هه‌ڵه‌بجه- KDP.info - ژماره‌یه‌ك له كه‌سوكاری شه‌هیدانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه زه‌وییان پێ نه‌دراوه، کە 700 خانه‌واده‌ی شه‌هید ده‌بن و 450 خانه‌واده‌یان فه‌رمانی وه‌رگرتنی زه‌وییان له ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران هه‌یه. سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ڵه‌بجه ده‌ڵێ، كێشەیان له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سانه هه‌یه كه زیاتر له 40 ساڵه زه‌وییه‌كانیان به‌ده‌سته‌وه‌یه، له كاتی پێدانی زه‌وی به چینوتوێژهكانی هه‌ڵه‌بجه تووشی گرفتیان ده‌كه‌ن.
لوقمان عه‌بدولقادر، سه‌رۆكی كۆمه‌ڵه‌ی قوربانیانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "تا ئێستا ژماره‌یه‌ك كه‌سوكاری شه‌هیدانی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه، سودمه‌ند نه‌بوون له‌و ئیمتیازانه‌ی حكوومه‌ت و په‌رله‌مان دیاری‌یان كردووه، له پێش 16ی 3ی ئه‌مساڵ له‌گه‌ڵ پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه كۆ بووینه‌وه و پێمان ڕاگه‌یه‌ندرا ئه‌و ڕه‌قه‌می پێدانی زهوییانەی له ساڵانی ڕابردوو به به‌شێك له كه‌سوكاری شه‌هیدان دراون هیچ بنه‌مایه‌كی یاسایی‌یان نییه، ئه‌و زه‌وییانه دراون به كه‌سوكاری شه‌هیدان، دراونه‌ته‌وه به دوو بۆ سێ كه‌سی تر، بۆیه ئێستا ئه‌و زه‌وییانه جارێكی تر بۆ كه‌سوكاری شه‌هیدان له‌سه‌ر نه‌خشه دیاری كراون، به‌شێك له كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ر بوون."
لوقمان عه‌بدولقادر گوتیشی: "له دواترین قسه‌مان له‌گه‌ڵ جێگری پارێزگاری هه‌ڵه‌بجه‌دا به‌ڵێن دراوه به زووترین كات ده‌ست بكرێت به دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر كه‌سوكاری شه‌هیدانی كیمابارانی هه‌ڵه‌بجەدا، ئێستا 450 كه‌سوكاری شه‌هید، فه‌رمانی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانیان هه‌یه و 250 كه‌سوكاری تری شه‌هیدیشمان هه‌یه تا ئێستا فه‌رمانی وه‌رگرتنی زه‌وییان نییه."
كوێستان ئه‌كره‌م، سه‌رۆكی شاره‌وانیی هه‌ڵه‌بجه، به ماڵپه‌ڕی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "له ماوه‌ی چوارساڵی سه‌رۆكایه‌تیی شاره‌وانیی هه‌ڵه‌بجه‌دا هیچ زهوییهكمان نه‌بووه ئیفراسكراو بووبێت بۆ ئه‌وه‌ی بتوانین ئه‌و كه‌سانه‌ی فه‌رمانی وه‌رگرتنی زه‌وییان هه‌یه زه‌وییان پێ بده‌ین، به‌ڵام ئێستا زه‌ویمان بۆ ئیفراس كراوه، ئه‌و زه‌وییانه كشتوكاڵین ده‌ست به سه‌رهه‌ڵگرتنیان بۆ ده‌كه‌ین، سووڕه‌ت قەیدی كه‌وتووه‌ته سه‌ر شاره‌وانیمان، كێشه‌ی چۆنییه‌تیی قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئەو كه‌سانه‌مان هه‌یه كه زه‌وییه‌كانیان به‌ده‌سته‌وه بووه، كه زۆربه‌یان زیاتر له 40 ساڵه ئه‌و زه‌وییانه‌یان به‌ده‌سته‌وه بووه و، له ڕووی یاسایییه‌وه هیچ مافێكی قه‌ره‌بوویان نییه، به‌ڵام بڕیارێكی تایبه‌ت هه‌یه، له هه‌ر دوو دۆنم زه‌وی یەك پارچه زه‌وییان پێ بدرێت، به‌ڵام زۆربه‌ی ئه‌و كه‌سانه ناڕازین، ئێستا خه‌ریكی چاره‌سه‌ری ئه‌و گرفته‌ین، تاوه‌كو ئه‌و گرفته چاره‌سه‌ر نه‌كرێت، ناتوانین زه‌وی به‌سه‌ر كه‌سدا دابه‌ش بكه‌ین، نامانه‌وێت له كاتی دابه‌شكردنی زه‌ویدا كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی بۆ ئه‌وكه‌سانه بنێینەوە كه زه‌وییه‌كه وه‌رده‌گرن".
كوێستان ئه‌كره‌م ده‌ڵێ: "له ڕابردوودا زه‌وی دراوه به‌و كه‌سانه‌ی فه‌رمانی وه‌رگرتنی زه‌وییان هه‌یه، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ی خاوهنمڵك بووه نه‌یهێشتووه، ئه‌و پارچه‌زه‌وییه بكاته یه‌كه‌ی نیشته‌جێبوون، ئێستا چه‌ند كێشه‌یه‌كی وامان هه‌یه، زه‌وی دراوه به هاووڵاتیان، به‌ڵام ئه‌و كه‌سه‌ی خاوهنمڵك بووه له ڕابردوو قه‌ره‌بووش كراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ڕێگه به كردنه‌وه‌ی خانوو له‌سه‌ر ئه‌و زه‌وییانه نادات و كێشه پەیدا بووه".
ئه‌كره‌م گوتیشی: "كێشه‌ی مڵكداری زه‌وییه‌كان بووه‌ته هۆكاری دابه‌شكردنی زه‌وی به‌سه‌ر كه‌سوكاری شه‌هیدانی كیمیاباراندا. زه‌وییه‌كانیش ده‌كه‌ونه كه‌رتی 24ی جه‌لیله".
عه‌زیز هه‌ورامی