هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەكانی وەزارەتی پلاندانان، ئاماژه به به‌رزبوونه‌وه‌ی دۆخی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان ده‌كات و ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئابووریی کوردستان نزیکه‌ی له سه‌دا ٥% گه‌شه ده‌كات.
هەنگاوەکانی ئاسایکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، هه‌روه‌ها كۆتاییهاتنی شه‌ڕی داعش و هەوڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه سیاسییه‌كان، لە هۆکارە گرنگەکانن بۆ بووژانه‌وه‌ی ئابووریی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌كان وا پێشان ده‌ده‌ن کە كوردستان بەرەو جووڵه‌یه‌كی به‌رفراوان بۆ گه‌شه‌پێدانی ئابووری هەنگاو دەنێت.
له لێدوانێكدا، زاگرۆس فه‌تاح، بەڕێوەبەری گشتیی پڕۆژەكانی وەزارەتی پلاندانان، ئاماژه به بووژانه‌وه‌ى ئابووریی كوردستان بۆ ماڵپه‌ڕى فه‌رمیى پارتى دیمو‌كراتى كوردستان ده‌كات و دەڵێت: "بە ئاساییبوونه‌وه‌ی دۆخی ئابووری، چاوەڕوان دەکرێت ئابووریی کوردستان نزیکه‌ی له سه‌دا پێنج گه‌شه بکات، چونكه ئەو بڕە پارانەی کە بۆ پرۆژەکان ته‌رخان ده‌كرێن و، له هه‌مان كاتدا دەرفەتی کارکردنیش بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد ده‌كات."
به گوته‌ی ناوبراو، گه‌شه‌ی ئابووریی كوردستان تا پێش قه‌یرانی دارایی له سه‌دا ٦% زیاتر بوو، هەروەها بەستنی ژمارەیەک گرێبەست لە پێشانگای نێودەوڵەتیی ئەو چەند مانگەی ڕابردوودا ئاماژەیە بۆ چالاکبوونەوەی ئابووریی كوردستان.
لە ساڵی ٢٠١٤ بۆ ساڵی ٢٠١٨، هەرێمی کوردستان دووچاری قەیرانێکی سەختی دارایی بووەوە، مووچەی فەرمانبەران نەدرا، پاشان پاشەکەوتی مووچە دروست بوو، قەرزێکی زۆر کەوتە سەر حکوومەت، زیاتر لە سێ هەزار پڕۆژە ڕاگیران.
خۆشبه‌ختانه ڕایده‌گه‌یه‌نێت، لە ساڵی ڕابردوو بەدوواوە، خەریکە کوردستان ئەو دۆخە تێدەپەڕێنێت و ئومێدێکیش دروست بووە، ئه‌م كابینه‌یه دۆخەکە باشتر بکات.
ده‌ستپێكردنه‌وه‌ی پرۆژه‌كان
زاگرۆس فه‌تاح به ئاماژه‌دان به ئاماده‌ییی وه‌زاره‌تی پلاندانان بۆ جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كان ده‌ڵێت، هه‌ندێ به‌ڵێنده‌ر، سه‌ره‌ڕای قه‌یرانی دارایی، زیاتر له ٣٠٠ پرۆژه‌یان ته‌واو كردووه، كه ٥٠ پرۆژه به شێوه‌ی قه‌رز جێبه‌جێ كراون، گرنگترینیان پرۆژه‌ی ١٢٠ مەتریی هه‌ولێر بووه.
له‌م بارەیەوه ده‌شڵێ، به‌ر له قه‌یرانی دارایی، زیاتر له ٣ هه‌زار و ٥٠٠ پرۆژه به به‌های ٤ ملیار دۆلار له جێبه‌جێكردندا بوون، ئێستا وەزارەتی پلاندانان ئامادەکاریی کردووە بۆ ته‌واوكردنی ئەو پرۆژانە له زووترین كاتدا.
بەڕێوەبەری گشتیی پلانی پرۆژەکانی وه‌زاره‌تى پلاندانان، ئاشكرایشى كرد، له پلانیاندایه ٣٠ پڕۆژه‌ی گه‌وره‌ی ستراتیژی له كه‌رته‌كانی کارەبا، ڕێگاوبان، ئاو و ئاوەڕۆ، دروستکردنی بەنداو و سێکتەری نەوتدا جێبه‌جێ بكه‌ن.
هه‌ڵكه‌وت محه‌مه‌د