێل رادەوەستێ و پۆلیسی هاتوچۆش هیچ كاردانەوەیەكیان نییە، ئەو دیاردەیەشی لە هەولێردا بە بەربڵاو و كەلتوورێكی نەشیاو وێنا كرد، كە دەبێتە هۆی دروستكردنی قەرەباڵغیی شەقامەكان و بە ئاسانی ناتوانی پێیدا تێپەڕی، گوتیشی: "یاسا بە سۆز و ئامۆژگاری جێبەجێ ناكرێ، بەڵكوو دەبێ سزای توند بەرانبەر سەرپێچیكاران هەبێ، كەسێ بازرگانە و شوێنێكی كردووەتەوە و كڕیارانی زۆرن با گەراج دابین بكات، نەك لەسەر حسابی خەڵكی شەقام بگرێت، ئەگەرنا با پۆلیسی هاتوچۆ یاسا جێبەجێ بكات و نەهێڵێ شۆفێر بە نایاسایی بوەستێ، یاسا رەحم و پیاوەتی تێدا نییە، ئەو نموونانەش لەسەر تێكڕای شەقامەكانی هەولێردا بوونی هەیە".

فازڵ حاجی، هۆكاری ئەو قەرەباڵغی و راوەستانی چەند سایدی ئۆتۆمبێل لە بەردەم خواردنگە و ساردەمەنییەكان، بۆ شارەوانیی هەولێر دەگێڕێتەوە، بەو پێیەی ئەوان رێیان داوە لەو شوێنانە ساردەمەنی و خواردنگەكان بكرێنەوە، كە بوونەتە هۆی دروستبوونی قەرەباڵغی، ناوبراو رێكخستنی راوەستانی دوو ساید و سێ سایدی ئوتۆمبێل لە بەردەم ئەو شوێنانە لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆشەوە بە كارێكی باش دەزانێت.

ئەو رۆژنامەنووسە وەكخۆی ئاماژەی پێكرد، سەردانی ٢١ وڵاتی جیهانی كردووە، جەختی لەوە كردەوە لە هیچ كام شارێكی ئەو وڵاتانەدا شەقامی پان و باشی وەك هەولێر بوونی نییە، بەڵام لەبەر ئەوەی لەوێ یاسا جێبەجێ دەكرێ و پۆلیس كەمتەرخەم نییە، ئەو قەرەباڵغی و بێسەروبەرییە نابیندرێ، ئوتۆمبێل لەسەر شەقام دوو ساید، یا سێ ساید، هەروەها لەسەر شۆستە و هەموو شوێنێك وەستاون و بواری هەناسەدانیشیان نەهێشتووەتەوە.

رائید فازڵ جەخت دەكاتەوە، كە لە نێوشاری هەولێردا بێسەروبەری هاتوچۆ بوونی نییە و وەكخۆی گوتی: "خۆ بە قسەی شۆفێرێك و هاووڵاتییەك نییە". ئەو پاساو بەوەش دێنێتەوە، كە تەنیا ژمارەی ئوتۆمبێلی تۆماركراو لە شاری هەولێر، بە قەد تۆماری دانیشتووانی هەردوو پارێزگای دهۆك و سلێمانییە، "هەر هاووڵاتییەكی هەولێر دوو ئۆتۆمبێلی بەر دەكەوێت".

 

خێڵان بەختیار




دوایین هەواڵەکان

سەرۆکی حکوومەت لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕادەسپێرێت

TUESDAY, 23 APRIL 2024 22:04:47

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان داوای تەرخانکردنی دارایی دەکات بۆ دامەزراندنی سێ یەکەمەکانی زانکۆ و پەیمانگاکانی ھەرێمی کوردستان.

 
حزبەکانی کوردستان بۆ KDP: سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا گرنگی پێگەی کوردستان دەردەخات

TUESDAY, 23 APRIL 2024 21:04:02

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسانی باڵای حزبی سۆسیال دیموکرات و بزووتنەوەی ئیسلامی و حزبی زەحمەتکێشان، سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ ھەولێری پایتەختی کوردستان بەگرنگ دەزانن لەم كاته‌دا، ھاوکات پێشیان وایە، دەوڵەتی تورکیا پێگەی ھەرێمی کوردستانی لا گرنگە و دەیەوێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ فراوان بکات لەڕووی دیبلۆماسی و سیاسی و ئابووری.

 
سەرۆكایەتی هەرێم و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان تاوتوێی پرسی هەڵبژاردنیان كرد

TUESDAY, 23 APRIL 2024 20:04:51

ھەولێر-KDP.info- لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و بەرپرسێكی باڵای یۆنامی، تاوتوێی كێشە و بەربەستەكانی بەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و هەروەها كورسی پێكهاتەكان كرا.

 
لە پارێزگای سەلاحەددین کورد دوو پۆستی بەدەستهێنا

TUESDAY, 23 APRIL 2024 18:04:03

سەلاحەددین _KDP.info_ ڕاوێژکاری پارێزگاری سەلاحەددین بۆ کاروباری ئەمنی دەڵێت، ئەمڕۆ ژمارەیەک پۆستی دیکەی پارێزگای سەلاحەددین یەکلاکرانەوە و دوو پۆستی پارێزگاکەش بەر کورد کەوتن، ڕاوێژکاری پارێزگاری سەلاحەدین بەر پارتی دیموکراتی کوردستان و بەڕێوەبەری وەبەرھێنانیش بەر یەکێتی نیشتمانی کەوت.

 
میری ئێزدیان بۆ KDP.info: سەرۆک بارزانی پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئێزدیان دووپات کردەوە

TUESDAY, 23 APRIL 2024 16:04:38

شێخانKDP.info-  میر حازم تەحسین  بەگ میری ئێزدیان لە جیهان ڕایگەیاند، کۆبوونەوەیەکی زۆر بەرهەمدارمان لەگەڵ سەرۆک بارزانی مان ئەنجامدا و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ ئێزدیان دووپات کردەوە.

 



 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact