ڕۆژئاوای کوردستان -KDP.info- ھەوڵەکانی ئەمەریکا و ھاوپەیمانان نزیکن لە ڕاگەیاندنی ناوچەی ئارام بۆ سووریا و شارەزایەکی کاروباری سووریاش دەڵێ، ناوچەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت و ھێزە میانڕەوەکانی کورد لە پەیەدە جیا دەکرێنەوە و ئاوارەکانیش دەگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
دکتۆر کاوە ئازیزی، شارەزای کاروباری سووریا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "چەند ڕۆژێکە جێیمز جێفری، نوێنەری ئەمەریکا لە تورکیا و ڕۆژئاوای کوردستان خەریکی ئامادەکارییە بۆ ڕاگەیاندنی ناوچەی ئارام لە سووریا و شاندێکی وەزارەتی بەرگریی تورکیاش سەردانی ئەمەریکایان کردووە، بەڵام کاتی ڕاگەیاندنی ناوچەی ئارام دیاری نەکراوە، چونکە ڕووسیا و ئەمەریکا و ئیسرایلیش ڕێک کەوتوون لەسەر ئەو پرسە."
دەربارەی چۆنیەتیی دروستکردنی ناوچەی ئارام، ئەو شارەزایەی سووریا دەڵێت: "ناوچەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، لە کۆبانێ تا سێمالکا دەبێت، بەڵام ئەمەریکا پلانی ئەوەیە ھێزە کوردە میانڕەوەکان لەو ناوچەیە جێگیر بکرێن و ڕێگە نەدەن قەسەدە و پەیەدە لە ناوچەی ئارام ھەبن، لەبەر ئەوەی دەبنە کێشە بۆ ناوچەی ئارام."
دکتۆر کاوە ئازیزی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لەگەڵ ڕاگەیاندنی ناوچەی ئارام ھەموو ھێزەکانی کوردی نێو ئەنجومەنی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە) دەگەڕێنەوە ڕۆژئاوای کوردستان و نیو ملیۆن ئاوارەی کوردیش لە تورکیا و ھەرێمی کوردستانەوە دەگەڕێنەوە ڕۆژئاوای کوردستان و پارێزگارییان لێ دەکرێت. مەبەست لە دروستکردنی ناوچەی ئارام لە لایەن ئەمەریکاوە دوو خاڵی گرنگی تێدایە، یەکەم ئەوەی کە کوردەکان لە دەست پەیەدە و ڕێکخراوەکانی دیکە پارێزراو بن و بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، دووەمیش ئەوەی کە ئەمەریکا دەیەوێ تورکیا لەوە دڵنیابێت کە ڕۆژھەڵاتی فورات مەترسی نییە بۆ سەر تورکیا."
قائید میرۆ