سلێمانی-KDP.info- حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕی 10 ملیۆن دۆلاری بۆ نۆژەنكردنەوەی ڕێگاوبانەكانی دەرەوەی شاری سلێمانی دابین كردووە و، پارەكەش دەخرێتە سەر حیسابی وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن.
زیاد كاكە ڕەزا، سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: "بە بڕیاری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، بڕی 10 ملیۆن دۆلار دراوە بە وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردنی حكوومەتی هەرێم بە مەبەستی نۆژەنكردنەوەی ڕێگاوبانەكانی دەرەوەی شاری سلێمانی".
بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی تیرۆرستانی داعش و بڕینی بودجەی هەرێم لەلایەن بەغداوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان ماوەی چوار ساڵە نەیتوانیوە پڕۆژەی ڕێگاوبانەكان جێبەجێ بكات، بەڵام پاش نەمانی قەیرانی دارایی و شەڕی تیرۆرستانی داعش، حكوومەت بڕیاری دەستپێكردنەوەی پڕۆژە ستراتیژییەكانی دایەوە.
كاكە ڕەزا گوتیشی: "ڕێگاوبانەكانی دەرەوە و ناوەوەی شاری سلێمانی تێك چوون و پێویستیان بە نۆژەنكردنەوە هەیە، بۆیە دابینكردنی بڕی 10 ملیۆن دۆلار لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ نۆژەنكردنەوە و چاككردنەوەی ڕێگاوبانەكانی سلێمانی، هەنگاوێكی ئەرێنی و جێگای دەستخۆشییە و بەو پارەیەش دەتواندرێت ڕێگاوبانەكانی سلێمانی نۆژەن بكرێنەوە، چونكە بڕەپارەیەكی زۆرە".
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی ڕوونیشی كردەوە: "وەك ئەنجوومەنی پارێزگا و فڕاكسیۆنی پارتی، بە وردی چاودێریی جێبەجێكردنی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی ڕێگاوبانەكانی سلێمانی دەكەین".
عەزیز هەورامی